هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان، شەپۆلی ناڕەزاییش کۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتەوە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 وە، سەدان خۆپیشاندان لە ئێراندا ڕوویانداوە بەهۆی خراپی بژێوی ژیان هاوکاتی هەروادێ و خراپتربوونی باری ئابوری وڵاتەکە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تری خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین، ڕەوشی سیاسی وڵاتەکەیە کە فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە سەرکوتکردنی گەلانی ئێران.
ئێستا یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە، ئایا ئەم شەپۆلی ناڕەزاییانە مەترسی دروست دەکات لەسەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران؟
سکرتێری کۆمەڵە – سازمانی کوردستان دەڵێت یەکێک لە تایبەتمەندێتییەکانی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییە ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامی چۆتە بارێکی زۆر هەستیارەوە و دەسەڵاتی ئێرانیش دەزانێت هەر خۆپیشاندانێک لە وڵاتەکەدا بکرێت مەترسییە بۆ سەر مانەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئیبراهیمی عەلیزادە، دەڵێت سزاکانی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر ئێران کاریگەری خۆیان هەبووە و ئێستا دەکرێت بگوترێت ڕژێمی ئێران داهاتی نەوتی نەماوە و بودجەی ئێران لە ڕێی نەوتەوە دابین دەبێت و ئەویش نزیک بۆتەوە لە سفر، بەڵام دەشڵێت هەر بە تەنها سزاکان فاکتەر نین بۆ شەپۆلی ناڕەزاییەکان، چونکە پێشتر نەوتیش دەفرۆشرا و خەڵکیش خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕینی دەکرد.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، سەبارەت بەوەی ئایا ئێران تا چەندێکی تر دەتوانێت بەم شێوەیەی ئێستای درێژە بە تەمەنی خۆی بدات؟ بەڕێز عەلیزادە دەڵێت پێی وایە ئەو دەرفەتانە بۆ ڕژێمی ئێران زۆر کەمبوونەتەوە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: