کێشمەکێش و ململانێى نێوان خۆپیشاندەران و حکومەتى عێراق بەردەوامە، خۆپیشاندەران ئامادەى دەستبەرداربوونى خواستەکانیان نابن،حکومەتیش خۆ هەڵوەشاندنەوە ڕەتدەکاتەوە.
خۆپیشاندەرانى عێراق سورن لەسەر داواکاریەکانیان و ئامادە نین گۆڕەپانى خۆپیشاندانەکان بەجێبهێڵن، حکومەتى عێراقیش دەیەوێت لە رێگەى ئەنجامدانى کۆمەڵێک گۆڕانکاری، خۆپیشاندەران ڕازى بکات و دۆخەکە هێور بکاتەوە.
دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەدارى کورد،پێیوایە حکومەتى عێراق ناتوانێت بەردەوام بێت، چونکە کێشەکانى چارەسەر نەکردووە و متمانەى لەدەستداوە، دەڵێت"سەدان کەس کوژراون و هەزارانیش برینداربوون، پاش ئەم هەموو کوشتارە، حکومەت چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت."
دەشڵێت"عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران و فەرماندەى هێزە چەکدارەکانە، ئەو هەموو کوشت و بڕە بەسەر ئەودا شکاوەتەوە."
داواکارى سەرەکى خۆپیشاندەران، هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت و گۆڕانکاریە لە یاسا و دەستورى عێراق دا، لەکاتێکدا حکومەت ئامادەى خۆ هەڵوەشاندنەوە نیە و ئامادەکارى بۆ گۆڕینى بەشێکى زۆر لە وەزیرەکانى دەکات.
هاوژین عومەر راوێژکار لە سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"خۆپیشاندەران و حکومەت هیچکامیان مل بۆ ئەویتریان نادات، خۆپیشاندەران داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت دەکەن و ناچنەوە ماڵ، حکومەتیش خۆ هەڵوەشاندنەوە ڕەتدەکاتەوە."
وتیشى"نازانرێت ئەم ململانێیە لە کوێوە سەردەر دەهێنێت."
خۆپیشاندەران کە تا ڕادەیەک مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراق پشتگیرى خواستەکانیان دەکات، دروشم دژى دەستوەردانى دەرەکى و حیزب و تایەفەرگەریش دەڵێنەوە.
حیزبە عێراقیەکانیش لە دۆخێکى خراپدان، لەلایەک پێگەى جەماوەریان لەدەستداوە و لەلاکەى تریش پشتگیرى حکومەت دەکەن، لەکاتێکدا گەر حکومەت بەسەرکەوتوویى لەم قەیرانە دەربازى ببێت، ئەوا لە گرتنەبەرى رێوشوێنەکانى "چاکسازیدا" زەرەرمەندى سەرەکى ئەوان دەبن.
ئازاد حەمید کاندیدى پێشوو لە کوتلەى سەدرى، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"خۆپیشاندەرانى عێراق دژى میلیشیاکانن، میلیشیاکانیش بژێویان لەسەر مەزهەبگەریە."
وتیشى"بۆیە ئاراستەى خیتابى خۆپیشاندەران گۆڕاوە بۆ دژى حیزب و میلیشیاو مەزهەبگەریش."
لاوازبوونى مەزهەبگەرى و پێگەى حیزبە سیاسیەکان لەنێو شەقامى عێراقیدا ڕوونە، ئەوەى ناڕوونە چارەنوسى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراقە، بەوەى ئەم قەیرانە حکومەتەکەى شکست پێدێنێت، یاخود بەسەرکەوتوویى لێیدەردەچێت.