خۆپیشاندانی بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا، خەریکە دۆخێکی نوێ لە عێراق دێنێتە ئاراوە، بە تایبەت بەشێک لە هێزە شیعیەکانی تر لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نەبوون.
ڕۆژی سێشەمە، بەشێک لە هێزەکانی سەربە حەشدی شەعبی چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا و هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەکە، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک لەبەرامبەر هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر سەربازگەیەکی حیزبوڵای عێراقی لەناوچەی قائیم.
خۆپیشاندانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، پەرتبوونی زیاتری لە نێو لایەنە شیعیەکاندا دروستکردووە، پێدەچێت هەنگاوەکانی لەدەستدانی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن کوتلە زۆرینە شیعەکەوە خێراتر بکات.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، پێیوایە خۆپیشاندانی هێزە شیعیەکان لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە زیان بۆ سەریان شکایەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەوانەی چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، سیاسەت و ئاراستەی کارکردنیان لەگەڵ ئێراندایە و بەشێکن لە ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان."
وتیشی"سیاسەت و کارکردنی شیعەکان لە رابردوودا هەڵەی زۆری تێدا بووە، بۆیە ئێستا بەدەست کێشەی نێوخۆییەوە توش بوون."
هێرشکارانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هەریەک لە ( ئەبو مەهدی موهەندیس، هادی عامر و قەیس خز عەلی) سەرکردایەتیان دەکرد، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراق نەتوانێت بەریان پێبگرێت.
هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، حکومەتی عێراقی توشی ئیحراجی کردووە، بەو پێیەی لەلایەک ئەرکی پاراستنی دەزگا دیبلۆماسیەکان لە ئەستۆی حکومەتدایە، لەلاکەی تریش دەرگای ناوچەی سەوز بەڕووی خۆپیشاندەرانی سەربە هێزە میلیشیاکاندا کرایەوە، لەکاتێکدا پێشتر سەدان خۆپیشاندەری ناڕازی لەحکومەت بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بەو ناوچەیە کوژراون.
هەرچەندە لەپاڵ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتیدا بە ئەمەریکیەکان، ئامانجێکی تری خۆپیشاندەرانی حەشدی شەعبی، دامرکاندنەوەی نارەزایەتیە نێوخۆییەکان و گۆڕینی ئاراستەکەی بوون لەدژایەتی ئێران و حکومەتی عێراقەوە بۆ دژایەتی ئەمەریکا، بەڵام پلانەکە شکستی هێنا.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە ڕووداوەکان لەبەغداوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو گروپانەی حەشد کە چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، بەزیانێکی گەورەوە لە هاوکێشەکە دەرچوون."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، خۆپیشاندانەکە بەرچاوی عێراقیەکانی ڕوونتر کردەوە، بەوەی "خۆپیشاندەر کوژەکان" ئەو هێزانە بوون، کە ناوچەی سەوز لەبەردەمیاندا کراوەیە، وتی"بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەو گروپانە دۆخیان باش نابێت."
هەروەها وتیشی"خۆپیشاندانەکە کوتلەی بینای شیعی پەرتکردووە، چونکە بەشێکی زۆریان لەگەڵ ئەو کارەدا نەبوون، بۆیە پێدەچیت ئەو کوتلەیە لە ژێر فشاری پەرت بووندا، دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیران ببێت."
دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبیەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون وەڵام بدەنەوە.
هێرشی هێزە شیعیەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی نێودەوڵەتی ئیدانەیان کردو سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاش هاتنە دەنگ، بەڵام حکومەتی عێراق و بەشێک لە هێزە عێراقیەکان خۆیان لەو کارە بێبەری کرد.
دوای هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە، ئەمەریکا کاروبارەکانی لەو باڵیۆزخانەیە ڕاگرت، ئەمەش مەترسی لای دەسەڵاتدارانی عێراق دروستکردووە، کە ڕاگرتنی کاروبارەکان، سزای قورسی بەدوادابێت.
ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە، ئاماژەی بەوەکرد هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، عێراق توشی سزای قورس دەکات، وتی"ئەو کارە بەزیان بۆ سەر پەیوەندیە نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیەکانی عێراق دەشکێتەوە."
لە حاڵەتی دەست بەرداربوونی کوتلەی بینای شیعی لە پۆستی سەرۆک وەزیران، محەمەد عەلاوی کاندیدێکی بەهێزی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت، کە پێدەچێت ناوبراو جێی رەزامەندی شەقامی عێراقیش بێت.