Accessibility links

شەپۆلی ناڕەزاییەکانی عێراق


ئەگەرچی داواکانی خۆپیشاندەرانی عێراقی بە ڕەوا دادەنرێن بەڵام نکوڵیش ناکرێت لەوەی دەستی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ خۆیان خزاندۆتە ناو ئەو شەپۆلی ناڕزاییەی زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی عێراقی گرتۆتەوە.

عەبدولوەهاب ئەلسەعداوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، نابێت ڕێگەبدرێت عێراق وێران بکرێت بەهۆی یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆیی و دەرەکیەکانیشەوە.

عەبدولوەهاب ئەلسەعداوی
عەبدولوەهاب ئەلسەعداوی

بەڕێز ئەلسەعداوی دەڵێت "تا ئێستا (تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە) هیچ لایەنێک بە ئاشکرایی دیار نییە تا بتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. زۆر لایەن هەن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەییش لە هەوڵی وروژاندنی زیاتری ڕەوشەکەدان لەناو عێراقدا."

قوتەیبە ئەلجبوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق هاوڕایە و دەڵێت جەمسەرێکی ئەمریکایی هەیە لە عێراقدا کە نوێنەرایەتی سیاسەت و ڕێبازەکانی ئەمریکا دەکات لەناو عێراقدا و هەروەها جەمسەری ئێرانیش هەیە کە ڕۆچۆتە ناو تەواوی جومگەکانی دەوڵەتی عێراقەوە، وە ململانێی ئەم دوو جەمسەرە لەناو عێراقدا بە هەموو وردەکاریەکانیەوە ڕەنگی داوەتەوە.

قوتەیبە ئەلجبوری
قوتەیبە ئەلجبوری

بەڕێز ئەلجبوری دەڵێت "حکومەتی ئێستای عێراق نەیتوانیوە لەو ململانێیەی ئەمریکا و ئێراندا لە ناوخۆی وڵاتەکەدا هاوسەنگ بێت و نەشیتوانیوە عێراق دوور بخاتەوە لە هەموو ئاڕاستەکانی دەستێوەردانی دەرەکی."

پێشتر لە ڕاگەیاندنێکدا بۆ ڕای گشتی، موقتەدا ئەلسەدر، داوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری عێراقی کرد.

قوتەیبە ئەلجبوری دەڵێت وەڵامەکەی ڕۆژی سێشەممەی سەرەک وەزیر بۆ موقتەدا، بەڵگەیەکی کۆنکریتی جیاوازی و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو ماڵی شیعەیە لە عێراقدا.

لەو وەڵامەیدا بۆ موقتەدا ئەلسەدر، دکتۆر عادل عەبدولمەهدی دەنوسێت "هەر تەنها چوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەرلەمان بەس نییە تا هەڵبژاردنی پێشوەخت ڕابگەیەندرێت"

سەرەک وەزیری عێراق لە درێژەی نامەکەیدا وەهای نوسیوە "ئەگەر ئامانج لە هەڵبژاردن گۆڕینی حکومەتە، ئەوا ڕێگەیەکی زۆر کورت تر هەیە و ئەویش ڕێککەوتنی بەڕێزت و بەڕێز عامرییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەو کاتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت و حکومەتی نوێ لە چەند ڕۆژێکدا و بگرە لە چەند کاتژمێرێکدا ئەرکی خۆی وەربگرێت."

بەپێی ڕای ئەم دوو پەرلەمانتارەی عێراق، بەرنامە و پلانەکانی حکومەت بۆ چاکسازی و کارکردنی ڕژد لەسەریان، شیانێکی زۆری هەیە هێوربوونەوەی شەقامی عێراقی بە دووادابێت، کە خۆپیشاندەران دەخوازن گەندەڵی بنەبڕ بکرێت و گەندەڵکارانیش دادگایی بکرێن و هەروەهاش بێبەش نەکرێن لە خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ عەبدولوەهاب ئەلسەعداوی و هەروەهاش قوتەیبە ئەلجبوری، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:24 0:00

XS
SM
MD
LG