هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی جوگرافیا ، میدیایەکی زۆرو زەوەندی هەن، هەر لە میدیای نوسراوو بینراو تا دنیایەک ماڵپەری جۆراو جۆر، بەردەوام میدیا قسە لەسەر حکومەت و کارو بارەکانی دەکات، لەم بەرنامەیەی روانگە رۆژنامەوانێک وەک خاوەنی ئەزمونی رۆژنامەوانی لە کوردستان و وەک ئەزمونی خۆی لە ئەمریکا کە چەند ساڵیکە لێرە دەژی و سەرقاڵی خوێندنی زانکۆیە لە بواری راگەیاندن، قسە لە سەر رەوشی میدیا دەکەین.
ئێستا ماڵپەڕی ئەلەکترۆنی زۆر کراونەتەوە، زۆرێک لە چاودێران و ئەم رۆژنامەوانەش باس لەوە دەکەن کە زۆربەیان بە پارەی بەرپرسەکان دەڕۆن بەڕێوە، لەو بارەیەوە لوقمان دەڵێت "ئەوەی بەرپرسی کورد دەیکات ، دەرهەق بە میدیا تەنها بۆ لێدانی یەکترییە نەوەکو پشتیوانی کاری میدیایی".
ئایا لە کوردستان دۆخی میدیا بۆ بەو دەردە چووە؟ ئایا خەتای میدیا کارانە کە نەیانتوانیوە کادری باشی میدیایی بن و بتوانن میدیا بەڕێوە ببەن؟ یاخود لەو بوارەشدا حیزبەکان میدیایان کردووەتە داردەستی خۆیان، بە رای ڕۆژنامەوان لوقمان غەفور دۆخەکە لەوە چاکتر نابێت تا حیزب واز لە میدیا نەهێنێت، دەشڵێت "میدیا هەیە لەسەر ئێران هیچ بڵاو ناکاتەوە، یان لەسەر تورکیا ، میدیا هەیە لەسەر چین تەحەفوزی هەیە".
لەم وتوێژەی بەرنامەی ڕوانگە بەراورد کاری زۆر کراوە لە نێوان کاری میدیایی لەم وڵاتە، ئەمریکاو ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیش دەگوزەرێت. هەروەها باس کردنی زۆر بابەتی دیکە سەبارەت بەو کەناڵە ئاسمانیانەش کە نەیانتوانیوە ناو و نێوبانگی خۆیان بپارێزن، بەردەوام لە داروخانی زیاتردان، وەک لە بەرەوپێش چوون، هەرچەندە داراییەکی زۆرو زەوەندیان لەبەردەستدایە.
تەوەرێکی تری بەرنامەکە،ا باس کردنی میدیای ئەهلیە، بۆچی لە کوردستان میدیای ئەهلی بەرەو نەمان چوو؟ بۆچی بەردەوام نەبوون؟ لە ئێستادا ئایا میدیای کوردی بووەتە میدیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟ لەهەمووشی سەرنج راکێشتر، ئایا میدیای نیشتیمانیمان هەیە ؟ کە بەرای لوقمان غەفوور "لە هەرێمی کوردستان میدیایەکی نیشتیمانیمان نییە".