Accessibility links

ململانێی شەقام و کوتلە سیاسیەکان دۆخی عێراقی بەرەو "چەق بەستن"بردووە


بەشێک لە کوتلە سیاسیەکانی عێراق دەیانەوێت کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرن، لەکاتێکدا خەڵکی عێراق دژی کوتلە پەرلەمانیە گەورەکان ڕژاوەتە سەر شەقام، ئەمەش وایکردووە دۆخەکە ڕوو لە "چەق بەستن"بکات.

خەڵکی "ڕاپەڕیوی" عێراق، جگە لە ڕاسپاردنی کەسەتیەکی سەربەخۆ و بێ لایەن بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، هەموو ڕێوشوێنەکانی تر ڕەتدەکاتەوە، لەکاتێکدا کوتلە شیعیەکان نایانەوێت دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیران بن.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێوایە تاکە چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای عێراق، ڕاسپاردنی کەسایەتیەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت کە جێی ڕەزامەندی هەمووان بێت.

هۆشیار عەبدوڵا، وتی"شەقام لەدژی کوتلە گەورەکان ڕاپەڕیووە، بۆیە گەڕانەوە بۆ کوتلەی گەورە چارەسەر نیەو دۆخەکە بەرەو چەق بەستویی زیاتر دەبات."

سەرۆکایەتیەکانی عێراق و ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەژێر فشاری نێوخۆیی و دەرەکیدان، بۆیە هەوڵی دوورخستنەوەی بەرپرسیارێتی لەخۆیان دەدەن و تۆپەکە هەڵدەدەنە گۆڕەپانی یەکتری، بەشێوەیەک تائێستا سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، چەندین نوسراویان ئاراستەی یەکتری کردووە.

لەکاتێکدا ئەمڕۆ سێشەمە، ڕاگەیەنرا، گوایە سەرۆکایەتی پەرلەمان نوسراوی ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار کردووە و کوتلەی "بونیاد" ی بەگەورەترین کوتلە ناوبردووە، بەڵام ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەوەیان ڕەتکردەوە.

فشاری شەقامی عێراقی دابەشبوونێکی گەورەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دروستکردووە، بەشێوەیەک لایەنە شیعیەکانی کردووەتە دوو بەرە، بەرەیەکیان پشتگیری شەقام و ڕای مەرجەعیەت دەکەن، بەڵام بەرەکەی تریان بە پاڵپشتی ئێران، نایانەوێت دەسەڵات لەدەست بدەن.

هۆشیار عەبدوڵا، ئاماژەبەوەدەکات لە بری وەڵام و وەڵامکاری بۆ دیاریکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، دەبوو سەرۆک کۆمار داوای واژۆی زیندووی پەرلەمانتارانی کردبا و مەسەلەکەی یەکلایی بکردایەتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق کە بەپێی دەستورئەرکی ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی لە ئەستۆدایە، لە ژێر فشارێکی گەورەدایە، لەلایەک شەقام بە پاڵپشتی مەرجەعیەت و هەندێک کوتلەی شیعی داوای ڕاسپاردنی کەسێکی بێ لایەنی لێدەکات، لەلاکەی تریش کوتلە گەورە خاوەن هێزەکەی شیعە بە پاڵپشتی ئێران دەیەوێت ناچاری بکات بەڕاسپاردنی کاندیدی ئەوان.

فشارەکان دۆخی عێراقیان بردووەتە بەردەم چەندین ئەگەر، لەوانە مانەوەی عادل عەبدولمەهدی تا کاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت، یان دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار، یاخود کاندیدکردنی کەسێک و ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکە.

دکتۆر شۆڕش حەسەن مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت، تاکە چارەسەری دۆخەکەیە."

وتیشی"شەقام ڕاپەڕیووە و چارەسەرە دەستوریەکان ڕەتدەکاتەوە، بۆیە ڕێوشوێنی دەستوری چارەسەر نیە بۆ دۆخی عێراق."

شەقامی عێراقی فشارەکانی بۆ دوورخستنەوەی توێژی سیاسی عێراقە، کە پێیانوایە ئەوان بەرپرسن لە خراپی دۆخی وڵات، لەکاتێکدا چینی دەسەڵاتداری ئێستای عێراق لەهەوڵدایە تا بەکەمترین زیان ئەم دۆخە تێپەڕێنێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:24 0:00


XS
SM
MD
LG