هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆشایی ئەمنی نێوانیان بەدرێژایی 11 کم، لەسەر ڕێگەی نێوان قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای کفری سەربە ناوچەی گەرمیان پڕکردەوە، لە ئێستادا سوپای عێراق لەبەشی باشوری ڕێگەکە چەندین خاڵی سەربازی لێداوە، پێشمەرگەش لەبەشی باکور، سەرقاڵی ڕەبیە دروستکردنە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد سیاسی جێگری فەرماندەی میحوەری دووی پێشمەرگە، دەڵێت"بۆشاییەکی گەورە لەنێوان سوپا و پێشمەرگە هەبوو، گروپە توندڕەوەکان سودیان لەو بۆشاییە بۆ کاری تێکدەرانە دەبینی، بەڵام ئێستا بەڕێککەوتن سەرقاڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەین."
وتیشی"بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانی تر، بەتایبەت بازگەی کارێز بە ئاراستەی ناحیەی جەبارە و چەند جێگەیەکی تر، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کردووە، بەڵام هێشتا ڕێککەوتن نەکراوە."
بەپێی وتەی لیوا محەمەد سیاسی، ڕێککەوتنەکەی سنوری کفری و خورماتوو لەلایەن لیژنە فەرعیە مەیدانیەکانی پێشمەرگەوسوپاوە ئەنجامدراون، وتی"لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریش، جەختیان لەسەر پێکهێنانی چوار ژووری هاوبەش لەپارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، نەینەوا و سنوری هەولێر کردووەتەوە، هەروەها باسیان لە دروستکردنی بازگەی هاوبەشیش لەو ناوچانە کردووە."
بڕیاربوو هێزە عێراقیەکان لە سنوری قوڕی چای، لەنێوان کفری و خورماتوو ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنەکە هێزیان هێنا و لەو ناوچەیە جێگیربوون، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی گرژی لەگەڵ پێشمەرگەدا، بەڵام لیوا محەمەد سیاسی وتی"ئاڵۆزی دروست نەبوو بەو مانایەی وەکو دوو هێزی نامۆ بەرامبەر یەک ڕاوەستین، ئەوان لەسنوری خۆیان گەڕان و پشکنینیان ئەنجامدا، بەڵام هەندێکیشیان زیادەڕەویان کرد، ئەو هێزەی زیادەڕەویەکەی کرد، هێزێکی جیابوو، لەگەڵ ئەو هێزەی پێکەوە بۆشاییە ئەمنیەکەمان پڕکردووەتەوە."
گفتووگۆی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەناوچە کێشەلەسەرەکان بەردەوامە، ئەمەش مەترسی گەڕانەوەی پێشمەرگەی لای عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک دروستکرد، بۆیە کاردانەوەیان نواند و بەتوندی گەڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ نێو کەرکوک ڕەتکردەوە.