هەڕەشە کردنەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر شتێکی نوێ نییە و هەموو ساڵێک بە تایبەت لەگەڵ نزیک بوونەوەی ڕۆژی قودسدا واتا دوواین هەینی مانگی ڕەمەزان، هەڕەشەکان توندتر دەبن.
ڕۆژی پێنج شەممە میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند سایتی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی وڵاتەکە هێرشی ئەنتەرنێتی کراوەتە سەریان و لەلایەن ئێرانییەکانەوە هاککراون و دروشم و هەڕەشەی دژ بە ئێسرائیل لە سەر لاپەڕەکانیان دانراوە.
هەروەها ڕێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی لە پۆسترێکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی قودسەوە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە دەڵێت "چارەسەری کۆتایی: بەرگری تا ڕاپرسی گشتی" .
بە کارهێنانی دەستەواژەی" چارەسەری کۆتایی " وەک دەستەواژەیەکی هەستیار بۆ یەهودییەکان، بوو بە هۆی کاردانەی جیاواز لە ئاستی نێودەوڵەتێشدا، چوونکە دەستەواژەکە پێشتر لە لایەن ڕابەرانی نازییەوە بۆ لە ناوبردنی یەهودییەکان بە کارهاتووە.
تەنانەت جۆسێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئورووپا، پوسترەکەی مەحکووم کردوە و دەڵێت کە ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی جیهانی.
نەتانیاهۆش سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە وەڵامی پۆسترەکەدا ڕایگەیاندووە کە ئەوەی بیەوێت هەڕەشەی لە ناوچوونی ئیسرائیل بکات، ئەوا خۆی لە ناو دەچێت.
دەوڵەتی ئیسرائیل گەرچی ئێران بە دوژمنی سەرەکی و هەڕەشەی یەکەم دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا خۆی لەوە پاراستووە گورزێکی سەربازی بەرچاو لە ئێران بوەشێنێت، هەندێک لە چاودێرەکان ڕایان وایە، هەر گورزێکی ئیسرایل لە ئێران دوور نییە بەقازانجی کۆماری ئیسلامی بشکێتەوە. هۆکاری دەست پاراستنی ئیسرائیل لە ئێران چییە، واتا هۆی چییە ئیسرائیلەکان خۆیان لە هەر روو بەرووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا لادەدەن؟
ئێران لە مێژە خولیای دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامییە بۆ دژایەتی ئیسرائیل، ئەم بەهانەیەشی بەکارهێناوە بۆ درێژکردنەوە و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی، بێئەوەی هیچ کات وێرابێتی رووبەڕووبوونەوەیەکی جدی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات، پێدەچێت ئیسرائیل تەنیا بیانوو بووبێت تا خواستی فراوانخوازیانەی خۆی لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن بە ڕونی نیشانبدات. ئەمڕۆ پەیوەندییە عەرەبییەکانی ئێران بە خراپترین دۆخدا دەڕوات، هەڵبژاردنی کازمیش لە عێراق بە گورزێک حیساب دەکرێت لە ئێران، بەم پێیانە چارەنوسی پەیوەندی ئێران بە دونیای عەرەبەوە چۆن دەبێت؟
دژایەتی و ناکۆکییەی نێوان ئیسرائیل و ئیران ، هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگی لەسیاسەتی ناوخۆدا بینیوە، لە ئێران توندرەوەکان و موحافەزەکارەکان بەکاریدەهێنن تا زیاتر جڵەوی قودرەت لەدەستی خۆیاندا بهێڵنەوە. لە ئیسرائیلیش هەمان شێوە نەتانیاهو بەردەوام بە جوڵاندنی ترس لە ئێران پێش نەیارەکانی دەکەوێت. ئایا ئەم جەنگە تەنیا بووە بە کەرەستەیەکی سیاسی بەدەست موحافەزەکاران و ڕاسترەوانی هەردوولاوە تا زیاتر لەدەسەڵاتدا بمێننەوە، بێئەوەی هیچ جەنگێک لە گۆڕێ بێت؟
بۆ تاوتوێ کردنی ئەم هەڕەشانە و وەڵامی پرسیارەکان بەفراو نووری لەگەڵ ئاگری ئیسماعیل نژاد، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری سیاسی ئەمڕۆ وتویژی کردوە.