Accessibility links

پارێزگای دیالە: حکومەتی عێراق دوو دەروازە و 8 بازگەی لە حەشدی شەعبی وەرگرتەوە


حکومەتی عێراق لەهەوڵەکانی بۆ دەرهێنانی خاڵەسنوریەکان لە ژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارە شیعەکان بەردەوامە، ئەمڕۆ شەمە، دەروازەی سنوری مەنزەریەی سەربە قەزای خانەقین و دەروازەی مەندەلی لە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی دەرهێنران و بە هێزەکانی وەڵام دانەوەی خێرا سپێردران.

بۆ دەرهێنانی ئەو دوو خاڵە سنوریە لە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی، حکومەتی عێراق هێزێکی زۆری ڕەوانەی ناوچەکە کردبوو، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، خۆشی سەردانی دەروازە سنوریەکانی کرد.

رێبوار هادی سەرۆکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە کاتی شەڕی داعشەوە تا ئێستا، دەروازە سنوریەکان لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت دا نەبوون، بەڵکو لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکاندا بوون."

وتیشی"حکومەتی عێراق هەوڵێکی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو دەروازانە دەستپێکردووە، ئومێد دەکەین هەوڵەکانی سەرکەوتوو بێت."

بەپێی بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکانی مەنزەریە و مەندەلی، لە ڕێگەی نێوان خانەقین و مەندەلیش، هەشت بازگەی حەشدی شەعبی لابراون، کە شۆفێری بارهەڵگر سکاڵایان کردبوو، بەوەی لەکاتێکدا پارەی گومرگیان لێوەردەگیرێت، کەچی لەو هەشت بازگەیەش پارەیان لێدەسەنرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەنزەریە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"حەشدی شەعبی لەناوچەکانی باشوری عێراق لاواز بوون، بەڵام لەپارێزگای دیالە هێشتا بەهێزن، بۆیە حکومەت پلانی کۆنترۆڵکردنی دیالەشی هەیە."

لای خۆشیەوە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەکاتی سەردانەکەی ئەمڕۆ شەمەیدا بۆ پارێزگای دیالە، ڕایگەیاند"چیتر ناهێڵین موڵک و ماڵی گشتی لەم دەروازانەوە بدزرێت، هێزە ئەمنیەکان فەرمانیان پێ یە، تەقە لەو کەسانە بکەن کە پێشێلکاری دەکەن."

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوریەکان، بەهەوڵێک بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی گروپە چەکدارەکان و لاوازکردنیان لێکدەدرێتەوە.

رێبوار هادی، وتی"ئەو دەروازانە سەرچاوەی داهات بوون بۆ گروپە چەکدارەکان."

هەرچەندە حکومەتی عێراق هەنگاوە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنوریەکان بەردەوامە، بەڵام هێشتا حەشدی شەعبی کاردانەوەی گەورەی نەنواندووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:48 0:00


XS
SM
MD
LG