لەوەتای ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراقدا ڕوخێنراوە، هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەواوی عێراقییەکان لە زاخۆوە بۆ فاو، چاوەڕوانن تا بزانن عێراقی نوێی پاش سەدام حوسەین، چییان پێدەبەخشێت و چۆن دەتوانێت چەمکی هاوڵاتیبوون لەو وڵاتەدا بەرز ڕابگرێت.
عێراقییەکان چییان دەوێت؟
تەواوی پێکهاتەکانی عێراق دەخوازن، دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لە وڵاتەکەیاندا هەبێت، سیستەمی فەرمانڕەوایەتی وڵات دووربخرێتەوە لە هەموو بەش بەشێنەیەکی سیاسی و تایفەگەرایی، عێراقییەکان دەخوازن سەروەرییان هەبێت و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروبارەکانی وڵاتەکەیاندا بنەبڕ بکرێت.
بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە؛ لە ساڵی 2003وە، لە حکومەتی کاتی عێراقەوە، بۆ حکومەتەکانی ئەیاد عەلاوی و نوری ئەلمالیکی و ئیبراهیم جەعفەری و حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، ئایا توانیویانە ئەو خەونانەی عێراقییەکان بێننەدی؟!
مەیدانی تەحریر لە بەغدا و مەیدانەکانی تری شارەکانی تری وڵاتەکە پێمان دەڵێن نەخێر، نەک هەر خەونەکان نەهاتوونەتە دی، بەڵکو ئەو عێراقە نوێیەی پێش ساڵی 2003 باس دەکرا، کراوەتە وڵاتێک لێوان لێو لە ناکۆکی ترسناک لەسەر دەسەڵات و داهات، بۆتە وڵاتێک هەمیشە لە لێوارەکانی شەڕ و ئاشوبی ناوخۆییدایە و ئەزموونەکان لە ساڵی 2003وە دەڵێن هێندەی ئەوەی زەمینەی ئەو شەڕە لە ئارادایە، نیو هێندە تروسکاییەک بەدی ناکرێت.
لەژێر فشاری خەڵکدا، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەستی لە کار کێشایەوە.
موحەمەد تۆفیق عەلاوی و هەروەها عەدنان زورفی ڕاسپێردران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە، بەڵام نەیانتوانی، نە متمانەی شەقامی عێراقی بەدەستبێنن، نە متمانەی لایەنە سیاسییەکانیش.
ئێستا موستەفا کازمی ڕاسپێردراوە، تا کابینەی نوێ پێکبهێنێت.
کازمی، لە سەروەختی حکومەتەکەی عەبادیەوە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بووە.
وەک دەگوترێت کازمی کەسێکی بێ لایەنە و سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی ئەو وڵاتە نییە، لە یەک دووراییەوە بەرامبەر ئێران و ئەمریکا وەستاوە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئەم تایبەتمەندێتیانەی کازمی بەسن بۆ هێورکردنەوەی شەقامی عێراقی؟
پرسیارگەلێکی زۆر بێ وەڵام ماونەتەوە؛ لەوانە، ئایا موستەفا کازمی و حکومەتەکەی، ئەگەر لە پەرلەماندا پەسەند کرا، بە چ ڕێگەیەک دەتوانێت ئەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووە، یان عێراقی نوقمی ناکۆکی سیاسی ببات بەرەو کەنارەکانی ئارامی؟ ئایا دەتوانێت چەمکی هاوڵاتیبوون بەرز ڕابگرێت. میوانی بەرنامە:
موحەمەد حوسەین، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
ئاماژەکان لە عێراقدا بەو ئاڕاستەیەدان (تا کاتی ئامادە و پێشکەشکردنی ئەم بەرنامەیە) کە شییانێکی زۆر هەیە حکومەتەکەی موستەفا کازمی لە پەرلەماندا پەسەند بکرێت، وەک هەنگاوێک بۆ دەربازکردنی عێراق لە ئەگەرەکانی بۆشایی و کەلێنی دەستوری، بەڵام هێشتا هیچ متمانەیەک لە ئارادا نییە کە کازمی بتوانێت یەک بە یەکی ئەو پەیمانانەی دەیدات، پەسەندکردنیان بۆ بەدەست بێنێت لە پەرلەماندا، وەک زۆرێک لە عێراقییەکان دەڵێن پەرلەمان بۆتە جێیەک بۆ سەودای بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی کۆنتراکتەکان.
هەرچۆنێک بێت، لە نوێترین لێدوانیدا، کازمی دەڵێت حکومەتەکەی ئامادەیە، دەستپاکی و توانایی بنەمای دیاریکردنی وەزیرەکانیەتی و دەشڵێت ئەرکە سەرەکییەکەی دوورخستنەوەی عێراقە لە ململانێ هەرێمایەتییەکان.
ئەگەر ئەم حکومەتەی کازمی پەسەندکرا، ئەوا حکومەتێک لە سەروەختێکدا پێکدەهێنێت کە عێراق وێڕای هەموو کێسەکانی تری، رووبەڕووی قەیرانەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەهاش ڕووبەڕووی قەیرانی ئابوری بۆتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، هەر بۆیە وەک چاودێر دەڵێن؛ عێراق بەم هەموو تەنگژە و گێرمەوکێشانەوە، ئاسان نییە، بەڵکو سەختیشە بتوانێت لەو زۆنگاوی گەندەڵیە سیاسی و داراییەی تێیکەوتووە بێتە دەرێ.
موحەمەد حوسەین، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە: