خانەقین ساڵانێکە سەرەرای گرژیەکانی نێوان بەغدا و هەولیر توانیوە بە ئاشتی و ئاسایش بژێت و تا رادەیەک لەم میانەدا هاوسەنگیەکان رابگرێت. خانەقین سەرەرای دراوسیەتی لەگەڵ ئێران کۆرۆنا کاری تێنەکرد، بەڵام لە رۆژانی رابوردوودا و لە دەرئەنجامی کەمتەرخەمی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بەرامبەر بەو شارە کوردستانیە، رێکخراوەی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی چەندین لە هاووڵاتیانی کوشت و دەغڵ و دانەکانیانی سووتاند.
کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێم لە جیاتی پاڕانەوە لە بەغدا بۆ مووچە و بودجە، لە جیاتی ئەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا وا دەست بەستراو و دەست لە ئەژنۆ دانیشن، لایەک لە خانەقین بکەنەوە پێش ئەوەی هاووڵاتیانی لە ترسدا شارەکە چۆڵ بکەن و بەجێ بێڵن
رۆژنامەوان ئەمیر خانەقینی کە خۆێ سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە کە رووداوەکان تێدا روویان داوە ، بە سوپاسەوە چەندین وێنەی بۆ ناردووین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابوردوودا چوار هاووڵاتی خانەقینی لە دەرئەنجامی کردەوە تیرۆریستیەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا گیانیان بەختکردوون و لە دەست داوون و لە ناوچەکانی سەر بە خانەقین دا لە نەفتخانە، قەرەتەپە، گوڵاڵە ( جەلەولا) جم و جۆڵ و چالاکیەکانی داعش چوەتە سەرەوە وە تا ئێستا نزیکەی ٧ – ٨ گوند لە خانەقین چۆڵ کراوون بە هۆێ کردەوە تیروریستیەکان هەر لە پاش ١٦ ئۆکتۆبەرەوە
کاک ئەمیر هەر وەها دەڵێت هۆکاری ئەو کارە تیرۆریستیانە بە هۆێ بۆشایی ئاسایشیە، وە لە رێگای ئەو زانیارانەی کە لە رێگای دەزگاکانی ئاسایش و حشدی شەعبی وەکو رۆژنامەوان بە دەستمان گەیشتووە داعش توانیوە شانەی تیرۆریستی نوێ لە ناوچەکەدا درووست بکات، بە تاێبەت لەو ناوچانەی پێگەی هەیە و لە دەستی حکومەت دوورن
کاک ئەمیر دەشڵێت ئەو هێزانە کە لە خانەقین جێگیر کراوون شارەزای ناوچەکە نیین و هەر وەها ژمارەیان کەمە ، لەبەر ئەوە پێویستی بە هێزێکی زۆرترە بۆ کۆنترۆڵکردنی باری ئاسایش، جگە لەوە لەم مانگانەی رابوردوودا بە هۆێ کێشە سیاسیەکان لەعێراق، هاووپەیمانان بە شێوەی پێویست ئێستا چاودێری ئاسمانی ناوچەکە ناکەن