Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق


"ئەنجومەنی باڵای میدیا" ئەو پڕۆژەیەیە وەک دەگوترێت ژمارەیەک کەسی ئەکادیمی دایانڕشتووە بە مەبەستی ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

کەم نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان میدیا لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕەوشێكی بێسەروبەریی و پەڕتەوازەییدایە و پێویستی بە کارکردنێکی زۆرە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی لە ڕووی یاسایی و ڕێکخراوەییەوە.\

مەم بورهان قانع
مەم بورهان قانع

لەمڕۆدا دابەشبوونێکی سەیر و سەمەرە هەیە بۆ میدیا لە هەرێمەکەدا، میدیای لایەنە سیاسییەکان، میدیای سێبەری حزبەکان و میدیای تاکە کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو حزب، هەروەهاش میدیایەکی تریش هەیە بە میدیای ئەهلی یان سەربەخۆ ناودێر دەکرێت، هەرچەندە هێشتاش هاوڕاییەکی گشتی نییە لەسەر ئەو میدیا ئەهلییە سەبارەت بەوەی چەندێک وەک میدیایەکی سەربەخۆ، پڕۆفێشناڵانە کاری خۆی دەکات!

میوانەکانی بەرنامە:

مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

دکتۆر ئیبراهیم سەعید، پسپۆڕی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی

میدیای لایەنە سیاسییەکان و ئەوجاش میدیای تاکە کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو حزبەکان و بەدواشیدا میدیا سێبەرەکان بوونەتە میدیای باڵادەست لە هەرێمدا، لەناویشیاندا میدیا سێبەرەکان کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لە چەواشەکردنی ڕای گشتیدا لە پێناو ئەو لایەنە سیاسیانەی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەکەن و بودجەی زەبەلاحیان بۆ تەرخان دەکەن، تا ئەوەی خۆیان نایانەوێت لە ڕێی میدیا فەرمییەکانی خۆیانەوە بیڵێن بەو میدیا سێبەرانەی بڵێن و خۆشیان دوور بخەنەوە لە هەموو لێپێچینەوەیەکی یاسایی، ئەڵبەت ئەگەر لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت.

دکتۆر ئیبراهیم سەعید
دکتۆر ئیبراهیم سەعید

باسکردنی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی باڵای میدیا، لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان بێ لە سەندیکای ڕۆژنامەوانانی هەرێم ژمارەیەک نێوەندی تریش هەن وەک خۆیان دەڵێن داکۆکی لە مافەکانی ڕۆژنامەوانان و ئازادییەکانی ڕاگەیاندن دەکەن.

ئەوانەی داکۆکی لە پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای میدیا دەکەن دەڵێن ئەم ئەنجومەنە لە ژمارەیەک خەڵکی سەربەخۆ پێکدێت و کار بۆ باشترکردنی ڕەوشی ڕۆژنامەوانی دەکەن لە هەرێمدا و هەوڵ دەدەن لە بواری ڕۆژنامەوانیدا کار بە ئیتیکە ڕۆژنامەوانییەکان بکرێت بە ئامانجی پاراستنی پیشەیی بوونی کاری ڕۆژنامەوانی و پاراستنی ڕۆژنامەوانان و دەزگا میدیاییەکان.

داکۆکیکاران لەم ئەنجومەنە نوێیە دەڵێن بوونی ئاوەها ئەنجومەنێک کاریگەری نەرێنی نابێت بەسەر ئازادی ڕۆژنامەوانییەوە، چونکە ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری دەبێت.

بەڵام زۆرێک لە ڕۆژنامەوانان لە هەرێم بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەو هەوڵە دەڕوانن بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای میدیا. بەشێکیان بە هەوڵێکی تری دەسەڵاتدارانی هەرێمی دادەنێن بۆ بەرتەسک کردنەوەی سنورەکانی ئازادی، هەندێکی تریشیان دەڵێن هیچ جیاوازییەک دروست ناکات چونکە ئەم ئەنجومەنەش وەک هەموو دامەزراوەکانی تری ناو هەرێم لەسەر بەش بەشێنەی حزبی پێکدەهێنرێت و دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری و دەستێوەردانی لایەنە سیاسییەکان.

چەند ساڵێک لەمەوبەر هەوڵێکی هاوشێوە هەبوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزاییەکانەوە سەری نەگرت.

ئاسۆس هەردی، نوسەر و ڕۆژنامەوانی ناودار لە وتارێکدا سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە دەنوسێت "دوور نییە هەندێک لەوانەی پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکەن، دڵسۆزی میدیای کوردی و ئازادیی بیروڕادەربڕین بن و بەهیوا بن لەم رێگەیەوە خزمەتێکی بکەن، بەڵام گومانیشم لەوە نیە هەندێک لایەن و خەڵکێکی زۆریش لەگەڵیان، مەبەستیانە کۆت و بەندکردن وبەرتەسک کردنەوەی ئازادیی رادەربڕین بکەنە یاساو "شەرعییەت!"ی پێبدەن."

بەڕێز هەردی لە درێژەی هەمان وتاریدا ئاماژەش بە مەترسییەکانی پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە دەکات و هەروەها وەک نوسیویە نیگەرانییەکی قوڵیشی هەیە بەرامبەری، "بۆیە ئەگەر بەڕاستی ئامانجی ئەو بەڕێزانە ئەوەیە کۆتایی بەم پاشاگەردانییەی میدیاو سۆشیال میدیای کوردستان بێنن، با بڕۆن گوشار بخەنە سەر حیزبەکانی خۆیان و پێیان بڵێن بەرۆکی میدیا بەردەن و ئەم کارە بۆ رۆژنامەنووسەکان جێبێڵن. کە ئەمەیان پێ ناکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە، جگە لە بەرتەسک کردنەوەی ئەو پەراوێزە بچووکەی ئازادیی بیروڕادەربڕین کە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لەژێر هەڕەشەدایە، بە هیچ ئەنجامێک ناگات. ئەگەر مەبەستیشیانە فەرمانگەو دامەزراوەیەکی نوێ دامەزرێنن بۆ بەخشینی پۆست و پلەو پایەو مووچەی بەرز بە چەند کەسێک، ئەوا رێگەی تر گەلێک زۆرن، تکایە با بە ناوی میدیاو ئازادی رۆژنامەگەرییەوە نەیکەن."

ئەم هەوڵە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای میدیا، هاوکاتە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی زۆرێک لە ڕۆژنامەوانەکان لە هەرێمی کوردستاندا بۆ لێپێچینەوە و دادگایی کردنێکی ئاشکرایانە و ڕەوایانەی بکوژانی ڕۆژنامەوانان و هەروەهاش هەموو ئەوانەی پێشێلکارییان کردووە بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و بوونەتە تەگەرە لەبەردەم ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەوانی ئازادیشدا.

ئایا پێکهێنانی (ئەنجومەنی باڵای میدیا) لە بەرەرژەوەندی ڕۆژنامەوانانی هەرێمی کوردستانی عێراقە؟
بۆچی لە ئێستادا جارێکی تر ئەم پێشنیازە سەرهەڵدەداتەوە؟
ئایا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەم پێکهاتەیەی ئێستایەوە دەتوانێت ڕێگربێت لە پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە؟
دکتۆر ئیبراهیم سەعید، پسپۆڕی میدیا، هەروەها مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:13 0:00


XS
SM
MD
LG