لەوانەیە یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی چیرۆکی کوردی کە خوێندنەوەیەکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە بگەڕێتەوە بۆ ژمارەی کەمی ئەو چیرۆکانەی بەر لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا نوسراون.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوانەی لەسەر چیرۆکی کوردی کراون بە کورتە چیرۆک و چیرۆکی درێژیشەوە، پێدەچێت تەنانەت ئەو چیرۆکانەی کە پێش ساڵانی هەشتاکان نوسراون لە سەروەختی خۆیاندا چاپ و بڵاونەکرابنەوە، لەوانەیە چەند ساڵێکی ویستبێت تا کەوتبێتە بەرچاوی خوێنەرانی.
لێرەدا دەتوانین دوو نمونە وەربگرین "لەخەوما" جەمیل سائیب، یان "مەسەلەی ویژدان" ی ئەحمەد موختار جاف، هەر یەکێک لەو تێکستانە کە هەندێک دەیانخەنە خانەی ڕۆمانەوە و هەندێکیش دەڵێن چیرۆکی درێژن، بە زنجیرە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەروەختەدا بڵاوکراونەتەوە.
ئەڵبەت هۆکار زۆرن بۆ بڵاونەبوونەوەی چیرۆکەکان یان تەنانەت ڕۆمانیش لەو سەروەختەدا، وەک نەبوونی ڕەوشێکی جێگیری سیاسی بۆ کورد، نەبوونی دەزگاکانی چاپ، ئەو سانسۆرەی لەسەر نوسەرانی کورد هەبووە و نەبوونی دارایی پێویست بۆ کۆمەک کردنی نوسەران تا بەرهەمەکانیان چاپ بکەن.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ساڵانی هەشتاکان بە سەروەختێکی گرنگی گەشەکردن و خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان دادەنرێت. ئا لەو ساڵانەدا بەهەر کوێرەوەرییەک و دەردەسەرییەک بووبێت چیرۆکنوسەکان بەرهەمەکانی خۆیان بڵاودەکردەوە جا لەناو شارەکاندا بووایە یان لە چاپخانەکانی شۆڕشی ئەو کاتەدا. لەوانەیە دەیان چیرۆک لە گۆڤارەکانی شاخدا بڵاوبووبنەوە بەڵام بەشێکی زۆری ناوی خاوەنەکانیانی پێوە نەبووە، مەگەر هەر خوێنەری زیرەک پەی بەوە بردبێت بە تانوپۆ و تایبەتمەندیەکانی نوسەرێکدا زانیبێتی ئەوە چیرۆکی فڵان نوسەرە. بێ لەوەش هەندێک جار چیرۆکنوس پەنای دەبردە بەر ناوی خوازراو.
لەو قۆناغەدا، ژمارەیەک نوسەر دەبنە ڕچە شکێن جا ئایا بەرهەمەکانیان لە هەر شوێنێک چاپ کردبێت، ئەو ساڵانەی هەشتاکان دەکرێت بە قۆناغی وەرچەرخان لە چیرۆکدا دابنرێت بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەوەی نەوەیەکی چیرۆکنوس هاتنە ئاراوە بە ئەزموونێکی نوێی چیرۆکەوە، کە لەیەک کاتدا خوێنەریان پڕ لە سەرسامی دەکرد بەو زمانە پاراوە کوردیە و هەروەهاش بە تەکنیکەکانی نوسین.
ئەم ئەزمونانە بۆ ئێمەی خوێنەر گەلێک نوێ بوون، هەستمان دەکرد چیرۆکنوسەکانی ئەو سەروەختەمان، ئەگەرچی تا ئەندازەیەکی کەم جیاوازییان لەگەڵ نەوەی پێشخۆیاندا هەیە بەڵام هەرگیز وەک خوێنەرێک نەمانتوانیوە نکوڵی لەوە بکەین کە ئەو نەوەیە لە چنینی درامایی و گێڕانەوە و کەسایەتی کاراکتەرەکاندا تەواو جیاوازبوون.
دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ی کورد لە عێراقدا، زەمینەیەکی نوێتر بۆ نوسەران هاتە ئاراوە بەهۆی ئەو ئازادیەی هەرچەندە سنوردار بوو، بەڵام دەرفەتێک بوو تا چیرۆکنوس و ڕۆماننوسەکان بتوانن بەرهەمەکانیان بە چاپ بگەیەنن بەبێ ئەوەی سانسۆرکارەکان ببنە تەگەرە لەبەردەمیاندا.
ئا لەو هەوڵە ماندونەناسانە و لەو کۆششە پڕ لە هەوراز و نشێوەدا ناتوانین هەوڵە ڕژدەکانی بەکر حەسەنی چیرۆکنوس و نوسەر لە یاد بکەین.
کۆمەڵە چیرۆکی سەما، بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی چیرۆکی کوردی و لەو هەوڵانەی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو ژانرە فەرهەنگیەمان دەدران. سەما لە پێش راپەڕیندا چاپ کرا، خوێنەرێکی زۆری هەبوو، جێی باس وخواس بوو، لە یادمە ڕێک دەڵێی دوێنێیە، جارێکیان لە چایخانەی شەعب بووین لەگەڵ ئەحمەد ڕەزای شاعیردا، ئەو کۆمەڵە چیرۆکەی بەکر حەسەنی پێبوو، لەگەڵ فڕکردنی چایەکدا، باسمان لەو کتێبە نوێیە دەکرد کە چاوی هەموومانی گەش کردبووەوە، لەناکاو ئەحمەد پڕی دایە دارشەقەکەی و وتی چەند پرسیارێکم لە کاک بەکر هەیە، ئەوەتا هاتووە و لەو سوچەدا دانیشتوە. کە ئەحمەد گەڕایەوە لام، وتی چەند خۆشە کتێبێک بنوسیت و هێندەی ئەو پیاوەش وردبیت لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا، دەبێت بە چ ئەندێشەیەکی بەچێژ ئەو چیرۆکانەی نوسیبێت.
بەکر حەسەن، لە ساڵانی هەشتاکاندا دەیان چیرۆکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەروەختەدا بڵاو کردۆتەوە. ئەمە بێ لەوەی دەیان چیرۆک و شانۆنامەیشی وەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، کە هی نوسەرانی ناسراوی جیهانن وەک نازم حیکمەت، جوبران خەلیل جوبران. ئەم نوسەرەمان منداڵانی کوردیشی لە بیر نەکردووە و دەیان چیرۆکی منداڵانیشی بە زمانێکی سادەی بێ گرێ بۆ وەرگێڕاون. دواترین بەرهەمی وەرگێڕانی بەکر حەسەن، ڕوناکی مانگ بوو کە لە نوسینی هاڕۆڵد پینترە و لە زمانی ئەڵمانیاییەوە وەریگێڕاونەتە سەر کوردی و لە سێ شانۆنامە پێک دێت.
کاتێک بەکر حەسەن دەخوێنینەوە، هەست دەکەیت ئەم نوسەرەمان دەیەوێت لەڕێی چیرۆک و پەخشانە شیعر ئامێزەکانیەوە خۆیمان پێدەناسێنێت، هەروەک چۆن خۆی لەڕێی کتێبەوە بە ناسنامەی مرۆڤ ئاشنا دەبێت و دەخوازێت ئەو ناسنامەیەش بە هەموومان بناسێنێت.
ئەمەش هەر تەنها لە چیرۆکەکانیدا نا، بەڵکو لە پەخشانە شیعر ئامێزەکانیشیدا بەکر حەسەن بە ناخی مرۆڤ و جیهانیشدا ڕۆ دەچێت و لەهەر شوێنێکدا بووبێت لە نیشتمان یان لە هەندەران بە هەمان هەستی مرۆیی و بە هەمان دنیای لێوان لێو لە جوانی پەخشانە نازدارەکانیمان پێشکەش دەکات.
بەکر حەسەن، لە دوای ڕاپەڕینەوە کاری لە میدیاشدا کردووە، لەوانە گۆڤاری دیموکراسی، کە سکرتێری نوسینی ئەو گۆڤارە بووە و هەروەهاش سکرتێری نوسینی ڕۆژنامەی کوردستان بووە لە ئەنستیتۆی کوردی بەرلین، ئەمانە بێ لەوەی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئاسۆگە بووە.
ئەم نوسەرەمان خاوەنی چەند لێکۆڵینەوەی تایبەتیشە لەسەر شیعر.
مشتومڕ لەسەر چەمکی گێڕانەوە هەیە لە چیرۆکدا، بۆچی؟ گێڕانەوە چییە ئەگەر پێناسەیەکی بۆ بکرێت؟
کاتێک بەکر حەسەن دەنوسێت، یان کاراکتەرێک لە هزری خۆیدا دروست دەکات، ئایا نوسینەوەی خودی خۆیەتی، ئەو کارکتەرە هەر خۆیەتی یان بەشێکە لە خودی نوسەر؟
ئایا چیرۆکی کوردی لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەدا کە کوردی تیادان وەک و یەک گەشەی کردووە؟
بەکر حەسەن، نوسەر و چیرۆکنوس لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: