شاندێکی باڵای حکومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کۆبووەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاندووە دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولاو گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراوە.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر دەڵێت ئاماژە بەوەش دراوە کە بنەمایەکی باشیان بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی داناوە و ئێستاش دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو دانیشتوانانی عێراق بێت، و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی جیددی هەیە کە گرفتەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە عێراق دووربێت لە ململانێی هەرێمی و دەرەکی و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بپارێزێت و هەروەها داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر تەواوی عێراق بویە پێویستی بە هەماهەنگیەکی زیاتر هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە هاوکاری هێزی هاوپەیمانان.