Accessibility links

بەرپرسی ناوەندی عێراقی: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر دانوستانەکانی نێوان عێراق و هەرێم نابێت


بەڕێوەبەری پۆڵەسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، ئاماژەبەوە دەکات عێراق ئامادە نییە پشکی هەرێم لە بودجەکەی بدات، بەبێ رێککەوتن لەسەرناکۆکیە دارایی و نەوتیەکانی نێوانیان.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی عێراق و هەرێم، دەڵێت"نرخی نەوت هێندە بەرز نەبووەتەوە، هەرێم و عێراق لەو دۆخە داراییە قوتاربکات، کە دووچاری بوون، چونکە بەرز بوونەوەکە کەمە."

جەختیشیکردەوە" ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برنت 37 دۆلارە، بەڵام هەرێم بە 10 دۆلار کەمتر دەیفرۆشێت، واتە بە 27 دۆلار، بۆیە لەهەموو حاڵەتێکدا بەرزبوونەوەکە، داهاتەکانی هەرێم وا لێ ناکات کە مانگانە 300 ملیۆن دۆلار زیاتری دەست بکەوێت، ئەمە شتێک لە یەک لەسەر چواری ئەو پارە زیاترە، کە هەرێم مانگانە بۆ خەرجی و موچە پیویستیەتی."

بەبڕوای محەمەد حسێن، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کەمێک لە پارەی داهاتە نەوتیەکان زیاد دەکات، بەڵام هێشتا دوورە لەوەی کێشە داراییەکانی پێ چارەسەر بکرێت، وتی"بەرز بوونەوەی نرخی نەوت دەرئەنجامی کەمکردنەوەی بەرهەمە نەوتیەکانە لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک پڵاسەوە، کەواتە عێراق و هەرێمیش بەرهەمیان کەم کردووەتەوە، تا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕووبدات، مانگی پێشوو هەرێم ڕۆژانە نزیکەی 420 هەرزار بەرمیل نەوتی لەرێگەی جەیهانەوە هەناردە کردووە، لەکاتێکدا مانگی یەکی ئەمساڵ، کە نرخی نەوت سەرووی 65 دۆلار بوو، هەرێم ڕۆژانە بڕی 480 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە."

محەمەد حسێن، وتیشی"بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ناکاتە ئەوەی هەرێم یەک لەسەر سێ ی ئەو پارەیەی دەست بکەوێ، کە بۆ خەرجی حکومەت و موچەی موچەخۆران پێویستیەتی."

دابەزینی نرخی نەوت هێندە زیانی بە ئابووری هەرێم گەیاند، موچەی موچەخۆرانی پێ دابین نەدەکرا، بۆیە هەموو نەرمیەکی بەرامبەر بەغدا نواند. سەبارەت بەوەی بەرز بوونەوەی نرخی نەوت، تاچەند گۆڕانکاری لەهەڵوێستی هەرێم دا بەرامبەر بەغدا دروست دەکات، محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، ڕوونیکردەوە لە دوا نامەگۆڕینەوەی نێوان وەزیری دارایی عێراق و هەرێم دا بۆ ڕێککەوتن، داواکاری عێراق ڕێککەوتن بووە لەسەر کێشە نەوتی و داراییەکان لە ماوەی مانگێکدا، هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندی بۆ گفتووگۆ و دەستپێکردنی دانوستان نیشانداوە، وتی"ئەمە وەکو پێشمەرجێک بوو بۆ ناردنی بەشی هەرێم لە بودجە، واتە گەر ڕێکبکەون ئینجا عێراق بەشە بودجە دەنێرێ، بەڵام ئێستا نیوەی مانگەکە تێپەڕیووە، هێشتا دانوستان و گفتووگۆ دەستی پێنەکردووە."

محەمەد حسێن، وتیشی"دەزگای چاودێری عێراق داوایکردووە دەست بە چاودێری کردن و وردبینی کردنی حساباتە داراییەکانی هەرێم بکات، بەڵام هێشتا نە وەفدی عێراق هاتووە، نە وەفدی هەرێمیش چووە بۆ بەغدا، هەنگاوی کرداری نەنراوە، هەرچەندە هیچ لێدوانێک لەلایەن هیچ لایەکەوە دژی ڕێککەوتن نەبووە."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، ئەوەی خستەڕوو خواستی بەغدا ڕێککەوتنە لەسەر هەموو داهاتەکان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمە لە ڕێگەی سۆمۆوە، هەروەها داهاتە نەوتیەکانی هەرێمیش بە پێی یاسای عێراق بەشێکی بچێتەوە بۆ حکومەتی فیدرالی، وتی" هەرێمیش لاری نەبوونی لە دانوستان نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا بۆ قسەکردن لەسەر وردەکاریەکان دانەنیشتوون، عادەتەن گرفتیش لە وردەکاریدا دروست دەبێت، بۆیە تا گفتووگۆ دەست پێنەکەن، نازانرێ ڕێککەوتن لەسەر چی قورسە و لەسەر چی ئاسانە."

هەروەها وتیشی"بەرپرسانی هەرێم داوادەکات بەشە بودجەی هەرێم بەشێوەیەک بێت، هەم خەرجی مانگانە و ڕۆژانەی موچەخۆران و حکومەت دابین بکات، هەم بەشێک لە قەرزی کۆمپانیاکانی پێ بدرێتەوە، تائێستا عێراق ملی بە بژاردنی قەرزە دەرەکیەکانی هەرێم نەداوە، بەڵام وتوویانە ئامادەن بۆ ڕێککەوتن و گفتووگۆ."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن بەدووری زانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەرێم لەهەوڵەکانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا پاشگەز بکاتەوە، مەگەر مەرجەکانی بەغدا زۆر قورس بن، جەختیکردەوە"پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، نەوت لە ئەمساڵدا هەرچەندە بەرز ببێتەوە، نرخی لە دەوروبەری 40 دۆلاردا دەمێنێتەوە، کە ئەمە هی ئەوەنییە کێشەکانی هەرێمی پێ چارەسەر بکرێت."

محەمەد حسێن، ئاماژەی بەوەشکرد پێشتر نرخی نەوت سەرووی 65 دۆلار بووە، هەرێم بە پشت بەستن بە پشکە بودجەکەی بەغدای موچەی موچەخۆرانی پێدراوە، وتی"کەواتە هەرێم لە هیچ حاڵێکدا ناتوانێت بە تەنها پشت بە نەوتی خۆی ببەستێت بۆ ئیدارەدانی دۆخی دارایی ، بۆیە هەمیشە پێویستی بەڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا."

ناوبراو، وتیشی"گەر نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، وەکو ئەوەی بەرپرسانی هەرێم بیری لێدەکەنەوە، ڕەنگە پێگەیان لە دانوستان کردندا لەگەڵ بەغدا بەهێز بکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:42 0:00


XS
SM
MD
LG