Accessibility links

داوای قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی بریندارانی چه‌كی كیمیاوی ده‌كرێت


له‌ ڕۆژی جیهانی بریندارانی چه‌كی كیمیاییدا، بریندارانی ئه‌و چه‌كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ داوای قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كه‌ن له‌و زیانه‌ دارایی و ده‌رونیانەی پێیان گەیشتووە به‌هۆی كیمیاباران كردنی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌ 16-3-1988 له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ و ده‌شڵین تا ئێستاش ئه‌و چه‌كه‌ كۆكوژه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكاندا به‌كار ده‌هێنرێت ‌ كه‌ مایەی نیگه‌رانییه.‌

هۆشمه‌ند موراد، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، له‌ ووتوێژێكی لەگەڵ ده‌نگی ئه‌مریكادا ده‌ڵێت "ساڵانه‌ په‌یامه‌كانی خۆمان ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین و داوا ده‌كه‌ین ڕێگری بكرێت له‌ دروستبوون و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌كان و ڕێگه‌ نه‌درێت جارێكی دیكه‌ چه‌كی كیمیاوی به‌ركار بهێنریته‌وه."‌

ئەم ئەندامەی ده‌سته‌ی باڵای قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌شڵێت تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق نه‌یتوانیووه‌ قه‌ره‌بووی زیانه‌ دارایی و مادیه‌كانیان بكاته‌وه‌ و له‌ كاتێكدا په‌رله‌مانی عیراق پڕۆژه‌یاسایه‌كی تایبه‌تی به‌و بواره‌ ده‌ركردووه‌ به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق جێبه‌جێ‌ كراوه‌ و له‌ كوردستانیش جێ‌ به‌جێ‌ نه‌كراوە.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمریکا هۆشمه‌ند موراد، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دۆخی بریندارانی چه‌كی كیمیاوی به‌هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ خراپه‌ و هه‌موو ساڵێكیش 9 -10 كه‌س له‌ بریندارانی چه‌كی كیمیاوی به‌هۆی كاریگه‌ریه‌كانی تا ئێستای بەکارهێنانی ئەو چەکەوە له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن

به‌پێی ئاماره‌كانی كومه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ 972 كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌ركه‌وته‌ی چه‌كی كیمیاوین و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 485 كه‌سیان له‌ پارێزگایی هه‌ڵه‌بجه‌دان و زیاتر له‌ 20 كه‌سیشیان ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ و به‌هۆی ئامێری هه‌ناسه‌دانی دەستکردەوە‌ هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ن.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی ووتوێژه‌كه‌دایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:26 0:00


XS
SM
MD
LG