بوردومانەکانی فرۆکەکانی تورکیا لە رۆژانی پێشوودا هاوکات بوو لەگەڵ سەردانە نهێنیەکەی هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای زانیاری میتی تورکی بۆ بەغدا.
ئاخۆ هیچ پەیوەندیەک لە نێوان ئەو سەردانە و بوردومانەکاندا هەیە؟
ئەم هێڕشانە تا چەند بە ووردی ئەنجام دەدەرێن؟ ئایا ئامانجەکانیان دەپێکن، یان هەڕەکەمی ناوچەکە بۆمباران دەکەن و شەڕێکی رەوانیە دژ بە گەلی کورد؟
ئاخۆ کاردانەوەی حکومەتی هەرێم، بەغدا وە یاخود پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیەک بوە؟
کەسانێکی زۆر دەپرسن چما وڵاتیانی هەرێم لە بەرامبەر ئەو پێشیلیانەی سوپای تورکیا بێدەنگن؟
لە سەردەمی رژێمی پێشوودا عێراق لەگەڵ تورکیا رێکەوتنی ئاسایشی هەبوو، بەڵام ئاخۆ لە سەردەمی گوایە عێراقی نوێدا هیچ رێکەوتنێکی ئاسایشی لەگەڵ تورکیادا مۆر کراوە؟ وە چما عێراق رێکەوتنە پێشوەکانی هەڵناوەشێنێتەوە؟
لوقمان حەسەن لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " بەڵی بە دڵنیای سەردانە لە ناکاو و کوتو پڕ و نهێنیەکەی سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا بۆ بەغدا وە کۆبۆنەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی ئەوە بۆ خۆێ بەشێکە لەو پلانە، لەو سیناریۆیەی کە داڕێژراوە، هەڵبەت ئەگەر رێگادان و گڵۆبی سەوزی لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە وەرنەگرتبێ، تورکیا نەدەیتوانی بەو فراوانیە هێڕش بکاتە سەر باشوری کوردستان".
کاک لوقمان هەر وەها دەڵێت" ئەو بنکە و بارەگایانەی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکا هەموو دوورن لە راستیەوە بەڵکو تەنها ئامانج لە هێڕشەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکاری باشوری کوردستانە وە تۆقاندن و ترساندنی خەڵکی کوردستانە وە سەلماندنی هەیبەت و هێمەن و هیژموونی دەوڵەتی تورکیایە لە باشوری کوردستان".
کاک لوقمان دەشڵێت " تورکیا نەک ئامانجەکانی خۆێ ناپێکی لە رووێ ئەوەی زیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان بگەینی بەڵکو ئامانجەکەی لەوەدا ئەپێکی کە لە پاڵ ئەم هێڕشانەدا هێزی زەمینی زیاتر بهێنێتە باشوری کوردستان و لە ناوچەکانی برادۆست خەرێکی درووستکردنی بنکە و بارەگای سەربازیە هەر لە ٩٠ کانەوە دەستیپێکردووە کە بۆ خۆێ داگیر کاریەکی روون و ئاشکرایە".
کاک لوقمان لە درێژایی قسەکانیدا دەڵێت'' مەخابن حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکی نەبوە و پێچەوانەی ئەمە راستە، وە حکومەت بە بەرنامە و بە سیستمایک کاری بۆ ئەوە کردووە کە پەرلەمان هیچ رۆڵێکی نەمێنێت، تەنها پەرلەمان وەکو چەکۆشێک وابێ بە دەستیەوە هەر کاتێک ویستی بە کاری بهێنی لە دژی هێز و لایەنێکی سیاسی، لە دژی کۆمەڵگا، ئەگینا پەرلەمان تەنها دێوەخانێکە هیچ کاریگەریەکی نەماوە".