زۆر جار بەرگوێمان دەکەوێت دابڕانێک لە نێوان شیعر و خوێنەردا دروست بووە، چونکە وەک دەگوترێت نە ماناکانی شیعر و نە چێژ و سروتە تایبەتەکانی شیعر لە جێی خۆیاندا نەماون.
بەڵام ناکرێت لێرەدا خۆمان لەو ڕاستییە لابدەین کە ئەو جۆرە ڕوانینە لەسەر ئێستای شیعر، شتێکی ڕێژەییە و ناتوانرێت وەک دیاردەیەکی گشتگیر سەروسەودای لەگەڵدا بکرێت.
بە درێژایی مێژووی تەمەنی ئەم ژانرە گرنگەی فەرهەنگی کوردیمان، زۆر شاعیرمان هەبوون کە دەریا پانوبەرینەکەی شیعریان هەژاندووە و گەر زیاتریش ڕۆبچینە نێو تێکستەکانیانەوە هەر یەکەیان لای خۆیەوە شۆڕشگێڕێکی کۆمەڵایەتی بووە و توانیویانە پەیام و گوتارە شیعرییەکان و دنیابینیەکانی خۆیان بۆ ئەو هەژان و بۆ ئەو شۆڕشەش بەکاربهێنن، نەک هەر تەنها پانتاییەکانی شیعر لە دەربڕینی هەست و سۆز و نەستدا سنوردار بکەن.
پەرەسەندنەکان زۆرن و شیعریش وەک هەر ژانرێکی تر توانیویەتی هەنگاوەکانی خۆی ببڕێت و قۆناغەکانی خۆی تێبپەڕێنێت و لە هەر سەردەمێکی تەمەنیدا ببێتە خاوەن تایبەتمەندێتی خۆی. هەر بۆیە ناکرێت بە پێوانەکانی ئەمڕۆ بەراورد لە نێوان شیعری ئەمڕۆ و دوێنێدا بکەین، بەڵام دەتوانین هەر بە هەمان ئەو پێوانانەی ئەوڕۆ خوێندنەوە بۆ شیعر لە هەموو قۆناغەکاندا بکەین.
بەلای زۆرێک لە ڕەخنەگرانەوە، ئەم سەروەختەی ئێستامان، سەروەختێکە بۆ تاکگەرایی و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە و ژیان و ئەزمونەکانی کۆمەڵگە، لە هەمان کاتیشدا دەپرسن، ئیدی بۆچی خوێنەر شیعر بخوێنێتەوە؟ لای من وەڵامی ئەو جۆرە ڕوانینە لەم وێنە شیعرییەی عومەر سەیدەدا دەبینمەوە؛
واى دابنێ من و تۆ هێشتا لەوێین
لاى دار سنەوبەرە تەنیاکەى باخى گشتى
کە خەونى سێبەرەکانیت بۆ تەفسیر دەکردم
منیش هێڵەکانى ناو لەپى تۆ..
من مەرگى عیشقم دەدى و
تۆ فیشاڵەکانى عاشقبوون..
لێرەدا باسم لە چێژی شیعر و هەستی باڵا و کارکردن لەسەر خەونەکان نییە، هێندەی ئەوەی دەمەوێت بڵێم کاتێک وێنەیەکی شیعری، پڕە لە ئیستاتیکا و زمانێکی بێ گرێ و گۆل و دەتوانرێت ئاڕاستەکانی بڕینی زەمەنی تیادا بەدی بکەیت و لە نێوان سنورەکاندا یارییەکانی خۆی بکات، ئیدی چۆن نەیخوێنمەوە و نەیکەمە دۆستێکی گیانی بە گیانی تەنیاییە جوانەکانم.
لەوپەڕى دونیاوە خەونى نائومێدى دەهۆنمەوە
دەیکەمە ملوانەیەک بۆ گەردنى مردنێکى سپى
مردنێک لە ئێوارەیەکى بەفرانباردا
لە کەنارى دەریایەکى لە گۆکەوتوو
بە لەرزەوە سەڵاو بکات
من هەر حاڵى نەبم چى دەڵێت..!!
وابزانە دونیا هێشتا جوانە
وادەزانم دونیا هەرگیز جوان نەبووە
واى دابنێ من و تۆ هەرگیز یەکمان نەبینیوە..
واى دادەنێم هەرگیز لە چاوم وون نابیت
شیعر ئەزموونێکە بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەو گۆڕانکارییەش لەسەر پایەکانی خۆ نۆژەنکردنەوە و بنەماکانی دەربڕینی نوێ خۆیان جێگیر دەکەن، هەر ئەمەشە وەها دەکات خوێنەر بەردەوامبێت لەگەڵ خوێندنەوەی شیعرەکانی شاعیرێکدا و درێژە بە گەڕانەکانی خۆی بدات بە دوای دنیابینیەکانی ئەو شاعیرەدا، لە بیرمان نەچێت ئەو کاتەی شاعیرێک ناتوانێت شتێکی نوێ پێشکەش بکات و زمانێکی کرچ و کاڵ بەکاردەهێنێت، ئیدی ڕێک و ڕەوان وەک جاڕدانی مەرگی نوسەر خۆیەتی.
ئیدی ئیحساسم
تهریب دهکهم به خهونی درختێکی لاڕێ
بهردی دهستی منداڵانی گهڕهکی ههرا
با بگرنه دڵم و سهختتر له دڵڕهقی دهڕوانمه غروب
ههناسهم بۆنی مهرگی لێدێت و
شادیم دهبهخشم بهو چۆلهکهیهی
ههموو رۆژێك لهبهردهمم ههڵدهتوتێ و
به جریوهوه پێم دهڵێت:
هاوڕێ شێتهکه مشتێك رۆحم بۆ رۆ بکه
لەم سەردەمەدا کە بە سەردەمی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵ ناودێر دەکرێت، عومەر سەیدە بە ئەسپایی لە دەرگای بیرکردنەوەمان دەدات و پێمان دەڵێت، کاتێک دەست بە نوسین دەکەین با نەترسین چونکە ئێمە وەک مرۆڤ بونەوەرێکین پڕین لە گومان و دڵەڕاوکێ و با لەم جەنجاڵییەدا ساتێک بۆ شیعر دابنێین لە ژینگەیەکی ئارامدا، ئەو شیعرەی لە خوێندنەوەی قوڵ و بیرکردنەوەی فراوان و ڕامان لە هەموو شتەکان، دێتە بوون.
عومەر سەیدە، هێندەی ئەوەی دەقە شیعرییەکانیم خوێندونەتەوە، لە وێنەکانیدا ماڵێک بۆ موزیک دروست دەکات و زۆر جاریش دەبینین ئەو زمانەی لای سەیدەی شاعیر لەکاردایە بۆ نوسینەوەی نیگەرانی و خەون و دنیابینیەکانی، زمانێکە توانای گوزارشتێکی ڕاستەقینەی هەیە لە تراژیدیا و عیشق و ژیان و وێناکردنی خۆی و دەوروبەرەکەیشی.
ئایا ئەرکی شیعر جوانکردنی دنیایە؟
ئایا شیعری ئەمڕۆی کوردی توانیویەتی گوزارشت لە خۆی بکات؟
ئایا دنیابینی لە شیعرەکانی (عومەر سەیدە) چی دەگەیەنێت؟
عومەر سەیدەی شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: