Accessibility links

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانیشتنەکانی دەستپێدەکاتەوە و حکومەتی هەرێمیش چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات


ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی بە دانیشتنەکانی کردەوە کە بە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دادەنرێت پاش ئەوەی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەت چەند ڕێکارێکی گرتبۆبەر. لە دانیشتنەکەدا هەر یەک لە ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئاڵان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی بەردەم پەرلەمانتاران کرابوون بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەوام لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ڕاگیرابوو. دکتۆر و مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلی و حکومییەکان و خوێندکاران بەگشتی ماوەیەکە لە چاوەڕوانی دووا بڕیار و ڕێنمایی نوێن سەبارەت بە دەستپێکردنەوە یاخود دوواخستنی خوێندن یان هەر بڕیارێکی نوێ لەوبارەیەوە کە پەیوەندی بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵەو هەبێت. خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پێشنیازە یاساییانە کران کە لە لایەن پەرلەمانتارانەوە خراونەتەڕوو و پەرلەمانتاران کۆمەڵێک پرسیاریان ئاڕاستەی هەردوو وەزیرانی پەروەردە وخوێندنی باڵا کرد و ئەوانیش کۆمەڵێک زانیاری و پێشنیاریان خستەڕوو.

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی ئەگەر کۆڤید19 دەرفەتی دا دەخوێنن و تاقیکردنەوەش دەکەن ئەگەر دەرفەتیش نەبوو ئەوا بڕیاری خویان داوە کە سیستەمی ئەلیکترۆنیە بەهیچ شێوەیەکیش خوێندنی ئەمساڵی خویندکاران نافەوتێت هەموو هەوڵێک دراوە کە خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان نەفەوتێت. ئەو گوتی تەنها شەش هەفتە خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگیراون و دۆخی خوێندن لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە گرفتەکەش ئەو شەش هەفتەیە نییە ئەوەی کە گرفتە نەتوانن قەرەبو بکەنەوە بەڵام گەر بۆ مانگی شەش ئەوان نەتوانن دەست بە خوێندن بکەنەوە ئەوا دۆخەکە خراپ دەبێت و لەوبارەیەوە چاوەڕێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەکەن.

ئاڵان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی دەرگای قوتابخانەکان تەنها بۆ تاقیکردنەوەکان دەکرێنەوە، بڕیاردراوە کە خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی پێشکەش دەکەن و قوتابخانەی ئەلیکترۆنی دانراون. گوتیشی پلاتفۆڕمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی توانراوە مەترسی لەسەر خوێندنی ئەمساڵ نەهێڵن و بە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی مامۆستا و قوتابیان قسە لەگەڵ یەکتری دەکەن و وانەکانیان پێ دەگات.

لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هەردوو وەزیرەکان ئەمڕۆ بەرچاو ڕوونیەکی زۆر باشیان دا و گفتوگۆیەکی تێروتەسەل کرا و پێشبینی دەکرێت دەرئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی گشتی لە پرۆسەی خوێندن و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە."

بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی بژێوی ژیانی خەڵک و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە، نەوت و داهات بەگشتی، ئەنجومەنی وەزیران چەندین بڕیاری گرنگی دەربارەی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا دەرکرد.

هەڵمەتی دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و چالاکی سڤیل و توێژی جیاجیا پێکهاتبوون وەک خۆیان دەڵێن لە ماوەی ڕابردوودا 34 خوپێشاندانیان لە دژی ناعەدالەتی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و جیاوازی نێوان مووچەی کاربەدەستان و فەرمانبەران ئەنجامداوە.

لەوبارەیەوە عەلی مەحمود ڕێکخەری هەڵمەتی دادپەروەری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەوان لە ساڵی 2009 داواکاریان هەبوو کە هیچ مووچەیەک لە کوردستان لە سێ ملیۆن زیاتر نەبێت و ئەگەر ئێستا ئەم هەنگاوە بنرێت هەنگاوێکی باشە لەگەڵ ویست و داخوازی پێشینەی ئەواندایە کە چەندین جار ئەو داواکاریەیان داوەتە پەرلەمان و حکومەت و لەڕاگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە، و داوا دەکەن هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بە سەرمایە گەورەکان دراوە و هەموو ئەو کونتراکتانەی لە دەرەرە و بە نایاسایی بەخشراوە لێیان وەربگیرێتەوە وکۆنتڕۆڵ بکرێت و باجی زیاتر بخرێتە سەر کۆمپانیاکان بەپێی بەرزبوونەوەی داهات و هەموو ئەوانە بگەرێتەوە بۆ سەر خەزینەی حکومەت و هاوکات لە داهاتوودا هەر کاتێک تەعینات بکرێتەوە ئەو ماڵانە بگرێتەوە کە هیچ تەعیناتێکیان نییە.

هەر لە ڕۆژی چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد لە ناویاندا کەمکردنەوەى مووچە و دەڕماڵەى خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەرێم، ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنى دادوەریی، ئەنجومەنى پارێزگا لە بوارەکانى خزمەتى شارستانى و سەربازیی، هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و ئاسایشى گشتى، ئەنجومەنى ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن و خەرجکردنى تەنیا مووچەى بنەڕەتى بۆ ئەو پلە تایبەتانەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتى بەرەو سەرەوەن هەروەها سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەرى ناحیە، کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ماوەى 30 رۆژدا لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیی چارەنووسى وەزیفەیان یەکلایى بکاتەوە. پێویستە وەزارەتى دارایى وئابوورى تەنها مووچە بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن و کەمکردنەوەى بودجەى تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانى خەرجى بگرێتەوە وەکو بوارى دابینکردنى دەرمان و پێداویستى پزیشکى و تاقیگەیی و خواردنى نەخۆشخانە، زیندانییەکان، خانەى بەساڵاچووان، نەوجەوانان ومنداڵان، شێڵتەرەکانى ژنان،پاکردنەوەى شار و شارۆچکەکان، نەخۆشخانەکان، پێداویستییەکانى ئاو و کرێى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا وچاکردنەوەى ڕێگاوبانەکان. پەیڕەوکردنى سیستمى نوێى ئۆنلاین بۆ خەرجکردنى بودجەى تەشغیلی لە پێناو برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەى رووتین و ڕاگرتنى خەرجییەکانى بودجەى وەبەرهێنان (پڕۆژەى وەزارەتەکان و پەرەپێدانى پارێزگاکان). پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەى وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێم لەلایەن ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى وئابوورى بە ئاراستەى کەمکردنەوەى بۆ نزمترین ئاست و ڕاگرتنى خەرجکردنى ڕاستەوخۆى وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتى خۆیان و پێداچوونەوە بە خەرجییەکانى خزمەتگوزاریی بوارى نەوت و گاز. ​ڕێکخستنەوەى ئەو خزمەتگوزارییانەى لەلایەن کەرتى تایبەتەوە بە شێوەى گرێبەست لە دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکرێن بە جۆرێک، دەبێت داهاتى ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندى گشتى بێت و هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەى کە دراون لە ڕەسمى گومرگ و باج کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا وڕێنماییەکان و کۆنتڕۆڵکردنى دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستى رێگرى لەهەر کارێکى نایاسایى کە زیان بە داهاتى گشتى بگەیەنێت و پابەندکردنى کۆمپانیا ناوخۆییەکانى بوارى نەوت وگاز، کۆمپانیاکانى بوارى سکیوریتى و کۆمپانیاکانى بوارى پەیوەندى و ئینتەرنێت و پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون بە پێدانى باج لە چوارچێوەى یاسا وڕێنماییەکان و ڕێکخستنەوەى میکانیزم و ئەو لایەنانەی کە رسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەکان بە شێوەى گرێبەست کۆدەکەنەوە بەجۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندى گشتیدا بێت و سەپاندنى باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان و پێویستە لەسەر وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پۆڵینى سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکات کە زێدەڕۆییان لەسەر ئەنجام دراوە. سەرەڕاى پێداچوونەوەى ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى بە گرێبەست بەکرێدراون لە رووى نرخ و شێوازى گرێبەست بۆ ئەوەى وەک سامانێکى نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بکرێت و هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى بۆ ئەو پڕۆژانەى مۆڵەتى وەبەرهێنانیان پێدراوە بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە و هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە و تاپۆکردنى سەرجەم ئەو زەوییانەى کە بە شێوەى کارت تەرخانکراون بۆ هاووڵاتیان و هەروەها تاپۆکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان بە ناوى هاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخى خزمەتگوزارییى کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون و جەردکردنى سەرجەم موڵک و ماڵى حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە.

XS
SM
MD
LG