شیعر ئەو ژانرە فەرهەنگیەیە کە هەمیشە و لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا دەخوازێت هەست و نەست و بیرۆکەکان بخاتە بەردەست خوێنەران و بیسەرانی.
یەکێک لە تایبەتمەندیە بەرزەکانی شیعر فڕینیەتی لەناو ڕووبەرێکی بەربڵاوی واڵاییدا، فڕینێک کە لێوانلێوە لە ئیستاتیکا و پڕە لە ئاوازی نەرم و قەڵایە لەو وێنانەی هەمیشە دەبنە هاوەڵی سەرسامیمان.
دڵێک دەبێ
چەندجار بەرگەی
لەتبوون بگرێ؟
پرسیارەکان هەمیشە بەشێکی دانەبڕاون لە وێنە شیعرییەکان، هەر بۆیەشە لای خوێنەری ڕژد دۆزینەوەی پرسیارەکان و گەڕان بە دوای وەڵامەکاندا گرنگە و دەیانخاتە ساتەوەختی ڕامان و وردبوونەوە و دۆزینەوەی پرسیاری نوێوە؛ پرسیار لە ژیان و لە کۆمەڵگە و لە دەوروبەر و پرسیار لە پەنهانەکانی کۆڵەکەی بوونن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە شیعر کارکردنە لەسەر ڕۆشنبیری، لە هەمان کاتیشدا ئەرکێکی هەرە سەرەکی ئەم ژانرە فەرهەنگیەمان بەرهەمهێنانی مانایە وەک هێزێکی هزریانەی تێگەیشتن لە بەها گەورەکانی مرۆڤایەتی، لە بەهاکانی بوونمان و هەروەهاش قاڵ بوونەوە لەناو خودی خۆماندا.
چتان داوە لە لووتکە و شاخ؟
شاخ ... ساڵەهایە ... قۆنتەراتی بێدەنگییە!
لە نێو تۆزی دەشتاییەک، ئێوارانی پێش لە خەوتن،
پیاسە دەکا و
خەون بە لووتکەوە دەبینێ!
لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەشێت دەیان شاعیر هەن بە بێدەنگی دەنوسن و بێدەنگ دەقەکانیان بڵاودەکەنەوە و هێدی هێدی هەنگاو دەنێن ، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کە خوێندنەوەیەکی زۆر کەم بۆ تێکستەکانیان دەکرێت بە باش و خراپەوە.
ئەم جۆرە خوێندنەوانە هەروەک چۆن بۆ دەق گرنگن، ئاوەهاش بۆ پەرەسەندن و تێگەیشتن لە قۆناغەکانی شیعر گرنگن. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە فەرهەنگییەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست پەردە لەسەر ڕوئیا شیعرییەکان و پڕۆژە شیعرییەکان هەڵبدەنەوە.
نکوڵی ناکرێت لەوەی بوونی ڕەخنە نیشانەی دیاردەی شارستانی و ڕۆشنبیری و ڕوناکبیریشە، چونکە لە ژانرە فەرهەنگیەکاندا بەبێ بوونی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە بابەتیەکان ناتوانرێت ئاستی داهێنان و نوێگەرایی و تەنانەت ڕەسەنایەتیش ببینرێت.
فێر بووم تەنیا ... باوەڕ... بە تەنیایی بێنم... سۆزدارترین هاوڕێی بێ فیز
گەر کۆچیش کەم، هەر لەگەڵ ئەو، بە باڵی "با" ، پێکەوە بۆ دەریا بفڕین....
هێندە کڕووزاینەوە ... لە بەر قاپی درۆی "سیاسەت"، واخەریکە، ئێمەش دەبین بە "قوتابی" و
مامۆستای مناڵانی دادێی وڵات ... چ خەمگینە ... کۆتایی ئەم چیرۆکە دووپاتەیەمان!
ئاکۆ ئەلیاسی، شاعیر دەمێکە دەنوسێت، پێشمەرگەیەکی دێرینی نیشتمانە پارچە پارچە کراوەکەیەتی. ئیلیاسی پێشمەرگەیە بۆ ژیان و شاعیریشە بۆ جوانییەکانی ژیان، پێشمەرگەیە وەک هێزی مان و نەمان، شاعیریشە وەک دەنگێک بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کورد بوون.
کاتێک دەقێکی شیعری ئاکۆ ئەلیاسی دەخوێنمەوە، نامبات بەو ئاڕاستەیەی بزانم کەی ئەو شیعرە یان ئەو وێنە شیعرییەی نوسیوە، چونکە دەستبەجێ ئەو هەستەت لا دروست دەبێت (ئەمە لە زۆرێک لە شیعرەکانیدا) کە ئەو تێکستە ئەوڕۆ و بۆ ئەمڕۆش نوسراوە.
ئەلیاسی شاعیر، جوگرافیاکان دەسڕێتەوە و لە هەر شوێنێکی ئەم گۆی زەویەدابێت بەگژ ستەمەکاندا دەچێتەوە و لە هەر شوێنێک مرۆڤ ئازار بدرێت ئەوا ئەم شاعیرەمان دەنگی بەرزی خۆی بۆ هەڵدەبڕێت.
ئایا لەگەڵ هەموو پەرەسەندنەکانی شیعر لە کۆمەڵگەی کوردیدا، دەتوانین بڵێین شیعری بەرگری بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات؟
کاتێک دەگوترێت کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کۆمەڵگەیەکی سۆزدارن، ئایا شیعریش هەر لە سۆزەوە سەرچاوە دەگرێت؟
بۆچی ڕەخنەی کوردی بە کەمتەرخەم ناودێر دەکرێت لە بەرامبەر دەقی کوردیدا؟
ئاکۆ ئەلیاسی، شاعیر لە بەرنامەی "ژیان لە فەرهەنگدا" وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: