لە عێراق ئەوەی نکوڵی لێناکرێت ئەو سەختیانەن کە دەکەونە بەردەم حکومەتی نوێی وڵاتەکە، جا ئایا موستەفا ئەلکازمی سەرۆکی ئەو حکومەتە بێت یان هەر کەسایەتییەکی تر.
زۆرێک لە چاودێر جەخت دەکەنەوەلەوەی گرفتی هەرە سەرەکی ئەو وڵاتە لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتیدایە نەک لە تاکە کەسەکاندا بۆ فەرمانڕەوایەتی کردن.
وەک دەگوترێت دەشێت حکومەتەکەی ئەلکازمی، پەسەند بکرێت، بەڵام ئایا ئەوەندە بەسە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکانی ئەو ئاڵۆزیانەی ناو قەیرانەکانی عێراق؟
ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی پێویستی بە وەڵامێکی ڕژد هەیە، پێویستی بە چارەسەرکردنێکی یەکلاکەرەوە هەیە، نەک پینە و پەڕۆ کردنەکانی 15 ساڵی ڕابردوو، هەرچەندە زۆرێک لە شیکەرەوە بە گومانێکی قوڵەوە لەوە دەڕوانن کە خواستێک هەبێت لەناو خودی ڕێبەرانی سیاسی وڵاتەکەدا بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنێکی ڕاستەقینەدا، هەر بۆیەشە گەشبینییەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت، هەر هیچ نەبێت بۆ ئایندەیەکی نزیک.
میوانی بەرنامە:
شەماڵ ئەحمەد، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان
ئەمریکا دوورکەوتۆتەوە لە بواری سیاسی عێراق، پێشدەچێت هۆکارەکەی نەبوونی هەوڵێکی ڕژدی عێراقییەکان بێت بۆ ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەیاندا.
تەنانەت لە دوای کوژرانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە بەغدا، هێشتا ئاماژەیەکی ئەوتۆ دەرنەکەوتوە بۆ کەمبونەوەی ئەو کاریگەریانەی ئێران لە عێراقدا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەروادێ و گەورەبوونی بۆشایی و کەلێنەکانی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە، بەشێکی تری کێشە ئاڵۆزەکانی عێراقە؛ کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە نمونە، یان عەرەبی سوننە و دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا، هەروەهاش خواست و داواکانی تری کەمایەتییەکان لە عێراقدا .
ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە دەرەوەی پەرلەماندا بوونە تەگەرە لەبەردەم موستەفا ئەلکازمیدا، ڕەوشەکە چیی بەسەردێت؟
ئایا هەڵبژاردن دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق؟
بۆچی کورد، لە هەموو لایەنێک زووتر پشتیوانییان بۆ موستەفا ئەلکازمی ڕاگەیاند؟
ئایا لەگەڵ ئەم قەیرانانەی ناو هەرێمی کوردستاندا زەمینەیەک ماوە بۆ دروستبوونی لایەنێک یان تەوژمێکی نوێی سیاسی؟
شەماڵ ئەحمەد، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: