ئەمینداری گشتی تەیاری نیشتیمانی عێراقی بۆ گۆڕانکاری، دۆخی عێراق بە بۆمبێکی تەوقیتکراو دەشوبهێنێت، پێیوایە ئەو بۆمبە لەهەرکاتێکدا بێت، دەتەقێتەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەدنان یاسری، ئەمینداری گشتی تەیاری نیشتیمانی عێراقی بۆ گۆڕانکاری، کە بەشێکن لە ئامادەکارانی خۆپیشاندانەکانی عێراق، دەڵێت" پێشتر خۆپیشاندەران لە گەنجانی بێ کار و دەرچووی دانەمەزراو پێکهاتبوون، فەرمانبەران کار و موچەیان هەبوو، بەشدار نەبوون، بەڵام ئەمجارە فەرمانبەرانیش بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن، بۆیە شەقامی عێراقی لە چاوەڕوانی تەقینەوەیەکی گەورەدایە."
ئەمینداری گشتی تەیاری نیشتیمانی عێراقی بۆ گۆڕانکاری، جەختیکردەوە خۆپیشاندان لە عێراق دەست پێدەکاتەوە، چونکە هیچ هەنگاوێکی گەورە نەنراوە جێی ڕەزامەندی خۆپیشاندەران بێت، وەکئەو دەڵێت"بکوژانی خۆپیشاندەران دەستگیرنەکراون، حکومەتی نوێ هیچ هەنگاوێکی بۆ چاکسازی نەناوە، بۆیە خۆپیشاندان بەشێوەی جیاوازتر دەست پێدەکاتەوە، پێشتر خۆپیشاندانەکان ناڕێکخراو بوون، سەرکردەیان نەبوو، بەڵام ئەمجارە خۆپیشاندانەکان ڕێکخراو دەبن و سەرکردایەتیشیان دەبێت، ئامانج و داواکاریەکانیشیان ڕوون دەبێت."
دەربارەی ئەو بەڵێنانەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بەخۆپیشاندەرانی داوە، عەدنان یاسری ئاماژەی بەوەکرد سەرۆک وەزیرەکانی پێشووتریش بەڵێنیاندا، بەڵام هیچیان پێنەکرا، وتی"حکومەت بەدەست سەرۆک وەزیر نیە، سەرۆک وەزیر دەسەڵاتێکی ڕەمزیە، حکومەت بەدەست ڕاوێژکار و بەرپرس نوسینگەکانەوەیە، کەسەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانن."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، یاسری ئەوەی خستەڕوو مستەفا کازمی وا نیشانیدەدات کە لەگەڵ خۆپیشاندەراندایە، بەڵام دەیەوێت
دارەکە لە ناوەڕاست دا و لەنێوان خۆپیشاندەران و حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بگرێت، وتی"حیزبە سیاسیەکان و وڵاتانی ئیقلیمیش، بواری یاریکردنی پێنادەن، ئەو هەرچەندە بانگەشەی بوونی لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکات، بەڵام میژوو و ئیشەکانی پێشووتری وا ناڵێن، پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری بووە و زانیاری دەوڵەتی لایە، مەعقول نیە، نەزانێت کێ خۆپیشاندەرانی کوشتووە."
وتیشی" نەک کازمی، تەنانەت مالیکی و عەبدولمەهدیش، دەیانگوت لەگەڵ خۆپیشاندەرانداین، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان لەگەڵ بەرژەوەندیدان."
بەبڕوای ئەمینداری گشتی تەیاری نیشتیمانی عێراقی بۆ گۆڕانکاری، عێراق بەرەو پشێوی دەڕوات، چەکدارە میلیشیاکانی سەربە حەشدی شەعبی لەنێو شەقامەکاندا بوونیان هەیە، دەڵێت" مەگەر خودا دۆخەکە بگۆڕێ، ئەگینا عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک دەڕوات، گەر گەل و سیاسیەکان دەست نەخەنە ناو دەستی یەک،وڵات بەرەو دابەش بوونێکی سەخت هەنگاو دەنێت."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، عەدنان یاسری ئەمینداری گشتی تەیاری نیشتیمانی عێراقی بۆ گۆڕانکاری، پێیوایە وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ئیقلیمی بەردەوام دەبن لەدەستوەردان لەکاروباری عێراق، چونکە ئەوان عێراقێکی بەهێزیان ناوێت، دەڵێت" بەهێزبوونی عێراق لەبەرژەوەندی کەنداو نیە، عێراق بەنیسبەت ئێرانیشەوە، قوڵاییەکی ستراتیژی هەیە و هێڵی پەیوەندیەتی لەگەڵ سوریا، ئێران گەمارۆی لەسەرە، سامانی عێراق بۆ خۆی بەکاردێنێ، تورکیا و سوریاش بەرژەوەندیان لەعێراق هەیە، سوریا هیچ سەرچاوەیەکی نیە، چەند ساڵە پارەی فەرمانبەر لەکوێ دێنێ، گەر عێراق نەبێت، عێراق بۆ ئەمەریکاش گرنگە و بنکەی سەربازی تێدا داناوە."