Accessibility links

جموجۆڵە فراوانەکانی داعش لەدەوروبەری کەرکوک


کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەربازگەی کەی وەن ی کەرکوک و بۆشایی ئەمنی، دەرفەتی جم و جۆڵ و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر هێزە عێراقیەکان بۆ داعش ڕەخساندووەتەوە.

گەر لە ڕابردوودا، جموجۆڵی داعش سنوردار بووبێت و جموجۆڵەکانیان زیاتر لە شەواندا بووبێت، ئەوا لە ئێستادا، چەکدارانی سەر بەو ڕێکخراوە، لەناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە عێراقیەکان چڕکردۆتەوە.

نهێنیبوون و سنورداری جموجۆڵەکانی داعش لەڕابردوودا، پەیوەندی بەهەبوونی ترسیانەوە لە هێزە عێراقیەکان نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بەو ترسەوە هەبوو لە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هەیانبووە، کەبەردەوام بەناوچەکەدا دەسوڕانەوە و چاودێریان دەکردن، دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، دەرفەتی نوێ بۆ داعش هاتووەتە پێشەوە.

ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە لەکەرکوک، پێیوایە سەرقاڵبوونی هێزە عێراقیەکان بە کۆرۆنا و دۆخی ئێستای سیاسی عێراق و کشانەوەی هاوپەیمانان لە سەربازگەی کەی وەن، دەرفەتی زیندوو بوونەوەی بۆ داعش لەدەوروبەری کەرکوک ڕەخساندووە.

حەدیدی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کەی وەن، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەردەوام چاودێری داعشیان دەکرد، ئێستا چاودێری کردنیان لاواز بووە."

گەر داعش لەڕابردوودا، بەنهێنی هێرشی پچڕپچڕی لەشەوان دا ئەنجام دابێت، ئەوا لە ئێستادا کە هێرشە ئاسمانیەکانی سەریان کەمیکردووە، هێرشەکانیان بە ڕۆژ وە بێ ترس ئەنجام دەدەن.

پەلاماردانی هێزە عێراقیەکان لە ڕۆژدا، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمب ڕێژکراو، ئاماژەن بۆ گۆڕینی تاکتیکی داعش لە بەرگریەوە بۆ هێرشکردن، هەروەک ئاماژەشن بۆ ئەوەی کە شوێنی حەوانەوە و مانەوەیان هەیە و لێوەی خۆیان بۆ هێرشەکان ئامادە دەکەن.

ئەڵماس فازڵ یەکێک لەنوێنەرانی کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد چۆڵکردنی سەربازگەی کەی وەن و بوونی بۆشایی ئەمنی، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە قۆستراوەتەوە و هێرشەکانیان چڕکردۆتەوە.

هەروەها وتی"هەر شوێنێک بۆشایی ئەمنی تێدا بێت، داعش ئەو بۆشاییە ئەمنیە دەقۆزێتەوە."

لەکاتێکدا داعش جیاوازی ناکات لەنێوان هێزە عێراقی و هێزە کوردیەکان و پەلاماری هەردوولایان دەدات، بەڵام ئەم دوو هێزە، تائێستا نەیانتوانیووە بگەنە ڕێککەوتن، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوانیان و هەماهەنکی کردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئەو ڕێکخراوە.

لەدوای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، ناوچەیەکی بەرفراوانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان چۆڵە، داعش چۆڵیی ئەو ناوچانەی قۆستووەتەوە، لێوەی پەلاماری هەردوولایان دەدات، بەڵام عێراق و هەرێم نەیانتوانیووە لەسەر پڕکردنەوەی ئەو ناوچانە ڕێکبکەون.

عەقید شەماڵ بێشکانی بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی کوڵەجۆی نێوان پارێزگای دیالە و ناوچەی گەرمیان، کە ناوچەکەی ڕووبەڕووی چەندین هێرشی داعش بووەتەوە، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی بۆشایی ئەمنی نێوانیان لەگەڵ هێزە عێراقیەکان، هۆکارە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی داعش، دانی بەوەشدا نا، هیچ هەماهەنگیەکیان لەگەڵ هێزە عێراقیەکانی ناوچەکە نیە.

هێزە عێراقیەکان و هێزەکوردیەکان نەک هەماهەنگی لەنێوانیاندا نیە بۆ شەڕی داعش، بەڵکو متمانەشیان بەیەکتری نیە، ناو بەناویش یەکتری بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ داعش تۆمەتبار دەکەن.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:24 0:00
XS
SM
MD
LG