Accessibility links

کوژرانی 7 کورد و برینداربوونی زیاتر لە 50 ی تر لە نارەزایەتیەکانی بەغدا


تا ئێستا حەوت کوردی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی بەغدا کوژراون و ژمارەیەک گەنجی تریش بریندارن، کە تەواوی کوردە کوژراو و بریندارەکان دانیشتووی شاری بەغدان.

بەپێی بەدوواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، جگە لەو حەوت کوردە کوژراوە کە لە 6 کوڕ و کچێک پێکهاتوون، زیاتر لە 50 خۆپیشاندەری تری کورد لە بەغدا برینداربوون.

شوان محەمەد بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەرجەم پێکهاتەکانی بەغدا بەشدارن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا، کوردەکانیش وەکو هەر پێکهاتەیەک بەشدارن و تا ئێستا 7 قوربانیان داوە."

لەو 7 کوردەی لە خۆپیشاندانەکانی بەغداد دا کوژراون، یەکێکیان خەڵکی قەزای خانەقینی پارێزگای دیالەیە، ئەوانیتریان لە بنەڕەتدا خەڵکی ناحیەکانی مەندەلی و قازانیە و بەدرەو جەسانن، بەڵام لە ئێستادا لەبەغدا نیشتەجێن.

لەنێو کوژراوەکاندا، یەکێکیان کچێکە بەناوی (زەهرا) کە دوای رفاندنی، تەرمەکەی بەکوژراوی دۆزرایەوە، یەکێکی تریشیان بەناوی (عەبدولسەلام) بە برینداری لەلایەن گروپیک چەکدارەوە گولە بارانکراوە.

ئازاد حەمید شەفی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلی، کە ژمارەیەک لە کوردە قوربانیەکانی بەغدا کەس و کارین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"جگە لەو 7 کوژراوە، سەرووی 50 کوردی تریش برینداربوون."

وتیشی"کوردەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی تری بەغداد دا خاوەنی هەستێکی هاوبەشن، بۆیە لە یەکەم رۆژەوە بەشدارن لە نارەزایەتیەکاندا."

بە پێی ئامارە نافەرمیەکان، نزیکەی نیو ملیۆن کوردی فەیلی و کەڵهوری و قەرەڵوسی نیشتەجێی شاری بەغدای پایتەختی عێراقن، کە زۆرینەیان بە مەزهەب شیعەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:51 0:00


XS
SM
MD
LG