Accessibility links

دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت و لایەنەکان مل بۆ یەکتری نادەن


بارودۆخی عێراق بەتەواوەتی ڕووی لە "چەق بەستن" کردووە، بەتایبەت خۆپیشاندەران کۆڵ نادەن و داوای جێبەجێکردنی خواستەکانیان دەکەن، هێزە حوکمڕانەکانی عێراقیش مل بۆ خواستی خۆپیشاندەران نادەن.

بەردەوام بوونی دۆخی ئاڵۆزی عێراق و پێداگیری خۆپیشاندەران لەسەر خواستەکانیان، گۆڕەپانی سیاسی عێراقیشی لەتکردووە، بەو پێیەی مەرجەعیەت و سەرۆکایەتی کۆمار و ژمارەیەک کوتلە لەگەڵ جێبەجێکردنی خواستی خۆپیشاندەرانن، بەڵام کوتلە گەورە شیعیەکان ناچنە ژێر باری خواستەکانیان.

مانەوەی کێشەکانی عێراق بە هەڵواسراوی، دەرفەتی بۆ دەستوەردانی دەرەکی ڕەخساندووە و عێراقیشی کردووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، بۆیە چارەسەر نەکردنی کێشەکان دەرگای بەڕووی کردنەوەی چەندین ئەگەردا کردۆتەوە.

حەسەن جیهاد راوێژکار لەسەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەر لایەنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە نەکەن، دواڕۆژی عێراق بەرەو باش ناڕوات."

وتیشی"دۆخی عێراق چەقی بەستووە، خۆپیشاندەران و کوتلەکان مل بۆ یەکتری نادەن ."

دۆخی عێراق بەشێوەیەک ئاڵۆزبووە خەریکە هێزە دەسەڵاتدار و ناڕازیەکان لەیەکتری جیا ناکرێنەوە، لەلایەک خۆپیشاندەران دژی هێزە شیعیەکان لەسەرجادەن و ناچنەوە ماڵ، لەلاکەی تریش هێزە شیعیەکان کە خۆپیشاندانیان لەدژ دەکرێت، داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن.

بەڕای لێکۆڵەرەوان، بەردەوامبوونی دۆخی عێراق کێشەکان قوڵتردەکاتەوە، بەو پێیەی لەکاتێکدا خۆپیشاندەرانی ناڕازی لەحکومەتی عێراق لەسەر شەقامن، شیعەکانیش دەیانەوێت کارتی شەقام دژی ئەمەریکا بەکاربهینن، ئەمە دابەشبوونی زیاتر دروست دەکات.

ناوبەناو بنکە و بارەگا سەربازیە عێراقیەکانیش موشەک باران دەکرێن و سەربازی عێراقی پێوە دەبن، ئەمەش وادەکات درز لەنێوان میلیشیاکان و هێزە عێراقیەکانیشدا دروست ببێت و سەربۆ ناکۆکی قوڵتر بکێشێت.

حەسەن جیهاد، دەڵێت"گەر دۆخەکە چارەسەر نەکرێت، دەرگا بەڕووی چەندین ئەگەردا دەکرێتەوە، لەوانە شەڕ و ئاژاوە، دۆخەکە هەروا نامێنێتەوە، خۆپیشاندەران لێیان بکوژرێت و دەستەوەستان بن."

دۆخی عێراق زیاتر چەقی بەست، کاتێک خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و دانانی سەرۆک وەزیرانێکی بێ لایەنیان کرد، لەکاتێکدا هێزە شیعیەکان نایانەوێت ئەو پۆستە گرنگەی عێراق لەدەست بدەن.

هێزە شیعیەکان کە پارەی عێراق و هێز و دەسەڵاتیان لایە، پێیانوایە لەدەستدانی پۆستی سەرۆک وەزیران کەنارگیریان دەخات و دەسەڵات و پارەیان لەدەست دەردەکات، بەتایبەت ئەوان خاوەنی حەشدی شەعبین کە بودجەیەکی زۆری بۆ خەرج دەکەن.

ئازاد شەفی کاندید لە کوتلەی سائیرون بۆ هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەرۆک وەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەو بڕیارە چارەنوسسازەکانی لایە، بۆیە هێزە شیعیەکان دەستبەرداری نابن."

وتیشی"هێزە شیعیەکان لە چارەنوسی حەشدی شەعبی و تێکەڵ کردنی لەگەڵ سوپای عێراق دەترسن، بۆیە سەرۆک وەزیران بەگەرەنتی مانەوەیان لێکدەدەنەوە."

موقتەدا سەدری رێبەری ڕەوتی سەدر بۆ ڕۆژی هەینی داهاتوو داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە، ئەمەش بەڕای شیکەرەوان دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:32 0:00


XS
SM
MD
LG