Accessibility links

ڕێبوار تەها: بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ڕاکان جبوری ناکەین


ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی، ئاماژە بەوەدەکات ململانێی نێوخۆیی کوردی و یەکدەنگ نەبوونی کورد، وایکردووە پێکهاتەی تر داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک بکات، بەتایبەت کورد لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یەکدەنگ نەبووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، رێبوار تەها کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی‌یە، ڕەتیکردەوە حیزبەکەی لەکەرکوک بچێتە ژێر باری ئەمری واقیعەوە و مامەڵە لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت بکات، وتی"هیچکات ئامادەنین لەگەڵ ڕاکان جبوریدا مامەڵە بکەین، چونکە ڕووبەڕوو بە جۆرێک مامەڵە دەکات، لە پشتیشەوە پیلان دژی کورد و ناوچە کوردیەکان دادەڕێژێت، تۆمەتباریشە بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی."

ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاکان جبوری لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی یەوە، لەکاتێکدایە پێشتر محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەکەرکوک لەگەڵ ڕاکان جبوری دا کۆبووەتەوە، لەمەسەلەی ڕادەستکردنەوەی 176 تۆمەتبارە عەرەبەکەدا بە حکومەتی عێراق، هەماهەنگی هەبووە لەنێوانیاندا.

لەوبارەیەوە، رێبوار تەها ئاماژەی بەوەکرد هەندێکجار ناچاربوون بۆ هەندێک مەسەلە مامەڵە لەگەڵ جبوری دا بکەن، چونکە ئەوان نایانەوێت گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن، وتی"بەشداربووین لەکۆبوونەوەی پارێزگادا بۆ مەسەلەی نەخۆشی کۆرۆناش،چونکە پەیوەندی بەژیانی خەڵکەوە هەبوو، بۆیە هەندێکجار کە لەگەڵ راکان جبوری دانیشتووین، لەبەر خاتری ئەو نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە کەخۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بە دانیشتوانی کەرکوک و گۆڕەپانەکە بۆ کەس چۆڵ ناکەین."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار تەها ڕوونیکردەوە دۆخی ناوچەکێشە لەسەرەکاندا لەدۆخێکی خراپدایە، جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمری واقیع و خۆسەپاندن بەسەر پێکهاتەی کورد بەردەوامە، نەبوونی خیتابی یەکگرتوویی کورد بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، دۆخەکەی لەبەرژەوەندی نەیارانی کورد شکاندووەتەوە، وتی"بەڵام ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد لەکەرکوک و دیالە، ڕۆژانە پیلان و هەوڵی شۆڤێنیانەمان پوچەڵ کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبین، هەر پیلانێک لە ناوچە کێشەلەسەرەکان یاخود لەبەغداوە دابنرێ، پوچەڵی دەکەینەوە، بەڵام پێویستمان بە یەک خیتابی کوردە بۆ کۆی کێشەکان."

پەرلەمانتارەکەی عێراقی یەکێتی، جەختیکردەوە ئەو پیلانانەی دژی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان پیادە دەکرێن، لەناوخۆی عێراقەوە دادەڕێژرێن، چونکە عەرەبی هاوردە لەو ناوچانە دەسەڵاتیان زیادیکردووە و عەقڵیەتی شۆڤێنیش هەیە کە لە ئەزەلەوە دژی کورد بووە ،وتی"گەر خیتابی سیاسی کورد یەکبخەین، دەتوانین زیاتر ڕووبەڕووی پیلانەکان ببینەوە، هەرچەندە وەکو پەرلەمانتارانی کەرکوک و خانەقین، زۆرێک لەپیلانەکانمان پوچەڵکردووەتەوە، بۆ پێکانی تەواوی ئامانجەکانیش، پێویستمان بەیەکگرتووی کورد هەیە."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار تەها پەرلەمانتاری عێراق و سەرکردەی یەکێتی، ئاماژەی بەوەپیلانانە کرد، کە وەکخۆی دەڵێت پوچەڵیان کردوونەتەوە، وتی"ئەو پلانانەی پوچەڵمان کردوونەتەوە، وەکو تەعریب، سیاسەتی خۆ سەپاندن و تۆقاندنی کورد، هەوڵدان بۆ دەرکردنی کورد، دوورخستنەوەی کورد لە پۆستەکان، زۆرێک لەو هەوڵانەمان پوچەڵکردووەتەوە، پیلانیش هەبووە، ئەوان سەرکەوتوو بوون و جێبەجێیان کردووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:47 0:00


XS
SM
MD
LG