Accessibility links

كاردانەوەكان سەبارەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران


ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق، دەست بە دانیشتنەكانی دەكات و هەوڵ دەدرێت ئەو پڕۆژە و پێشنیار و بەرنوسی یاسایانە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت و دواتر پەسەند بكرێن.

لەو چوارچێوەیەدا هەواڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر چەند پەرلەمانتارێك هەیە، لەوانە پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان "سۆران عومەر"ئەمەش نیگەرانی لای بەشێك لە كاربەدەستان و خەڵكی ناوچەكە دروستكردووە و لە بەرامبەریشدا بەشێکی تری خەڵك و کاربەدەستان داوای سەروەربوونی یاسا و پەنابردن بۆ دادگا دەكەن.

ئەم باسە شەقامی كوردی بەسەر دوو ڕا و بۆچوونی جیاوازدا دابەشكردووە؛ بەشێكیان پێیان وەهایە با ئەم پرسە بۆ یاسا و دادگا لێیگەڕێن و یاسا سەروەربێت، بەشێكی تریش پێی وایە ئەمە تۆڵەكردنەوەیە لەسەرهەڵویستەكانی پێشووی ئەو پەرلەمانتارە. ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت سەرەك وەزیر بەشێوەیەكی مەدەنیانە وەكو هەر هاوڵاتیەكی ئاسایی داوای خۆی تۆماركردووە و با دادگا مافەكەی وەربگرێت كە ناوزڕاندنە و بابەتێكی ناقانوونی نییە و ئیعدامكردنی كەس نیە.

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت، چەند پەرلەمانتارێك داوایان لەسەرە لە لایەن خەڵكەوە ئینجا ڕۆژی پێنجشەممە لابردنی پارێزبەندی دەخرێتە دەنگدان ئەمە شتێكە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە و وەرگرتنەوەی مافی پەرلەمانتاری لەكەس نییە تەنها ئەوەیە بەپێی پەیڕەو ئەگەر كەسێك بچێتە بەردەم دادگا ئەندامی پەرلەمان بێت دەبێت پارێزبەندی لەسەر لاببەیت دیارە ئەم كەسە (سۆران عومەر) كۆمەڵێك قسەی كردووە ئەگەر قسەكانی بنەمایەكی هەیە و ڕاست و درۆستن، چ ترس و خەمێكی تێدایە با بچێتە بەردەم دادگا و پاكی خۆی بسەلمێنێت و ئەگەریش وانیە، وەک پێشەوا هەورامی دەڵێت "حەتمەن ئەگەر كەسێك تەشهیر بە خەڵكێك بە كەسێك بكات حەقی خویەتی سزاكەی وەربگرێت."

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی سەبارەت بەوەی ئایا فراكسیۆنی پارتی سورە لەسەر ئەوەی هەوڵ دەدات پارێزبەندی لە پەرلەمانتار سۆران عومەر لابدات، دەڵێت، ئەمە بابەتێكی جدیە و دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی دەنگدان كە كۆمەڵێك پەرلەمانتارن ناویان دەخرێتە دەنگدان تا پارێزبەندیان لەسەر لاببرێت و دەشڵێت "چاوەڕێ دەكەین تا ڕۆژی دەنگدان."

لە ڕاگەیەندراوێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا داوا لە هەموو فراکسیۆنەکانی په‌رله‌مان دەکات ڕێگەنەدەن ئەم هه‌وڵه‌ سەربگرێت، وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە "دواجار پەرلەمانی کوردستان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییەوە دەکاتە دەزگایەکی بندەستی حکومەت و بەرپرسە دەستڕۆیشتوەکانی، هەروەها بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەیان سۆران عومەر، ئەمە پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایەکی تاریکە بە ئاڕاستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایەک بۆ ئازادی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە."

پشتیوان جەمال، مامۆستای زانکۆیە، بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت ڕوون وئاشكرایە ئەم خولەی پەرلەمان خولێكی زۆر لاواز و بێ بەرنامەیە (خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق) و پێویستە كار لەسەر ئەوە بكات كە بژێوی خەڵك باشتر بكات و كار لەسەر دابینكردنی موچەی خەڵك بكات، نەك باس لە ئەندام پەرلەمان یان لایەنی تر بكات، خەڵك بێ كار و ژیانە و پێویستی بەوەیە پەرلەمان بڕیارێك بدات بەلانیکەم زۆربەی پێداویستیەكانی ژیان بۆ خەڵك دابین بكرێت، وەک دەڵێت چینی باڵا ئاگایان لە چینی هەژارەكان نیە.

ڕوپاك ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت، فراکسیۆنەکەی داوای سەروەری یاسا و دادگا دەکات و نكوڵی و لارییان نییە لەوە، بەڵام هەڵگرتنی پارێزبەندی، شێواز و میكانیزمی خۆی هەیە بەپێی قانون، بۆیە ئەوان دەڵێن با یاسا سەروەر بێت و خەڵكی تر مافی نییە چونكە پێشێلی قانونیان كردووە سوران عومەر كە باسی كردووە گووتویەتی سەرۆكی حكومەتی كۆمپانیا و بانكی هەیە ئەوانیش ئیشیان چییە وەكو پەرلەمانتار ئیشییان لێپێچینەوە و بەدواداچوون و هەروەها قسەگوتنە بە حكومەت، بابەتەكە بە سیاسی كراوە ئەگەر نا هیچ پەرلەمانتارێك لەسەر حكومەت و سەرۆكی حكومەت پارێزبەندی لەسەر هەڵناگیرێت.

ڕوپاک ئەحمەد دەڵێت ئەندامانی فراکسیۆنەکەی سوپاسی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن كە هەوڵی داوە و هەڵوێستی زۆر باش بووە چونكە تا ئێستا لە مێژووی پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر كەس هەڵنەگیراوە ولەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكان جگە لە پارتی و لەگەڵ پێكهاتەكان قسەیان كردووە و وەک دەڵێت هاوهەڵویستنو دەنگ بەو لێسەندنەوەیەی پارێزبەندی نادەن و لە ناو هۆڵی پەرلەمان قسەی خۆیان دەبێت.

لە ڕونکردنەوەیەکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند "دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە چەندین تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمایئاراستەیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکی داواکاری گشتی داوای کردووە کە پەرلەمانتاری ناوبراو بەڵگەی پێویست لە بارەی تۆمەتەکانی، ڕادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات و راستی تۆمەتەکانی بسەلمێنێت، ئەگینا تۆمەتەکانی دەچنە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و سەرەنجام رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. بەڵام دوای چەندین جار ئاگادار کردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی لەسەر تۆمەتەکانی پێشکەش نەکردووە و خۆی دەدزێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێکارەکان بگیرێتەبەر تا راستییەکان روونببنەوە و سنوورێکیش بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنی ناوبراو دابنرێت .

خەڵکی کوردستان دەزانن سەرۆکی حکومەت لە رابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەلام خەریکە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەک کە لە پەنای کاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی رای گشتی چەواشە دەکرێت ، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمان نییە ، بەڵکو پرۆسەیەکی یاسایی و مەدەنییە و هەر کاتێک پەرلەمانتار یاسا پێشێل بکات، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ماددە ( 24 ) پارێزبەندیی لە سەر هەڵدەگیرێت تاکو دادگا بتوانێت لە رووی یاساییەوە رێکار و رێچکەی خۆی بگرێتەبەر و کەسیپێشێلکار ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە."

بەپێی ماددەی (24) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەندامانی پەرلەمان پارێزبەندیان هەیە ناكرێت ڕاوەدوو بنرێن یان لێكوڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، یاخود ماڵ و نووسینگەكەی بپشكێندرێت و دەستگیربكرێت بەبێ مۆڵەتی پێش وەختەی پەرلەمان تەنیا لەو حاڵەتە نەبێت كە تاوانێكی بینراوی ئەنجامدابێت بەڵام لە هەمان ماددە و لە بڕگەی (4) دا هاتووە كە بریاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی پەرلەمانە و لە دەرەوەی وەرزەكانی یاسادانانیش دەستەی سەرۆكایەتی بڕیار لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی دەدات.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:20 0:00


XS
SM
MD
LG