Accessibility links

دکتۆر ڕیاز ئەلمەسعودی: بە هیچ شێوەیەک دەستەواژەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق باس نەکراوە


دوابەدوای زیاتر لە 3 کاتژمێر دواخستن پەرلەمانی عێراق دانیشتنە نا ئاساییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی کرد.

کوژرانی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزەکانی قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، جێگری سەرکردەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، گۆمە سیاسییەکەی لە عێراقدا شڵەقاندەوە.

دوای ئەو ڕووداوە هەندێک لە هێزە شیعەکانی عێراق جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن.

ئەم داوایە وەک کاردانەوەیەکی ئەو هێزە شیعانەن کە لەژێر کاریگەرییەکان و هەژموونی ئێراندا بڕیارە سیاسییەکانی خۆیان دەدەن، وەک هاوپەیمانێتی ئەلبناء لە پەرلەمانی عێراق و هەروەهاش عەسائب ئەهلولحەق و کەتائیبی حزبوڵا کە ئەم دوو لایەنەش نوێنەرانیان هەن لە پەرلەماندا.

دکتۆر ڕیاز ئەلمەسعودی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سائیرون دەڵێت دانیشتنەکەی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک دەستەواژەی دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا باس نەکراوە و دەشڵێت ئەمڕۆ عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەشکریدا نییە لەگەڵ ئەمریکادا و ئەوەی داواکراوە ئەوەیە دەبێت پێداچوونەوە و چاودێریکردن بکرێت بۆ پەیماننامەی ستراتیژی ئاسایشی نێوان بەغدا و ئەمەریکا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و سەروەریی و پاراستنی سامانەکان و ئایندەی عێراقی تیادا پارێزراو بن.

نوێنەرانی کورد و ژمارەیەکی بەرچاوی نوێنەرانی عەرەبی سوننەش لە پەرلەمانی عێراق بەشدارییان لە دانیشتنە نا ئاساییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی پەرلەمان نەکرد،

ئەندامێکی کوردی پەرلەمان، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت و دەنگیشی بڵاونەکرێتەوە، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "بەپێی بڕگەی یازدە لە خاڵی دووهەمی ئەو پەیماننامە ستراتیژیەی نێوان ئەمریکا و عێراق، ئەم پەیماننامەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یەکێک لەو دوو وڵاتە بە نوسراو بە وڵاتەکەی تر دەڵێت دەخوازێت کارکردن بەو پەیماننامەیە کۆتایی پێبهێنرێت."

ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەڵێت پەیماننامەکە لە نێوان دوو حکومەتدا مۆرکراوە، هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوەشی پێویستە لە لایەن ئەو دوو حکومەتەوە بێت و ئەم هەنگاوەش هیچ پەیوەندییەکی بە پەرلەمانەوە نییە و دەشڵێت "هەڵەیەکی گەورەشە لە پەرلەماندا دەکرێت." وە دەشڵێت ئەوەی لەناو پەرلەماندا ڕوودەدات، بریتیە لە بەتاڵکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزاییەکان و هیچی وەک دەستکەوت لێناکەوێتەوە.

دکتۆر ڕیاز ئەلمەسعودی دەڵێت لای هیچ کەس شاراوە نییە کە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان ترس و نیگەرانییان هەیە، هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان مەرجی خۆیان هەیە تا بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا بکەن لەسەر ئەو پەیماننامەیە، وە دەشڵێت "ڕێککەوتن زۆر گرنگە، گەیشتن بە بڕیاری هاوبەش زۆر گرنگە، دۆزینەوەی جێگرەوەکان زۆر گرنگە و بەبێ هیچ گومانێک لەگەڵ ئەوەدا نین بڕیارەکان تاک لایەنە بدرێن و پێویستە هاوڕاییەکی گشتی لەسەر هەبێت چونکە ئەو پەیماننامە ستراتیژیە ئاسایشیەی لەگەڵ ئەمریکادا مۆرکراوە پەیوەندی هەیە بە ئایندەی عێراقەوە."

لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی دکتۆر ڕیاز ئەلمەسعودی و زانیارییەکانی ئەندامێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:06 0:00


XS
SM
MD
LG