Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: بەهای هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران


7148 کاندید پێشەبڕکێیانە بۆ بەدەست هێنانی کورسییەکانی مەجلیسی شورای ئێران کە لە290 کورسی پێکهاتووە لە هەر 31 هەرێمەکەی ئەو وڵاتەدا.

تەواوی ئەوانەی دەیانویست خۆیان کاندید بکەن لەلایەن دامەزراوە ئاینی و یاساییەکانی وڵاتەکەوە لە بێژنگ دراون و بە فلتەری ئەو دامەزراوانەدا تێپەڕیون، ئەوجا بە کاندیدی فەرمی بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئێران دەستنیشان کراون. بۆ ئەم هەڵبژاردنەی ئێران پێدەچێت تەنها یەک شت زۆر ڕوون و ئاشکرابێت؛ ئەویش ئەوەیە کە توندڕەوە کۆنەپارێزەکانی ئێران سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست دەهێنن.

بۆچی؟

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە دەکەن بەوەی خەڵکێکی زۆر و بەتایبەتیش لاوان ناخوازن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە بڕوایەکی ئەوتۆیان نەماوە بەوەی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، گۆڕانکارییەک بێنێتە ئاراوە لە مەودای دوور و نزیکدا بۆ هاوڵاتیانی ئێرانی.

دەشێت هۆکارێکی تریش ئەوەبێت کە زۆرینەی کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنەی هەینی، بەپێی ڕێوشوێنەکانی شورای نیگەهبانی ئێران دایناون، زۆربەی هەرە زۆری کاندیدەکان لە بەرەی کۆنەپارێزانن. بێ لەم دوو هۆکارە دەشێت هۆکارێکی تریش پەیوەندی هەبێت بەوەی لە ئێراندا بە بەرەی ڕیفۆرمخوازان دادەنرێت. وەک لایەنگرانی ئەم بەرەیە باسی دەکەن لە سەدا نەوەتی کاندیدەکانیان لەلایەن ئەنجومەنی نیگەهبانەوە ڕەت کراونەتەوە.

کاوە ئاهەنگەری، شیکەرەوەی سیاسی
کاوە ئاهەنگەری، شیکەرەوەی سیاسی

هاوکاتی لە بێژنگدانی کاندیدەکان، سەرۆکی ئێران کە دەگوترێت لە بەرەی ڕیفۆرمخوازانە ڕەخنەی زۆری لەو پرۆسەیە گرت.

حەسەن ڕۆحانی دەڵێت ناکرێت تەنها یەک لایەنی سیاسی فەرمانڕەوایەتی ئێران بکات و پێویستە ڕێگەبدرێت بە هەموو لایەن و کۆمەڵە سیاسییەکان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.

هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئێران هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕەوشە قورسە ئابوریەی ئێرانی پێدا تێپەڕ دەبێت، هاوکاتیشە لەگەڵ ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی وڵاتەکەی گرتۆتەوە. ئەمانە بێ لەوەی یەکەم هەڵبژاردنیشە لە ئێراندا بکرێت لەوەتای قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزەکانی قودس بکوژرێت لە ئاکامی هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا.

هەندێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا دەرخەری ڕوانینی ڕاستەقینەی خەڵکە بەرامبەر بە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەوەییەکانی ڕژێمی ئێران، بەڵام ئاماژە بەوە ناکەن ئەگەر بێتوو دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە ڕێی بەکارهێنانی زەبری هێزەوە خەڵک ببەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەمە ئەگەرێکە بە دوور نازانرێت، هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی تریش تا هەڵبژاردنەکە گەرموگوڕ بکات.

بە دووریش نازانرێت، ئەگەر بێتوو کۆنەپارێزانی ئێران ببنە زۆرترایەتی لە مەجلیسی شوردا، ئەوا گرفت و تەگەرەیەکی زۆر بۆ حەسەن ڕۆحانی دروست بکەن کە نزیکەی 18 مانگی ماوە لە پۆستەکەیدا.

لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016 دا، ئەو هاوپەیمانێتیە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا کە ڕیفۆرمخوازەکان و لایەنگرانی ڕۆحانی لەخۆ گرتبوو، ئەو هاوپەیمانێتیەی ئەوسا توانی شکست بە هەموو هەوڵەکانی کۆنەپارێزانی وڵاتەکە بێنێت کە لە ساڵی 2004 ەوە کۆنترۆڵی مەجلیسی شورای ئێرانیان کردبوو.
ئەڵبەت لەبیرمان نەچێت ساڵی 2016، ڕێککەوتنە ناوکییەکە لەگەڵ ئێراندا چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دادەنرێت بۆ بوژاندنەوە ئەوسای ئابوری و هەروەهاش پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی تردا و بە تایبەتیش وڵاتانی ڕۆژئاوا، بێگومان ئەمەش کاریگەری هەبووە بەسەر پشتیوانی خەڵکەوە تا هاوپەیمانێتیەکەی ڕیفۆرمخوازان بتوانێت دەنگێکی زۆر بۆخۆی کۆبکاتەوە.

ڕیفۆرمخوازان لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا 2013 و 2017 پشتیوانییەکی زۆری حەسەن ڕۆحانییان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕۆحانی نەیتوانی بەشی هەرە زۆری پەیمانەکانی بەجێبگەیەنێت و شەقامی ئێرانی دووچاری هیوابڕانێکی زۆر کرد، هەروەهاش خراپ بەڕێوەبردنی دۆسێی ئابوری، ئیتر پشتیوانیکردنەکان کەمتر بووەوە بۆ ڕۆحانی.

ئایا کوژرانی قاسم سولەیمانی، ڕەنگدانەوەی دەبێت لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی مەجلیسی شورای ئێرانیدا؟

ئایا دەکرێت هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا وەک ڕاپرسییەک لێی بڕوانرێت لەسەر ڕژێمی ئێران؟

بۆچی بۆ ئەم هەڵبژاردنانەی مەجلیسی شورای ئێران،کۆنەپارێزانی وڵاتەکە دەیانەوێت خۆیان وەک بەرەیەکی یەکگرتوو نیشان بدەن؟

کاوە ئاهەنگەری، شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:36:48 0:00


XS
SM
MD
LG