بێ گوێدانە هەڕەشەو هۆشداری گروپە چەکدارە شیعیەکان، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ دانۆڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە داڤۆس کۆبوویەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەشێک لە لایەنە شیعیەکان دژی یەکتربینینەکەن.
کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئابوری داڤۆسی سویسرا، لەکاتێکدایە گروپە چەکدارە شیعەکان هەڕەشەی توندیان لەبەرهەم ساڵەح کرد، گەر ئەو دیدارە ئەنجام بدات.
نەجات حسێن سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەر سەرۆک کۆمار لەکاتی بینینی سەرۆکی ئەمەریکا، ئیدانەی بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی و دەستوەردانی ئەمەریکا لەکاروباری عێراق بکات، ئەوا یەکتربینینەکە ئیجابی دەبێت."
وتیشی"سەرۆک کۆمار، سەرۆکی هەموو عێراقە، دەبێت پەیامی نیگەرانی بگەیەنێتە ترەمپ."
لەچەند ڕۆژی رابردوودا، بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی، بەتایبەت گروپەکانی حزبوڵاو نوجەبەباو چەند گروپێکی تر، هۆشداریان دایە سەرۆک کۆمار و داوایانکرد دیداری سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتبکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەموو هەڕەشەو پەیامەکانمان پێگەیشتووە، ئەو هەڕەشانە دەرئەنجامی کورت بینی سیاسین."
وتیشی"بەرژەوەندی عێراق وایخواست، کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و عێراق ئەنجام بدرێت."
لای خۆشیەوە ئەبومونتەزر کە فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی یە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو هەڕەشانەی لە سەرۆک کۆمار کراون گوزارشت لە ڕای سەرکردایەتی حەشد ناکەن."
وتیشی"ئەو جۆرە هەڕەشانە گوزارشت لە کەمینەیەکی دیاریکراو دەکەن، ئەگینا حەشد هەڕەشە ناکات."
هۆکاری دژایەتیکردنی هەندێک لە گروپەکانی حەشدی شەعبی بۆ یەکتربینینی سەرۆکی ئەمەریکا و عێراق، پەیوەندی بە ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی عێراقەوە هەیە، کە ژمارەیەک بنکە و بارەگای حەشد و ئۆتۆمبیلی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمەریکاوە بۆردومانکران.
نەجات حسێن ی سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی، وتی"گەر بەرهەم ساڵەح وەک سەرۆک کۆمار، لە دیدارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، ئیدانەی بۆردومانی ئەمەریکیەکان بکات، ئەوا هەڵوێستی نوجەباو گروپەکانی تریش بە ئاراستەی ئیجابی دا دەگۆڕێن."
ناکۆکی نێوان سەرۆک کۆماری عێراق و گروپە شیعیەکان ماوەی چەند مانگێکە سەریهەڵداوە، بەتایبەت دوای ڕانەسپاردنی کاندیدی هێزە شیعیەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.