Accessibility links

زیاد جه‌بار: له‌ قوباد تاڵه‌بانی و وه‌زیری دارایی-م پرسی وتیان حكومه‌ت پاره‌ی پێویستی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بۆ پێدانی مووچه‌ له‌پێش جه‌ژن


زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ‌
زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ‌

زیاد جه‌بار سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری دارایی و ئابوری له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هاوكات سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌ ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت و بتوانرێت چاكسازی له‌ سه‌رچاوه‌كانی داهاتدا بكرێت چاكسازی له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان داهاتی ناوخۆ و باج و ڕسومات و فرۆشتنی نه‌وت كه‌ له‌ هه‌مووی گرنگتره‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان بكات من دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت هه‌موو مانگێك له‌كاتی خۆیدا موچه‌ بدات، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، ده‌بێت موچه‌خۆران چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بنكه‌ی پاره‌ هاته‌ به‌رده‌ستی موچه‌ بدات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ كاتی دابه‌ش كردنی مووچه‌ له‌ ڕۆژ و مانگ و شتدا نه‌ماوه‌ ده‌شڵێت" له‌ كاك قوباد تاڵه‌بانی و وه‌زیری دارایی-م پرسیووه‌ ،هه‌موو وه‌ڵامه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی پێویستی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بۆ مووچه‌ پێش جه‌ژن."

"به‌پێی زانیارییه‌كانی من و به‌دواداچونه‌كانم له‌پێش جه‌ژندا حكومه‌ت ناتوانێت موچه‌ دابه‌ش بكات "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری دارایی و ئابوری له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وتی" به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ قه‌یرانی دارایی كاری له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ له‌و ماوه‌یه‌شدا بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هه‌موو موچه‌خۆرانی هه‌رێم هه‌بێت به‌وه‌ی كه‌ موچه‌ نه‌درێت به‌داخه‌وه‌ ئه‌و موچه‌یه‌ی ڕابردوو كه‌ له‌ ‌79% ته‌مویلی موچه‌ داموده‌زگای حكومه‌ت كرابوو، موچه‌ی مانگی شوبات بوو، ماوه‌یه‌كی زۆری پێچوو تاوه‌كو ئه‌و موچه‌یه‌ درا، به‌و لێبڕینه‌شه‌وه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت باسی موچه‌ی مانگی 3ی 2020 ده‌كرێت به‌پێی زانیارییه‌كانی من و به‌دواداچونه‌كانم له‌پێش جه‌ژندا حكومه‌ت ناتوانێت ئه‌و موچه‌یه‌ دابه‌ش بكات ئه‌ویش به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت پاره‌ی پێویستی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ دابینكردنی موچه‌، بیانوه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا نرخی نه‌وت دابه‌زیووه‌ داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش دووبه‌شه‌ به‌شێكی بریتییه‌ له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان و به‌شێكی تریشی بریتییه‌ له‌ داهاتی ناوخۆ كه‌ئه‌ویش شتێكی زۆر كه‌مه‌."

" تا ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتنێك "

زیاد جه‌بار كه‌ له‌هه‌مانكاتدا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان-یشه‌ ئه‌وه‌شی وت" تا ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتنێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان یان شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ڕابردوودا به‌ چه‌ند قۆناغێك هاتووه‌ و ئێستا هیچ شتێك له‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ حكومه‌ت بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ناتوانێت پاره‌ی موچه‌ به‌م نزیكانه‌ دابین بكات."

" له‌كاتی قه‌یراندا حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها بیرۆكه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ په‌نا به‌رن بۆ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ و بڕینی قوتی ژیانی فه‌رمانبه‌ران"

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ چه‌ندجار ئه‌وه‌مان دوپات كردۆته‌وه‌ كه‌ كاتێك قه‌یرانی دارایی ڕوو له‌م هه‌رێمه‌ ده‌كات له‌ڕابردووشدا ته‌نها بیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ په‌نایان برد بۆ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ و بڕینی قوتی ژیانی فه‌رمانبه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌بوایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌تی له‌ ساڵ و نیوی ڕابردوودا كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕ بوو به‌شێك له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ 453 ملیار دینار له‌ به‌غداده‌وه‌ ده‌هات، نزیكه‌ی 15-16ی مانگ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و قه‌یرانی دارایی به‌ره‌و نه‌مان ڕۆیشتبوو، ده‌بوایه‌ حكومه‌ت بیری له‌وه‌ بكردایه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ڕوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ده‌بێت به‌دیلی ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ده‌ست ببرێت بۆ بڕینی قوتی ژیانی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ی نه‌كرد."

وتیشی" له‌باتی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ڕێكاری توندبگرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت به‌ڵام په‌نا بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی موچه‌ ده‌بات، له‌ ئێستادا ئه‌مه‌ واقیعه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌نا بۆ ئه‌مه‌ ده‌بات ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ڕابردوودا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌كانی داهات هه‌وڵی چاكسازی بدات، ئه‌و پێشنیارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌مان بووه‌ بۆ حكومه‌ت بۆ ده‌رباز بوونه‌ له‌و قه‌یرانه."

" له‌ كاك قوباد تاڵه‌بانی و وه‌زیری دارایی-م پرسیووه‌ ،هه‌موو وه‌ڵامه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی پێویستی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بۆ مووچه‌ پێش جه‌ژن"

زیاد جه‌بار ده‌شڵێت" چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ فه‌رمانبه‌ران چی بكه‌ن و چۆن ئیداره‌ی ژیانیان بده‌ن له‌م كاته‌دا كه‌ نزیكی جه‌ژنی قوربانه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌."

ئه‌ی له‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تت نه‌پرسیووه‌ كه‌ له‌پشكی حیزبه‌كه‌ی خۆته‌؟ سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌وه‌ڵامدا وتی" له‌ كاك قوبادم پرسیووه‌، وه‌ هه‌روه‌ها له‌ وه‌زیری دارایی-م پرسیووه‌، هه‌موو وه‌ڵامه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی پێویستی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بۆ مووچه‌ له‌پێش جه‌ژندا."

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" من سه‌رۆكی لیژنه‌ی داراییم له‌و مه‌جاله‌ی خۆمداده‌توانم وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌ . من ته‌نها قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ فرۆشی نه‌وت ده‌درێت به‌ وه‌زاره‌تی دارایی ، ده‌چێته‌سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌تی دارایی ته‌نها ئاگاداری ئه‌وه‌یانم، ئه‌ویش له‌ سێ مانگی ڕابردوودا پاره‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ كه‌م خراوه‌ته‌ به‌ر ده‌ستی ، له‌ مانگی 4، 5، 6 دا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان283 ملیار دیناریان خستۆته‌ به‌ر ده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی."

"ئاگام له‌فرۆشی نه‌وت نیه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ زیاتره‌ له‌وه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ر حسابی دارایی "

له‌وه‌ڵامی یه‌كه‌متدا ئاماژه‌ت به‌وه‌كرد، حكومه‌ت ده‌ڵێ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت موچه‌ دواده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا نرخی نه‌وت به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 45$، له‌وه‌ڵامدا زیاد جه‌بار وتی" ئاگام له‌ فرۆشی نه‌وت نییه‌، ئاگام له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ فرۆشی نه‌وت ده‌درێت به‌ وه‌زاره‌تی دارایی."

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی گومانی خۆی له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌ربڕی كه‌ له‌فرۆشی نه‌وت له‌ سێ مانگدا خراوه‌ته‌ سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و ڕایگه‌یاند" به‌قه‌ناعه‌تی خۆم نه‌خێر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نییه‌ كه‌ له‌ فرۆشی نه‌وت ده‌ستكه‌وتووه‌، زیاتره‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و ورده‌كاریانه‌ی كۆمپانیاكان بێت، له‌سه‌رچاوه‌كانی داهاتدا چه‌ند پاره‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت ، گه‌نده‌ڵی ده‌كرێت به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنی نه‌وت و ده‌رهێنانی نه‌وت و شه‌ریكاتی نه‌وت له‌مانه‌دا دنیایه‌ك پاره‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌ی به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌ له‌ شه‌ریكاتی نه‌وت تا فرۆشتن و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت-دا هه‌یه‌، دنیایه‌ك گه‌نده‌ڵی تێدایه‌ كه‌ به‌ده‌یان پرسیار له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ڕوووبه‌ڕووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌."

"ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ كاتی دابه‌ش كردنی مووچه‌ له‌ ڕۆژ و مانگ و شتدا نه‌ماوه‌ "

زیاد جه‌بار ئه‌وه‌شی وت" له‌ هه‌موو كاتێكدا ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ له‌كوێ سه‌رچاوه‌ی داهات په‌یدا ده‌كات و پاره‌ په‌یدا ده‌كات، ئه‌ركێتی موچه‌ دابین بكات كه‌ ئه‌مه‌یان نه‌كردووه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌مته‌رخه‌مه‌ و له‌ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌دا نه‌بووه‌."

"ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت و بتوانێت چاكسازی له‌ سه‌رچاوه‌كانی داهاتدا بكات چاكسازی له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان داهاتی ناوخۆ و باج و ڕسومات و فرۆشتنی نه‌وت كه‌ له‌ هه‌مووی گرنگتره‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان بكات، من دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت هه‌موو مانگێك له‌كاتی خۆیدا موچه‌ بدات، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، ده‌بێت موچه‌خۆران چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بن كه‌ی پاره‌ هاته‌ به‌رده‌ستی موچه‌ بدات، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ دابه‌ش كردنی له‌ ڕۆژ و مانگ و شتدا نه‌ماوه‌."زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وایووت"

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:37 0:00


XS
SM
MD
LG