دوای تێپەڕبوونی 122 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی، پیشەی ڕۆژنامەوانی و نوسین بەگشتی و دەزگای میدیایی، بە كۆمەڵێك كێشە و گرفت و ئاستەنگدا تێپەڕیوە لە سەردەم و قۆناغی جیاجیاکاندا.
لەمپەر و ئاستەنگیەكی زۆر لە بەردەم ئازادی ڕادەڕبڕین و وەشانی دەزگای میدیایی هاتنەپێش كە تا ئێستاش بەردەوامییان هەیە و جۆرەها پێشێلكاری، بە تایبەتی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان كراون هەر لە گرتن و ئەشكەنجەدان و برینداركردن تا كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و داخستنی دەزگای میدیایی و سزادانیان.
لەبارەی كاری نووسین و ڕۆژنامەوانی پەنجا ساڵ بەرلەئێستا و بەراوردكردنی لەگەڵ جیهانی ئێستای ڕۆژنامەوانی كوردی و ڕەخنە و گلەیی نووسەران و ڕۆژنامەوانانی دێرینی كورد لە میدیای كوردی و نووسین و كۆمەڵێك پرسی تری گرێدراو بەو دوو سەردەمە؛ موسەدەق توڤی، نوسەر و ڕۆژنامەوانی دێرینی كورد، کە بەرهەم و كارەكانی پەنجا ساڵ بەرلەئێستا لە گۆڤار و ڕادیۆ و ڕۆژنامەكاندا بڵاوكراونەتەوە، لەوانە ڕۆژنامەی هاوكاری بەغدا ساڵی 1970 و هەروەها ڕۆژنامەی برایەتی و گوڤاری ڕۆشنبیری نوێ و بەیان و پەیڤ، وە تا ئێستاش بەردەوامە لە نوسین لە نێو جیهانی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەداتەوە.
موسەدەق توڤی دەڵێت، ئەو سروشتەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هەیەتی كە فرەحزبییەكی هەڵەیە، كاریگەری لەسەر ڕۆژنامەوانان كردووە و میدیاكارانی لێك جیاكردۆتەوە، هەر یەكێك بە مەبەستێك پەیامەكەی دەگەیەنێت.
نوسەر و ڕۆژنامەوان موسەدەق توڤی دەڵێت "بەداخەوە هەندێك جار ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، لە پێناو هەندێك مەرامی سیاسی و حزبی بەرتەسكدا، پەیامی میدیاكارانی ئێمە لە بەرژەوەندی خەڵكی گشتی كوردستان و دۆزی ڕەوای خەڵكی ئێمەدا نیە."
لە هەرێمی كوردستان لەم سەردەمەدا پیشەی ڕۆژنامەوانی و كاركردنی دەزگای میدیایی ڕووبەڕووی دەیان جۆری پێشێلكاری هاتوون هەر لە داخستنی دەزگایی میدیایی و ئەشكەنجەدان و زیندانكردنی ڕۆژنامەوانان بگرە تا كۆشتنی ڕۆژنامەنووسان.
ساڵانی حەفتا و هەشتاكان پێشێلكاریەكانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی كورد بە تایبەتی و دەزگای میدیایی چۆن و لە چ ئاستێكدا بوون ؟
نووسەر و ڕۆژنامەوان موسەدەق توڤی، سەبارەت بەم بەراوردکارییە دەڵێت"لەو سەردەمەدا لەوبارەیەوە جیاوازی لە نێوان پارچەكانی كوردستان هەبوو بۆ نموونە لە باكووری كوردستان شتێك نەبووە پێی بڵێی میدیای كوردی یان ڕۆژنامەوانی كوردی هەروەها لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستانیش بەهەمان شێوە، تەنها ئێمە لە باشووری كوردستان میدیایەكی كوردیمان هەبوو ئەویش سەر بە دەوڵەت بوو ئاڕاستەكراو بوو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەوێ كاریان دەكرد ئەوانە بوون كە دەوڵەت لێیان ڕازی بووە، بۆیە لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەوانی كورد نەهاتووەتە ئەشكەنجەدان بەڵام ئەشكەنجەدان بۆ نووسەران بووە ئەوان زۆر قوربانیان داوە، زیندان و ئەشكەنجەدان و شەهید كراون ئەو نووسەرانەی بە ئاشكرا دەربڕینیان لە بیروباوەری ئازاد دەكرد، چەند نووسەرێكی وەك دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف و مامۆستا شاكر فەتاح شەهیدكراون ئەمانە وەكو نووسەر."
میدیای كوردی لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكان تا چەند توانیویەتی ڕای گشتی لەسەر هەندێك پرس دروست بكات وگۆڕانكاری بكات و كاریگەری خۆی بەسەر ناوچەكە هەبێت ؟
بەڕێز توڤی دەڵێت، لە هەندێك هەلی كورتدا بۆ نموونە لە ساڵی حەفتا تا حەفتا و چوار ڕۆژنامەی التاخی كە لە بەغدا دەردەچوو دەربڕینی لە بیروباوەری شۆڕشی كوردستان دەكرد تا ئاستێك توانی گۆڕانكاری نەك تەنها لە كوردستانی عێراق بەڵكو لە هەموو عێراق دروست بكات لە هەمانكاتدا لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكان ئێمە ئیزگەی نهێنیمان هەبوو كە سەر بە شۆڕشی كوردستان و حزبە كوردستانیەكان بوون، لەگەڵ هەندێك بەڵاڤۆك و گۆڤار ئەمانە ئاستی كاریگەرییان بەهێزبوو بەڵام وەشانیان كورت بوو نەیانتوانی ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕن.
موسەدەق توڤی، هۆكاری سەرەكی ژمارەی كەمی ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی كورد لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە نەبوونی ئیستگە و وەشان و دەزگای میدیایی كوردی پێش پەنجا ساڵ هۆكاری سەرەكی بوون، بەڵام لە هەمانكاتدا وەک دەڵێت، ئەو دەزگایانەی كە هەبوون سەر بە دەوڵەت بوون ڕۆژنامەنوسانی كوردیش نەیانویستووە هاوكاری لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەت بكەن،بەڵام دوای ساڵی 1991 و دامەزراندنی هەندێك دامەزراوەی میدیایی لە باكور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستانیش دەبینین و ڕۆژنامەوانی لە كوردستان بووەتە پیشە و سەرچاوەی داهات بۆیە دەبینین زۆر كەس هاتووە بۆ نێو كاری میدیایی، لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین هەندێك ڕۆژنامەنووسی بەرژەوەندیخواز یان بۆ مەرامی تایبەتی، جێگای خویان تێدا كردووتەوە و لەوانەیە لە هەندێك حاڵەتدامیدیا بە ئاڕاستەیەك ببەن كە لە بەرژەوەندی گشتیدا نەبێت.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: