سەرژمێری لە ئەمەریکا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1790 دەست پێکرد و هەر 10 ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە. سەرژمێری ئیمساڵ لە یەکی ئاپریل لە سەرانسەری ئەمەریکا بەرێوە دەچێت و مەبەست لەم سەرژمێریە بێچگە لە زانینی ژمارەی دانیشتوانە هەروەها چوونیەەتی دابەشکردنی ئەو بیلیۆنەها دۆلارەیە بەسەر کۆمەڵگا جیاوازەکاندا وە ئەو نیشتنگانە وە یاخود کورسیانەی کە هەر ئیالەتێک لە کۆنگریسدا بەریان دەکەوێت. کورد ئەمە یەکەمی جارە کە وا گرنگیەک بەو سەرژمێریە دەدات.
ئاخۆ ئەم سەرژمێریە چ سوودێکی بۆ کورد هەیە؟
دکتۆر سامان شاڵی سەرۆکی پێشووێ کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان لەئەمەریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " گرنگی بەشداری کردن کورد لەم سەرژمێریەدا ئەوەیە بۆ ئەوەی بزانین قورسایی ئێمە لەم وڵاتەدا چەندە، 10 ساڵ لەمەو پێش سەرژمێری وا نیشانی دا کورد 10 – 12 هەزار و نێۆە، ئێمە ئەزانین لەو کاتانەشدا نزیکە 20 – 30 هەزار کوردی لێ بوە، بەڵام دووای 10 ساڵ لەوانەیە ئێستاکە دوو بەرابەر بێت ".
دکتۆر سامان هەر وەها دەڵێت " گرنگی سەرژمێری ئەمجار ئەوەیە بەشێک هەیە کە تاێبەت بە رەگەزە، کە لێرەدا ئەو کەسەی کە کوردە دەتوانێ بنووسی کە کوردم، لێرەدا ڕێژە و پێگە و قورسایی کورد دەردەکەوێت، کە بەداخەوە تا ئێستا کەس ژمارەی کورد لە ئەمەریکا بە ووردی نازانێت، هەر وەها ئەم سەرژمێریە کاریگەری لەسەر قورسایی سیاسیمان هەیە".
دکتۆر سامان دەشڵێت " حکومەتی ئەمەریکا ئەو 100 بیلیۆن دۆلارە بە پێی پێگەی ئەو کەمایەتی و نەتەوانەی کە هەن گەورە یان بچووک گرنگ نییە بەسەریاندا دابەش دەکرێت، لە رووێ خوێندن، فێربوونی زمان، بواری کەلتوری و یارمەتیەکانی تر، وە درووستکردنی ئەو پردە کەڵتوریە لە نێوان کورد و ئەمەریکاییەکان و راکێشانی خەڵکەکە بەلای کوردا ".