ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە زیادی کردووە.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت پشتڕاست کراوەتەوە دوو کەسی تر هەڵگری ڤایرۆسەکەن و هاوکات کەسێکیش بە تەواوەتی چاکبۆتەوە.
دکتۆر ئازاد موستەفا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردووە، چەند جارێک پشکنینی تەندروستی بۆ ئەو کەسە کراوە کە چاکبۆتەوە و لە هەموو جارەکاندا ئەنجامەکان نێگەتیڤ بوون، ئەمەش یانی ڤایرۆسەکە لە لەشیدا نەماوەتەوە.
دکتۆر ئازاد ئاماژەش بەوە دەکات، ئەوانەی پەتاکەیان گرتووە و لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، باری تەندروستییان جێگیرە، دەشڵێت هەر نەخۆشێک 3 جار پشکنینی بۆ دەکرێت و پێویستە لە هەر 3 جارەکەدا، ئەنجامەکان نێگەتیڤ بن، ئەوجا بڕیار دەدرێت کە ئەو نەخۆشە دەتوانێت بڕواتەوە ماڵی خۆی.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە، داواش دەکات تەنانەت ئەوانەش کە لە پەتاکە چاک بوونەتەوە، پێویستە وەک هەموو کەسێکی تر، وابەستەی ڕێنوماییەکان و ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن بن.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: