نەک هەر عێراقییەکان بەڵکو لەسەر ئاستی هەرێمەکە و لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانیش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکانی سیاسەت و فەرمانڕەوایەتیش لە عێراقدا.
بەڵام تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیەش هێشتا سەرەداوێک دەرنەکەوتووە تا بگوترێت بەم زووانە حکومەتی نوێ لە وڵاتەکەدا دەچێتە بەردەم پەرلەمان تا متمانەی یاسایی خۆی وەربگرێت.
درێژە کێشانی ئەم ڕەوشە سیاسییەی عێراق، بە پلەی یەکەم بەهۆی ڕێکنەکەوتنە لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرەک وەزیر کە تەکنۆکرات بێت و نە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بێت و نە سەر بە ئەمریکاش بێت، وە پێشتریش هیچ پۆستێکی لە حکومەتەکانی پاش ساڵی 2003 ی عێراقدا نەبووبێت.
ناکرێت بگوترێت لەو جۆرە کاندیدە لە عێراقدا بوونی نییە، بەڵام هەر کاندیدێکی تا ئێستا ناویان هێنراون نەیانتوانیوە ڕەزامەندی شەقام و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەش بە دەست بێنێت.
خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، توندوتیژیەکانیش بەرامبەر خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی ئەو وڵاتە درێژەیان هەیە، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان هەروادێ و زیاد دەکەن، دەستگیرکردنەکان زۆرتر بوون، بەڵام هێشتا دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردووە لەو سێرەگرانەی بۆ کوشتن تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن یانیش ئەوانەی بە چەکی تری سوک هێرشدەکەنە سەر شوێنە گشتییەکانی خۆپیشاندەرانی لێ کۆبوونەتەوە.
دەسەڵاتدارانی عێراقی دەڵێن چەکداری نەناسراو تەقە و هێرشەکان دەکەن. ئەم جۆرە لێدوانانە لە کاتێکدایە مەیدانەکانی خۆپیشاندەران وەک مەیدانی تەحریر لە بەغدا هەر لە سەرەتای مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە لەژێر چاودێری هێزە ئاسایشییەکانی عێراقدان.
کەمیش نین ئەو سەرچاوانەی لەناو خۆپیشاندەرانەوە دەڵێن سێرەگر و هێرشبەرەکانیش چەکدارانی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبین و بەتایبەتیش ئەوانەی سەر بە ئێرانن، وەک حزبوڵا و عەسائب ئەهلولحەق و نوجەبا و چەندانی تریش.
ئا لەم ڕەوشەی عێراقدا ناکرێت ڕۆڵ و کاریگەری ناکۆکی و ناتەبایی ناو ماڵێ شیعەی عێراق نادیدە بگیرێت. زۆربەی هەرە زۆری لایەنە شیعەکان،لەوانە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، پارتی دەعوە، پارتی دەعوە ڕێکخستنی عێراق، پارتی ویفاقی ئیسلامی، پارتی فەزیلە. لایەنی سەدرییەکان، وە چەند لایەنێکی تریش دوابەدوای ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، کە لە ئێران گەڕانەوە، پەتای دەسەڵات و داهات گرتوونی و ئیتر ناکۆکیەکانیان دەستپێدەکات و ململانێکانیشیان، وەک زۆرێک لە شیکەرەوە دەڵێن ڕەهەندەکانی سیاسەتکردنیان بەزاندووە. هەر ئەم پەتایە عێراقی خزاندە ناو زەلکاوێکی گەورەی گەندەڵییەوە کە دەکرێت بگوترێت تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و دامەزراوەکانی ناو دەوڵەتی عێراقی گرتەوە. ئەمە بێ لەوەی لەگەڵ هەندێک فاکتەری تردا وەک کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەو زەمینەیە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەخسا تا ببێتە خاوەن بڕیار لە ڕێی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانیەوە.
لە دوو هەزار و سێوە، وەک خۆپیشاندەران دەڵێن هەموو شتێک بۆ ئەو لایەنە سیاسیە فەرمانڕەوایانەی عێراق بووە و خەڵکیش لە سەرانسەری عێراقدا لە بچوکترین خزمەتگوزاری و لە سادەترین ماف بێبەش کراوە. هەربۆیەشە ئێستا دروشمی باو لەناو خۆپیشاندەراندا، بە پلەی یەکەم هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسی وڵاتەکەیە، ئەڵبەت ئەمەش بە مانای ڕەتکردنەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە، بە پلەی دووهەمیش دادگاییکردنی بکوژانی خۆپیشاندەرانە.
پێکهێنانی هیچ حکومەتێکی عێراق لەپاش ساڵی 2005 ەوە کارێکی سانا نەبووە. هەر حکومەتێک بووبێت دەبوایە پەسەندکراوی ئەمریکا و ئێرانیش بووایە وێڕای ناکۆکیە ستراتیژیەکانی نێوانیشیان، هەموو جارێکیش چاوەڕوانی ڕای مەرجەعیەتی شیعەکان کراوە تا بڕیاری خۆی بدات لەسەر ئەو کەسەی پۆستی سەرەک وەزیری وەردەگرێت.
ئێستا خەڵک لەسەر شەقام بە هەموو شێوەیەک دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەتدەکاتەوە و دەخوازن عێراق وڵاتێکی سەربەخۆبێت و نەبێتە مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی وڵاتان، بەتایبەتیش قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیسەوە، چۆتە قۆناغێکی تری ململانێوە.
لایەنە شیعەکان لە هەوڵێکی چڕ و پڕدان بۆ وەلاوەنانی ناکۆکییەکانی نێوانیان تا بتوانن لەسەر سەرەک وەزیرێک ڕێکبکەون، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی ئەو هەوڵانە دیار نین.
ئایا دەکرێت ڕەوشی عێراق وەک ئاماژەیەک بۆ شکستی فەرمانڕەوایەی شیعە لێی بڕوانرێت لە وڵاتەکەدا؟
کێ دەتوانێت عێراق لەم هەموو ئاڵۆزییە ناوخۆیی و دەرەکییە دەرباز بکات؟
ئایا هەڵبژاردنی پێشوەخت چارەسەرە بۆ کێشەکانی عێراق؟
دکتۆر سەردار عەزیز، پسپۆڕی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: