حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی له ڕۆژانی جه‌ژنی ڕەمەزاندا بۆ ماوه‌ی 72 کاتژمێر ڕاگه‌یاندووه و له چه‌ند پارێزگایه‌کیش بڕیاردراوه ده‌رگای مزگه‌وته‌کان بۆ ئه‌نجامدانی ڕێوڕەسمە ئاینییه‌کانی جه‌ژن نه‌کرێنه‌وه، جیا له پارێزگاکانی دیکه بڕیاره له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه نوێژی جه‌ژن ئه‌نجام بدرێت و ڕۆژی هەینیش مامۆستایانی ئاینی داوایان کرد موسوڵـمانان پابەندبن بە ڕێنمایه ته‌ندروستییەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
ئارام شێخ جه‌ماڵ به‌ڕێوبه‌ری گشتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئاینی له لێدوانێکدا به ده‌نگی ئه‌مەریکای ڕاگه‌یاند نوێژی جه‌ژن نوێژێکی سوننه‌ته له ده‌قه ئاینیه‌کانی ئیسلامدا داوا له موسڵمانان ده‌که‌ێت له ماڵه‌کانیاندا ئه‌نجامی بده‌ن، ڕێنمایشیان داوە به مامۆستایان له وتاری هه‌ینیدا ڕێنمایی موسڵمانان بکه‌ن.
به‌شێک له مامۆستایانی ئاینی لە وتاری هەینییاندا به گرنگیه‌وه باسی مه‌ترسیه‌کانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کرد و داوایان له موسڵمانان کرد که جێبه‌جێ کردنی ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌کان ئه‌رکێکی ئاینییه‌وه و پێویسته هه‌موان پابەندی بن.
مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆکی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگه‌وتی عومه‌ر له هه‌ڵه‌بجه دوای کرد لە جه‌ژندا به هیچ جۆرێک ته‌وقه و یه‌کتر له ئامێز گرتن ئه‌نجام نه‌درێت.
به‌پێ دواین ئاماره‌کان له هه‌رێمی کوردستاندا 452 که‌س توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون له‌و ڕێژه‌یه‌شدا 385 که‌س باش بوونه‌ته‌وه. له ئێستاشدا 62 هاوڵاتی وه‌ک نه‌خۆشی ڤایرۆسه‌که له نهخوشخانهکاندان و تا ئێستاش 5 هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه و به شێوه‌یه‌ک چه‌ند ڕۆژێکه ئاماره‌کان بەرزتر بوونەتەوە.