Accessibility links

شوان داودی: زیندانیە عەرەبەکان ڕادەستی دەوڵەتی عێراق کراونەتەوە، ئەو دەوڵەتەی شەڕمانە لەسەر بودجە و پۆستەکانی لەبەغدا


ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەبەوەدەکات هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک حکومەت نەبووە، تا زۆنی سەوز و زەرد ئاگایان لەزیندانیکراوەکانی یەکتر بێت، دەڵێت" 176 زیندانیکراوەکەی کەرکوک، ڕادەستی حکومەتی عێراق کراونەتەوە، ئەو حکومەتەی شەڕمانە لەسەر بودجە و پۆستەکانی."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان داودی کادیری پێشکەوتووی یەکێتی لەکەرکوک و ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، باس لە ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان و خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان و قوڵبوونەوەی کێشەکان دەکات، ئەوەدەخاتەڕوو لە دوای مام جەلال، کورد نەیتوانیووە یەکڕیز بێت لەبەغدا، ئەوەی لەبەغدا دەگوزەرێ، ڕەنگدانەوەی ناکۆکیەکانی هەرێمە، لایەنێک دەیەوێت هەموو شتەکان قۆرخ بکات، لایەنەکانی تریش ناچنە ژێر باری سیاسەتی قۆرخکاری، ئەمەش درزی لە خیتابی یەکگرتوویی کورددا دروستکردووە.

داودی، ئاماژەی بەو شاندە حیزبیانەش کرد کە لە گەرمەی ناکۆکی نێوان لایەنە کوردیەکاندا دەچنە بەغدا، وتی"چوونی شاندی حیزبی بۆ پەیوەندی حیزبی ئاساییە، هەموو حیزبێک مافی بوونی پەیوەندی حیزبی هەیە، بەڵام مامەڵەی فەرمی حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمدایە، شاندەکانی هەرێم نوێنەری هەموو لایەنەکانی تێدایە."

سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی 176 زیندانیکراوی عەرەب لەلایەن حیزبەکەیەوە، کە جارێکی تر ناکۆکیەکانی نێوانیانی لەگەڵ پارتی تۆخکردەوە، شوان داودی، وتی"پارتی توشی قەیران بووە، دەیەوێت قەیرانەکان هەناردەی دەرەوە بکات، دەیەوێت فەزایەک دروست بکات، قەیرانەکانی خۆی بشارێتەوە، ئەوەتا لە دهۆک خۆپیشاندان دەکرێت، حیزبەکانی تری پێ تۆمەتبار دەکات."

داودی، وتیشی"کەرکوک لای پارتی بووەتە گرێ، لاهور شێخ جەنگیش بووەتە فۆبیا، نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو پرسەدا بکات، ئەگینا پارتی لەبری جارێک، چەندین جار داعشی بەرداوە، جارێک 1400 داعش، جارێک 100 داعش و جارێکی تر 200 داعشی بەرداوە، کەسیش قسەی نەکردووە."

کادیرەکەی یەکێتی، درێژەی بە قسەکانیدا و ئاماژەی بەوەکرد یەکێک لەو گرفتانەی دوای داعش دروستبووە و وەکو کورد "زمان کورد" بوون بەرامبەری، مەسەلەی شوێن بزرکراوە عەرەبەکانە لەلایەن هەرێمەوە، لەهەموو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و بەریتانیا بەردەوام دراوە بەگوێماندا، وتی" 176 تۆمەتبارەکە ئازاد نەکراون، ڕادەستی دەوڵەتی عێراق کراون، ئەو دەوڵەتەی شەڕمانە لە بودجە و پۆستەکانی لەبەغدا."

ناوبراو، وتیشی"مەترسی ئەوەیە، بەرەڵایان بکەی، بەداخەوە چەندین بەڵگە و ڤیدیۆ پێشتر بڵاوکراونەتەوە، تونێلەکانی داعش ئەو خۆراکانەیان تێدابووە، کە لەهەولێرەوە بۆیان ڕۆیشتووە، ئەمە لەهەموو کەناڵەکانی دونیا بڵاوکرایەوە، پارتی دەیەوێ بە فەوزای ئیعلامی، گرفتەکانی هەناردەی دەرەوە بکات."

سەبارەت بەوەی کە چۆن دەستگیرکراوی تیرۆر بە ڕێککەوتنی نێوان حیزب و ئیدارەی پارێزگایەک ڕادەست دەکرێنەوە، لەکاتێکدا دوو حکومەت لەسەرووی ئەو دوو لایەنەوە بوونیان هەیە، ڕاوێژکارەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، وتی" واقیعێک لەهەرێمدا هەیە، نکۆڵی لێ ناکرێت، لەوەتەی هەین، یەک حکومەتمان نەبووە، ئەوەی هەیە زۆنەکانە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، دەڵێت:نەمانزانیووە خەڵکی وا لای یەکێتی هەبێت. کە نەیزانیووە، چۆن دەڕوات ڕادەستیان دەکاتەوە."

جەختیشیکردەوە"پارتی و یەکێتی لەشەڕی داعشدا دوو سنوری جیایان هەبووە،لاێ پارتیش شت کراوە و ئێمە ئاگامان لێی نەبووە، لەکاتێکدا بەشێک بووین لەحکومەت، بۆیە واقیعەکە شتەکانی لەهەرێم فەرز کردووە."

شوان داودی، هۆکاری ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکانی لەمکاتەدا، بۆ هەنگاونانی حیزبەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و دروستکردنی متمانە لەنێوان پێکهاتەکاندا گێڕایەوە، وتی"تێر ئاگای لەبرسی نیە، ئەوان لەهەولێر دانیشتوون، ئاگایان لەکێشەی خەڵکی کەرکوک نیە."

هەندێک ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان وەکو سازش لەلایەن یەکێتیەوە لێک دەدەنەوە، بەڵام شوان داودی ئەوە ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت"سازش لەسەر چی ؟ چی ماوە تا سازشی لەسەر بکرێ؟"

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شوان داودی کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، هاتە سەر باسی سوتاندنی زەوی و زاری جوتیاران، ئاماژەی بەوەکرد بەشێک لەو کارانە، کاری داعش نیە، جۆرەها دەستی تیایە و ئامانجیان قوڵکردنەوەی کێشەکانە، لایەنی کوردی و عەرەبیش هەن، دەستیان لەمەسەلەکەدا هەیە بۆ ئاڵۆزتر کردنی دۆخەکە.

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر


XS
SM
MD
LG