سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا، ڕایگەیاند مامەڵەی دام و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەراورد بە دام و دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم لەگەڵ خۆپیشاندەران دا جیاواز بووە، دەڵێت "لە عێراق تا ئێستا سەرووی 600 خۆپیشاندەر کوژراون، زیاتر لە 22 هەزار کەسی تریش برینداربوون، کە 5 هەزار کەسیان لەماڵەوەن و دەرفەتی ژیانیان لەدەستداوە."
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، ئاماژە بە ڕای هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکات، دەڵێت"پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی برایانی شیعەیە و ئەوان لەنێوخۆیاندا لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام پێویستە دانوستان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا بەکورد و خۆپیشاندەرانیشەوە بکرێت."
جەختیشیکردەوە" محەمەد عەلاوی وەکو ئەزموونی پێشوومان لەگەڵی، چی لەکاتی ئۆپۆزسیۆن و چی لەکاتی وەزیریشدا، کێشەمان لەگەڵی نیە و نەبووە."
لەڕۆژانی رابردوودا، بارەگای بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەنراویان بڵاوکردەوە و ئیدانەی توندوتیژی هێزە عێراقیەکانیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران کرد، هەندێک هۆکاری ئەمەیان بۆ نەهاتنی محەمەد عەلاوی بەدەم خواستی حیزبە کوردیەکان گێڕایەوە، بەڵام فارس عیسا ئەمەی ڕەتکردەوە و وتی"تا ئێستا عەلاوی بەرپرس نیە لەوەی دەگوزەرێ، چونکە ئەو هێشتا دەست بەکارنەبووە، بەڵام ئەوەی لەعێراق دەگوزەرێ، دۆخەکە بۆ توندوتیژی گۆڕاوە، بۆ حکومەتی هەرێم کە بەشێکە لەعێراق مایەی نیگەرانیە."
ڕاگەیەنراوەکانی هەرێم سەبارەت بە توندوتیژی نواندنی هێزە عێراقیەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، کاردانەوەی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دروستکردووە، حکومەتی هەرێمیش بە نواندنی هەمان ڕەفتار بەرامبەر بە خۆپیشاندەرە کوردەکان تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام فارس عیسا دەڵێت"نابێت هەڵوێستی هەرێم و بەغدا بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەراورد بکرێن، لەعێراق لەماوەی سێ مانگدا، سەرووی 600 خۆپیشاندەر کوژراون و 22 هەزار کەسیش بریندارن، کە 5 هەزاریان لەماڵ دانیشتوون و دەرفەتی ژیانیان نەماوە، هەروەها 4 هەزار کەس گیراون و نزیکەی 70 کەسیش ڕفێنراون."
هەروەها، دەشڵێت"لەکوردستان بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران کراوە، جاری واهەبووە خۆپیشاندەر دەستدرێژی کردووەتە سەر دام و دەزگاکان، ڕاستە مامەڵەی فەردی ڕوویداوە، بەڵام ئەوەی لەبەغدا ڕوودەدات بۆ هەموو لایەک مایەی نیگەرانیە."
دەنگۆی بەجیا پەیوەندیکردنی حیزب و لایەنە کوردیەکان بە محەمەد عەلاویەوە لە ئارادایە، تا لەکابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا پشکیان هەبێت، لەوبارەیەوە فارس عیسا وتی"مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنەکان باسدەکرێت نەک حکومەتی هەرێم."
وتیشی" لەبەغدا فراکسیۆنی پارتی وەکو گەورەترین فراکسیۆنی کوردی هەیە، فراکسیۆنی یەکێتی و فراکسیۆنەکانی تریش کەگروپی 15 یان پێدەوترێت هەن، هەموویان هەوڵدەدەن و مافی خۆیانە دانوستان بکەن."