ڤیروسی کورۆنا هەر کە لە چینەوە دەستیپێکرد بەرەو سەرانسەری جیهان تەشەنەی سەند و ئەمرۆ نزیکەی ٢٧ وڵات تووشی ئەو پەتایە بوونە. دیارە ڤیرۆسی کۆرۆنا هەر تەنگەژەیەکی تەندرووستی نییە بەڵکو تەنگەژەی ئابوریشی لێکەوتووەتەوە و شیانی هەیە تەنگەژەی رامیاریش بە دووادا بێت، بەڵام تا چەند شیانی هەیە ئەم پەتایە لەسەر باری رەوانی و دەروونی مرۆڤەکان درووست بکات؟
دکتۆر ئازاد مورادیان لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت “ ئەو قەیران و مەترسیەی کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتوەتەوە، مەزنترین قەیرانیە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابوردوودا لە جیهان لە بارەی تەندرووستی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی وە لە هەموو رووێکەوە خەڵکی گرتوەتەوە و هەر کام لەم قەیرانانە کاریگەری لەسەر ئەوەی تر هەیە “.
دکتۆر ئازاد هەر وەها دەڵێت “ کاتێک ئێمە باس لە تاکە کەسی دەکەین ، ئەوەندە جیاوازی لە تاکە کەسیدا هەیە کە ناتوانین هەموو ئەو شێوازەی کە خەڵک هەڵس و کەوت دەکا لە بەرامبەر قەیرانێکدا یان لە بەرامبەر کارەساتێکدا بە یەک شێواز چاوی لێبکەین، تاکەکان لە بەرامبەر ناکۆکیەکان و ئەو کارەساتانە شێوازێکی دەروونی، روحی یان رەوانی جیاواز نیشان ئەدەن، بەڵام دەبێ ئاماژە بەوە بکەم هەر کەسێک بە هۆێ ئەزمۆنێک کە هەیەتی، بە هۆێ تەمەنێک کە هەیەتی وە بە هۆێ زانیاریەک کە هەیەتی بۆچوونێکی جیاوازی دەبێت لەسەر ئەو بابەتە”.
دکتۆر ئازاد دەشڵێت “ ئەو ترسە، ئەو نگرانیە وەئەو دڵە راوکیە کە تووشی هەموو بوە، سیستمی مرۆڤ، سیستمی تاکە کەسی وا دانراوە، تا کاتێکە بیر لەوە نەکاتەوە ژیانی لە مەترسیدایە تووشی دڵهورە و دڵە راوکی نابێت وە ئەم دڵهورە ودڵەڕاوکیە وەکو نیشانەیەکی سەرەتایی وایە بۆ ئەوەی ئەو تاکە کەسیە بکەوێتە هەوڵ و خۆێ بتوانێت لەو مەترسی و لەو کارەساتە خۆێ بپارێزێت