وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات لەڕێگەی لایەنگر و سەرچاوەکانیانەوە لە سەقز و بانە و پێنجوێن، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چۆنیەتی دەستگیرکردنەوەی مستەفا سەلیمی لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، دەڵێت " تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی، قسەی کۆتایی لەو بارەیەوە بکەین، بۆیە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوام دەبن و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەکەی حکومەتی هەرێمیش دەکەین."
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان و ئەندامی مەجلیسی گشتی ئەو حیزبە، ئاماژەی بەوەکرد گەر ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی ساغ ببێتەوە، ئەوکات دەبێت سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە هەڵوێست بەرامبەر بە تاوانەکە وەربگرن، وتی "نابێت هەر حیزبە و لای خۆیەوە بە جیا قسە بکات، دەبێت هەڵوێستەکانمان یەکبخەین."
سەبارەت بەو هەڵوێستانەی بیریان لێکردووەتەوە، لەحاڵەتی ئاشکرابوونی ڕادەستکردنەوەی سەلیمی دا بە ئێران، وتەبێژەکەی پارتی ئازادی کوردستان، وتی"گەر خوانەخواستە سەلما ڕادەستکراوەتەوە، ئێمە نیازی شەڕی براکوژیمان نیە لەگەڵ ئەو لایەنەی ئەو کارەی کردووە، بەڵکو ڕێگەی یاسا دەگرینە بەر، لای ڕێکخراوەکان و کونسوڵخانەکان شکات دەکەین."
هەروەها وتیشی" گەر بسەلمێ، سەلیمی ڕادەستکراوەتەوە، ئەمە یەکێتی نەتەوەیی تێکدەدا، دابڕانی نەتەوەیی لێدەکەوێتەوە، چونکە مەسەلەکە تەنها سەلیمی نیە، بەڵکو مەسەلەکە دابەشبوونی ڕیزەکانی نەتەوەییمانە."
دەربارەی ئەوەی مستەفا سەلیمی ئەندامی چ حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەتایبەت زۆربەی حیزبەکان خۆیان لە خاوەندارێتی کردنی بەدوور دەگرن، خەلیل نادری وتی"خۆم قسەم لەگەڵ برادەرانی حیزبی دیموکرات دا کرد، وتیان: لەساڵانی 1980 ی زاینی بەرامبەر بە 60 ی هەتاوی، پێشمەرگەی ئێمە بووە، بەڵام گەڕاوەتەوە و خۆی ڕادەستی ئێران کردۆتەوە، دوای ئەوە ئەندامی ئێمە نەبووە، بۆیە هیچ حیزبێک نیە، بڵێت: مستەفا سەلیمی ئەندامی ئێمە بووە و چالاکی هەبووە."
لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، خەلیل نادری باس لەوتۆمەتانە دەکات کە ئاراستەی سەلیمی کراون بەوەی کاری "چەتەگەری"کردووە، وتی"بەڵگەمان نیە کاری چەتەیی کردبێ یاخود نەیکردبێ، ئێمە ئاگاداربووین 17 ساڵ لەمەوبەر لەناوچەکانی رۆژهەڵات چەکی پێبووە و توشی پێکدادان بووە لەگەڵ رژێمدا، چەند کەسێک لە ڕژێم کوژراوە و دواتر گیراوە، بۆیە ناتوانین بڵێین، چەتەیی کردووە یان نەیکردووە، بەڵام خەڵک بەپەرش بوون بۆی."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد هیچ حیزبێک ساغی نەکردۆتەوە کە سەلیمی ئەندامی بووبێت، بەڵام رۆژانە رژێمی ئێران خەڵک و چالاکوان دەستگیردەکات و لەسێدارەیان دەدات، بێ ئەوەی وابەستەیی حیزبیان هەبێت، وتی"مەسەلەکە ئەوەنیە، مستەفا سەلیمی ئەندامی حیزب بووە یان نە، گیراوی سیاسی بووە یان نە، مەسەلەکە ئەوەیە گەر تاوانباریش بووبێ، ناکرێت ڕادەستی وڵاتێک بکرێتەوە کە دەیکوژێ، ئێمە نیگەرانین لەوەی ئەم دۆسیەیە یەکێتی نەتەوەیی تێکبدات، گەر ئەمە کرابێ، تاوانێکی گەورەیە دەرهەق بە نەتەوەکەمان."
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: