هەموو خوێنەرێک پێویستی بە هەبوونی خوێندنەوەی ڕەخنەییانە هەیە بۆ تێکستەکان، تا بزانێت داهێنان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەوەی خوێندنەوەکان لەکام ڕێبازی هزرییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
بێگومان چۆنیەتی لە خوێندنەوەکاندا بۆ تێکستە فەرهەنگییەکانمان پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی هەیە بە ڕۆشنبیریەکانی هەم نوسەر و هەمیش ڕەخنەگرەوە. دیارە ناتوانرێت بەرپرسیارێتی مۆڕاڵی لە ڕەخنە جیابکرێتەوە، ئاوەهاش وێنە شیعرییەکانیش دەبنە ناسنامەیەک بۆ ئیستاتیکا و هەروەها بۆ زمانیش.
دەزانم حەز بە مردنم دەکەیت؟
بەڵام من ئەو مردنەم ناوێت،
کە بە تۆپزی بەرەو جەنگم دەبەیت!
نا... من ئەو جەنگەم ناوێت،
بڕۆ لەو چیاییە گۆڕێکم بۆ ھەڵکەنەو
لەسەر کێلی گۆڕەکەم بنووسە:
قوربانییەک لەپێناو ئاشتیی زەوییدا!
ھەرلە سەرەتاوە دەتزانی لەگەڵ جەنگدا نەبووم،
خێرا بە باڵە ڕەشەکانتەوە بەنێو دارستانەکاندا باڵت گرتوو بەنێوی (ھیراکلیتس)وە...
ھەڕەشەت لێکردم و پێت وتم:
جەنگ ھەندێک مەخلوق دەکاتە خواوەند
بیرتە بە ئەقڵی ھەرزەکارییمەوە پێم وتی:
بەرلەوەی مردنم ببینیت لێم گەرێ،
سروودێک بۆ قوربانییەکانی مرۆڤ بچڕم!
پێموانییە هیچ شاعیرێک کە خاوەنی ئەزموون بێت بتوانێت باز بەسەر ڕەهەندی زماندا بدات لە شیعردا.
ڕاستییە و دەبێت بگوترێت لە ئێستادا کەم نین ئەوانەی وەک دەڵێن شیعر دەنوسن بەڵام زۆر بە ئاسانی دەبینیت تەواو دابڕوان لە بەکارهێنانەکانی زمان و جوانیەکانی زمان، بە مانایەکی تر ئەوەی بایەخی پێنەدەن کۆڵەکەی زمانە وەک یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی دەق، هەر بۆیەشە دەبینین داهێنان لە شیعردا تەنک دەبێتەوە و خاڵی دەبێت لەو دەربڕینانەی خوێنەر سەراسیمە و سەرسام دەکەن.
گەر من بام لە جیاتی تۆ
ئەی (دڕک)ی بێعار؛
زوبانی تیژی خۆم دەبڕی و
هەرگیز لە سێبەری گوڵ
نزیک نەدەبوومەوە!
دەوەن مەعروف، لە ڕێی بەکارهێنانی زمانەوە لە دەرگاکانی ناخی خودی خۆی دەدات و دەیانکاتەوە و دەبێتە ئەو کەسەی لە یەک کاتدا خۆیەتی و هەروەها ئێمەشە. جا دەشێت هاوسەنگ کردنی هاوکێشەیەکی لەم جۆرە هەروا کارێکی سانا نەبێت، ئەگەر بێتوو خوێندنەوەی قوڵی لەگەڵدا نەبێت بۆ ڕەهەندەکانی خود، تا ڕووبەرەکانی هەست و نەست و بیرکردنەوە فراوانتر بکات.
زۆر جار دەق و وێنە شیعرییەکان و ڕەخنە شاعیرانەییەکانی دەوەنم کەوتوونەتە بەرچاو، ورد خوێندومنەتەوە، بەرواردی هەر یەکێک لە وشەکانی دەونم کردون و هێندەی ئەوەی ئاشنای بەشێکی کەمی ژیانی دەوەنم، پێکەوەم گرێداون و بەڵام لێتانی ناشارمەوە لە زۆربەی وردبوونەوەکانمدا گەیشتومەتە ئەو بەرەنجامەی بڵێم خۆ ئەوە دەوەن مەعروفی شاعیر و نوسەر لە ڕێی زمانی خودەوە باس لە هەموومان دەکات؛ هەموومان وەک مرۆڤ نەک وەک کەسانی دەوروبەی دەوەن خۆی.
ھەموو شتێک بوو بە ژێر ئەو پرسیارانەوە،
کە مرۆڤە دڵبەردەکان،
وەڵامەکانیان پێ کووشت،
باخچەکان دەکرێن بە باڵەخانەو
شەقامەکانیش بە تووڕەیی قیرتاو دەکرێن!
لە نێوانی کلاسیک و مۆدێرنەدا...
ڕێگەیەک نییە بۆ دەرباز بوون!
گوڵ بە ئەقڵی مۆدێرنەوە،
دەبێتە دڕک و لە باڵەکانم دەچەقێن!
ئێستا ئیتر شتێک نەماوە بۆ بژیم،
لەسەر دوواین چڵی شکاو
بۆ ھێلانەی شێواو و
ئەقڵی مۆدێرنەی مرۆڤەکان دەخوێنم!
دەوەن لە وێنە شیعرییەکانیدا دەگەڕێت بەشوێن کەناڵە جیاوازەکاندا تا لێوەی بگاتە هەموومان، ئاگادارمان دەکاتەوە، قسەمان بۆ دەکات، بەریەککەوتنەکانمان بۆ ڕاڤە دەکات، چارەنوسمان بۆ شیدەکاتەوە، لە نێوان کات و شوێندا پانتاییەک بۆ جوانی دەخوڵقێنێت و ڕێگەدەگرێت لەوەی ترس ببێتە دیوارە کۆنکریتیەکەی بەردەم خەون، ئەرکەکانمان بەسەردا دابەش دەکات و دەخوازێت بیرکردنەوەمان لەڕێی شیعرەوە پێبناسێنێت.
لای دەوەن هەمیشە نیشتمان بوونی هەیە، لە وێنە شیعریەکانیشیدا نیشتمان ئەو چەپکە نێرگزەیە هەرگیز نە وشک دەکات و نە بەرامەی دەبڕدرێت، وەلێ کاتێک باس باسی نیشتمانە، دەوەن ناخوازێت هزر و دروشممان بەسەردا ساغ بکاتەوە، نا، بەڵکو دەیەوێت ئارامانە و بە کاوەخۆ لە پەنجەرەی ڕۆحی هەموومان بدات و بڵێت با ئیتر لەو گەمە و وازیانە ڕاپەڕین کە نیشتمانمان لێدەسەننەوە، با چیی دی نەبینە قوربانییەکی لاسار لەو یاریانەدا. ئا لێرەوەیە دەوەن دەخوازێت لە دەروازەی کۆمەڵگەکەمان بدات و بە زمانێکی شاعیرانەی دەوەن مەعروفانەوە پێمان بڵێت، چی گەرد و تۆزی ئەم دنیایەیە لە خۆتانی داماڵن و ژیانێکی نوێ بەڕێوەیە.
ئەم نیشتمانە دڵتەنگەی من...
ئەوەتەی هەیە خەون بە پێکەنینەوە دەبینێت؛
بەڵام هەرگیز نەهاتە دیی!
شەوانە دڵی هێندەی منداڵیکی برسیی تاریکە؛
لە دوورەوە لە پەیکەرێک دەچێت...
لەنێو ناشیرینەکاندا شای جوانان بێت!
وا نەبوو ئەم نیشتمانە...کەی وا بوو؟
جاران ئەم نیشتمانە...
بلوێرژەنێکی دڵگەرم سترانبێژێکی دەنگخۆش بوو،
ئێستا ئاشقێکی بێ مەیل و بێ دڵە؛
ئەم فیردەوسە بچووکەی من!
ئایاشیعر دەتوانێت هێندەی کاریگەریە ئایدیۆلۆژی و هزریەکان، کاریگەری سۆسیۆلۆژی (کۆمەڵایەتی) هەبێت لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟
ئایا مەرجە لە تێکستە شیعرییەکاندا، ڕەهەندی ڕاکێشانی خوێنەر بکرێتە قوربانی لە پێناو ڕەهەندەکانی تری شیعردا؟ یان پێچەوانەکەی دروستە؟
ئایا تێکستە شیعرییەکان، بۆ خۆیان چەندێک بەرپرسیارن لەوەی کە ڕەخنە ناتوانێت خوێندنەوەیەکی شیکاریانەیان بۆ بکات؟
دەوەن مەعروف، نوسەر و شاعیر لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: