Accessibility links

زورفی لەبەردەم کێشمەکێش و ململانێی نێوخۆیی و دەرەکی دا


عەدنان زورفی
عەدنان زورفی

ململانێ و کێشمەکێشی نێوان عەدنان زورفی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و بەشێک لە لایەنە شیعیەکان تا دێت قوڵتر دەبێتەوە.

زورفی هەوڵی گواستنەوەی ململانێکە دەدات بۆ نێو پەرلەمان و لایەنە شیعەکانیش هەوڵی شکست پێهێنانی پێشوەختی دەدەن.

لایەنە شیعەکان بەتایبەت ئەو لایەنانەی خاوەن هێزن و چەکیان لایە، وەکو کاندیدی ئەمەریکا لەزورفی دەڕوانن، بەچڕی لەسەر هێڵن و دەیانەوێت پێش گواستنەوەی پرۆسەکە بۆ نێو پەرلەمان، دەرچەیەکی یاسایی بدۆزنەوە و زورفی دوور بخەنەوە، زوورفیش بەردەوامە لەهەوڵەکانی.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، لایەنە شیعەکان وەکو کەسایەتیەکی نزیک لە ڕۆژاوا لە سەرۆک کۆمار دەڕوانن، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ ڕێگریکردنە لەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانیشیان لەدەست دەربچێت.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاریە سیاسیەکان، پێیوایە لایەنە شیعیەکانی نزیک لە ئێران وەکو کاندید و تەنانەت ئامرازێکی ئەمەریکیش لە زورفی دەڕوانن، دەڵێت" نەیاران و پشتیوانیکارانی زورفی وەکو یەک بەهێزن، بۆیە چانسی بردنەوەی گرەوەکە و شکست هێنانیشی وەکو یەکە."

بەڕێز حسێن دەڵێت "زورفی و هاوکارەکانی گرەو لەسەر بردنی پرۆسەکە بۆ نێو پەرلەمان دەکەن، چونکە پێیانوایە پەرلەمانتارانی سەربە کوتلەکان بەپێچەوانەی ڕێکەوتن و خواستی کوتلەکانیان، دەنگی پێ دەدەن."

ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، کوتلەکانی نەسر، سائیرون و چەند کوتلەیەکی تری شیعە پشتیوانی زورفین و کورد و سونەش نەرمییان نواندووە، لەکاتێکدا کوتلەی فەتح و هەندێک لەکوتلەکانی تر بەچڕی بۆ شکست پێهێنانی لەسەر خەتن.

زورفی دەیەوێت سیناریۆکەی بەرهەم ساڵەح دووبارە بکاتەوە، بەوەی ڕێککەوتنی کوتلە سیاسیەکان لەسەر دەرچوواندنی فوئاد حسێن بوو تا ببێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام لەنێو پەرلەماندا، هاوکێشەکە پێچەوانە بوویەوە و بەرهەم ساڵەح دەرچوو، بۆیە هەموو هەوڵێکی زورفی بۆ گەیاندنی کابینە وەزاریەکەیەتی بۆ نێو پەرلەمان، هەوڵی شیعەکانیش بۆ ڕێگری لێکردنیەتی.

حەسەن جیهاد ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت بەگرنگ ناودەبات، هەروەک بەپێویستیشی دەزانێت حکومەتێکی خاوەن بڕیاری بەهێز پێکبهێنرێت.

ناوبراو بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێکهێنانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، چارەسەرکردنی کێشەی دابەزینی نەوت، ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان، هێورکردنەوەی دۆخی ناجێگیری عێراق پێویستە."

هاوکات لەگەڵ دابەشبوونی هێزە سیاسیەکاندا بەسەر پشتیوانی و نەیارێتی زورفی دا، کێشمەکێش و ململانێی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و میلیشیا شیعەکانیش توندتر دەبێتەوە، بەو پێیەی میلیشیاکان پێیانوایە، ئەمەریکا لە پشت زورفیەوەیە و پلانی داهاتووی لاوازکردنی ئەوانە.

بەپێی زانیاریەکان، ئەمەریکا بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە هەوڵەکانی زورفی دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەو پێیەی پێکهێنانی حکومەت لەمکاتەدا بە پێویست دەزانێت.

هەر بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا کە لەبەرپرسانی عێراقەوە وەریگرتوون، ئەمەریکا پەیامی توندی ئاراستەی گروپە چەکدارە شیعیەکان کردووە، بەوەی لەحاڵەتی بەردەوام بوونیاندا لەسەر هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیەکانی، ڕووبەڕووی هێرشی توند دەبنەوە.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغدا، پێیوایە ململانێی نێوان لایەنە عێراقیەکان کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دۆخەکە، وەک ئەو دەڵێت"ئەم ململانێیانە کاریگەرییان لەسەر دۆخی عێراق دەبێت."

هەوڵەکانی زورفی بۆ پێکهێنانی حکومەت، تەنها لایەنە عێراقیەکانی دابەش نەکردووە، بەڵکو ململانێکە ڕەهەندێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشی وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:19 0:00


XS
SM
MD
LG