لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بێت بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، کاتێک باس دێتە سەر دیموکراسی و پرەنسیپە دیموکراسییەکان، ناتوانرێت هیچ نکوڵییەک لەو ڕاستییە بکرێت کە پەیوەندییەکی تۆکمەی هەیە بە سەروەری یاساوە.
لە سادەترین پێناسەیدا، دیموکراسی بەشداری خەڵکە لە پرۆسەی سیاسیدا و هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە.
هەڵبژاردن بە کۆڵەکەیەکی گەورە و سەرەکی دادەنرێت لە دیموکراسیدا، بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دەکرێت هەموو هەڵبژاردنێک ببێتە نمونەیەک بۆ پرۆسەی دیموکراسی؟ ئەڵبەت نمونە زۆرن لەسەر ئەم بابەتە؛ لە 30 ساڵی فەرمانڕەوایەتی حوسنی موبارەک، سەرۆکی پێشووی وڵاتی میسر، بەردەوام هەڵبژاردن کراوە، بەڵام هەر موبارەک دەبووەوە سەرۆک، یان عێراقی سەروەختی سەدام حوسەین، ئێرانی ئەوسا و ئێستا، زۆر نمونەی تریش.
دەشێت لە سیستەمی دیموکراسیدا، هەبوونی پەرلەمانێکی کارا بە گرنگ ناودێر بکرێت، ئەگەر بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەبێ هیچ گرفت و کۆسپێک بەجێبگەیەنێت بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
میوانی بەرنامە:
جەبار ئەمین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید
ئەڵبەتە لێرەدا پێویستە ئاماژەش بەوە بکرێت کاتێکیش پەرلەمان دەکرێتە بەشێک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەرکەکەی کارکردن دەبێت بۆ دەسەڵات، ئەوا ئیتر هەر هیچ نەبێت ئەو شتانەی پێشتر لە ئاوەها ڕەوشێکدا بە نیگەرانی ناودێر دەکران، دەگۆڕدرێن و دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی کۆمەڵگە.
هەرچۆنێک بێت لە پەیوەندی بە دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە، بەردەوام ئەو پرسیارە هەبووە؛ ئەگەر هەڵبژاردن ئەو گۆڕانکاریانەی دەنگدەران دەیخوازن نەهێنێتە ئاراوە، کەواتە هەڵبژاردن بۆ بکرێت؟
ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت و پەرلەمانێک دروست بکات توانای بڕیاردانی نەبێت و نەتوانێت ئەرکی چاودێریکردنی حکومەتی هەبێت، کەواتە هەڵبژاردن بۆ بکرێت؟
ئەگەر لە دوای هەڵبژاردن، پەرلەمان ببێتە دامەزراوەیەک بۆ جەخت کردنەوە لە کارە باش و خراپەکانی حکومەت و پەرلەمانتاران ببنە چاودێر بەسەر یەکترەوە و بۆسە بۆ یەکتر بنێنەوە و دژ بە پرەنسیپەکانی ئەرکی پەرلەمانتاری بوەستنەوە، ئیدی هەڵبژاردن بۆ بکرێت؟
لە هەمان کاتیشدا پرسیارگەلێکی زۆریش هەن سەبارەت بە نوێنەرانی خەڵک و کامە ڕێوشوێنە کاری لەسەر دەکەن و ئایا ئەرکە چاودێرییەکەی هەر تەنها لە بەگژدا چوونەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە؟
لە یەکەم هەڵبژاردنەوە کە لە ساڵی 1992دا کرا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پرسیار و گومانەکان زۆربوون لەسەر دیموکراسی لە هەرێمەکەدا بو ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر و زیاتر لە گومانەوە دەڕۆیشت بەرەو نیگەرانی.
ئێستا گەرمترین باس و خواس، هەڵگرتنی "پەناپارێزییە" لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان تا دادگایی بکرێن.
ئەگەرچی جەخت دەکرێتەوە لەوەی بەپێی دەستوری عێراق و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقیش، دەکرێت پارێزبەندی لە پەرلەمانتار بسەندرێتەوە، بەڵام جەخت کردنەوەیەکی زیاتریش هەیە لەوەی ئەم هەوڵە بە مەبەستی سیاسییە زیاتر و هەروەهاش ڕێگە نەدانە بە نزیکبوونەوەی ئەو دۆسێیانەی کە فەرمانڕەوایانی هەرێمی کوردستان هێڵیان بۆ کێشاوە و بە هێڵی سور ناودێری دەکەن.
لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، دنیایەک قەیران هەیە؛ قەیرانی بەڕێوەبردن، قەیرانی سیاسی، قەیرانی دارایی، قەیرانی گەندەڵی و هتد، کەچی لە پەرلەماندا باسێکی ڕژد لەم دۆسێیانە ناکرێت و هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت حکومەت بەرپرسیار نەکراوە لەو کەموکوڕی و کەمتەرخەمیانەی هەیبووە، بەڵام کاتێک پەرلەمانتارێک لێدوانێک دەدات و بە دڵی فەرمانڕەوایانی هەرێم نییە، ئیدی هەر لەناو پەرلەماندا داوا دەکرێت پەناپارێزیی لێ بسەندرێتەوە و دادگایی بکرێت.
جەبار ئەمین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی وڵاتی سوید، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە: