کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی کەی وەن ی کەرکوک نیگەرانی لای بەشێک لە هێزە کوردیەکان دروستکردووە، پێیانوایە ئەو دەرفەتەی پێشتریان لەدەستدا، کە لەژێر فشاری ئەو هێزەدا، باڵانسی هێز بۆ کەرکوک بگێڕدرێتەوە.
بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لەکەرکوک، بەلای هێزە کوردیەکانەوە گرنگ بوو، بەو پێیەی لەکاتی ئاڵۆزیدا دەهاتنە سەر هێڵ و لەکاتی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانیشدا، دۆخەکەیان هێور دەکردەوە و ڕێگەیان لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزی دەگرت.
ڕەوەندە مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی و جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، پێیوایە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی کەی وەن ی کەرکوک، فاکتەرێکی گرنگ بووە بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان پێکهاتەکاندا، دەڵێت"کاتێک ئەمەریکا لەکەرکوک بوو، ئومێدی ئەوەدەکرا بەرامبەر بە پێشێلکاریەکانی دەرهەق بەکورد بێنە جواب، یاخود ڕاپۆرتی باش لەسەر دۆخەکە بنوسن."
ڕەوەند مەلا مەحمود دەشڵێت "وەکو کورد دەبێت لەمەودوا بیر لە خۆڕێکخستنەوە و وەستانەوە بەرامبەر بە پرۆسەی تەعریب بکەینەوە."
گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچەکێشەلەسەرەکان، ڕاگرتنی باڵانسی هێز لەنێوان پێکهاتەکان و ڕێگرتن لە قۆرخکاری پێکهاتەیەک، ئومێدی هێزە کوردیەکان بوو لە سایەی هێزەکانی هاوپەیماناندا، بەڵام هاتنە دی ئەم خەونە لەغیابی ئەواندا بۆ کورد قورستر دەبێت.
هەروەها بنکەی سەربازی کەی وەن، پردی پەیوەندی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشیە کوردیەکان بوو لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، هێشتا جێگرەوەی ئەو پردی پەیوەندییە دیار نیە.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کاتێک لەشاخی قەرەچووخ ئاڵۆزی لەنێوان هاوپەیمانان و داعش دروستبوو، لە ڕێگەی بنکەی سەربازی کەی وەنەوە، هێزی زیاتر ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کرا.
ڕەوەند مەلا مەحمود، پێیوایە ڕۆیشتنی ئەمەریکاییەکان لەکەرکوک نابێتە هۆی پچرانی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵیان، چونکە ئەوان لەهەولێر بارەگایان هەیە، بەڵام بوونیان لەکەرکوک لەناو ڕووداوەکان و بینینی ئەو زوڵمانەی لەکورد دەکرا، گرنگ بوو، دەڵێت "عێراق لەبەردەم گۆڕانکاریدایە و کوردیش ئامادەیە، بەعس ملیۆنێک سەرباز و تۆپ و تەیارەی هەبوو، کورد ملی بۆ نەدا، بۆیە لە ئێستادا ئێمە پشت ئەستورین بەجەماوەرەکەمان و پێشمەرگە، چیمان بوێت دەتوانین بیکەین، بەڵام نامانەوێت ببینە بەشێک لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە."
لای خۆیەوە نوری حەمە عەلی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی میحوەری کەرکوک/ پردێ ی پێشمەرگە، پێیوایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی کەی وەن زیاتر کاریگەری لەسەر عیراق و سوپاکەی دەبێت، چونکە مەترسی داعش بۆ سەر ئەوان زیاترە، وتی"دەبێت تەوەقوعی هەموو شت بکرێ، ئەمەریکا پلانی خۆی هەیە و پلانەکانی بەکەس ناڵێت."
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەکەرکوک، بەشێکە لەو ڕێوشوێنە سەربازیانەی ئەمەریکا لە عێراق گرتوویەتیە بەر، لەو چوارچێوەیەدا، بنکە سەربازیەکانی گەیارە لە نەینەوا و و قائیمیشی لە ئەنبار ڕادەستی هێزە عێراقیەکان کرد.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: