ڕۆژی شەممە یەکگرووی ئیسلامی کوردستان هەشتەمین کۆنگرەی حزبەکەی لە شاری هەولێر دەستپێکرد.
نزیکەی 900 ئەندام بەشداری ئەو کۆنگرە دووڕۆژییە دەبن. لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکەدا ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی کۆنگرەی هەشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێی وا نییە گۆڕانکاری زۆر لە کۆنگرەکەدا ڕووبدات.
لە دەمی وتووێژەکەی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەنگدان بۆ ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەستیپێکردبوو کە ئەمینداری ئێستا سەڵاحەدین بەهادین و ئەبوبەکر کاوانی لە پێشەبڕکێدان بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەمینداری گشتی پارتەکە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ناوی پارتەکە بەڕێز هەڵەدنی گوتی " ئێمە لاینگری ئەوەبووین یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پاشگری ئیسلامی لێبکاتەوە بۆ ئەوەی وەک لە پێناسەکەی خۆیدا هاتووە حزبێکی نیشتمانی سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بێت. بەڵام بەداخەوە ئەمجارەش لە ناو کۆنفرانسەکەدا دەنگ بۆ هەمان ناوی خۆی درایەوە."
لە نێو یەکگرتووی ئیسلامیدا ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە نێو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیدا، بەڵام هەتا ئێستا ژێنک خۆی نەپاڵاوتووە بۆ ئەمینداری گشتی لەم بارەیەوە بەڕێز هەڵەدنی دەڵێت " ئەوە تەنها پەیوەندی بە خواستی ژنان خۆیانەوە هەبووە. دەنا هیچ ڕێگرییەک نییە و جگە لەوەش خوشکی بەتوانامان زۆرە کە بتوانێت ببێت بە کەسی یەکەم. بەڵام خۆیان نەهاتوونەتە ناو ململانێکەوە، بەڵام لە سەرجەم ئۆرگانەکانی تردا بەزیادەوە ئافرەتان و ژنان ڕۆڵی خۆیان دەبینن."