لە نێوەندی قەیرانە سیاسی و ئاسایشی و دارایی و تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەو هەرێمەش لە هەڵکشاندان و بەتایبەتیش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا.
ئەم دوو لایەنە کە بە دوو لایەنی سەرەکی فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستان دادەنرێن، هێندەی تەمەن و دەسەڵاتی خۆیان لەناو هەرێمی کوردستاندا، ناتەبا و ناکۆکن.
ناکۆکی و ناتەبایی پدک و ینک بە ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەن بەسەر بوارە جیاجیاکانی ژیان و پرۆسەکانی ناو هەرێمەکەوە.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا کار گەیشتە ئەو ئاستەی مەترسی بکەوێتە سەر دانیشتنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش.
بە مانایەکی تر، پەرلەمان کرا بە بەشێک لەو کێشانەی نێوانیان.
میوانی بەرنامە:
سیروان بابان، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
دەکرێت بگوترێت زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی نا هەمواری داراییدا دەژین، بازاڕ تا ئەندازەیەکی بەرچاو جوڵەی نەماوە، کەرت و دامەزراوەکانی تریش بە هەمان شێوە، بڵاوبوونەوە و زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش لەولاوە بوەستێت.
زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان، لە مێژووی نوێی کورد لە عێراقدا، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا تەبایی و یەکخستنی ماڵی کورد پێویست نەبووە، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت ئەوەیە پارتی و یەکێتی ئامادەییەکی ئەوتۆیان تیا بەدی ناکرێت بۆ سازان و بەڕێوەبردنێکی گونجاوی هەرێمەکە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی گشتی و هەنگاونانی ڕاستەقینە بە ئاڕاستەی چاکسازییەکی کۆنکریتیدا.
هەرچۆنێک بێت ئا لەم ڕەوشەدا کۆبوونەوەکانی نێوان ئەو دوو زلهێزەی کوردستان بەردەوامن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەپرسرێت، ئایا ئەو کۆبوونەوانە بەسن تا گەشبینی بۆ ئایندە لای خەڵک دروست ببێت؟
ئایا ئەوەی ڕوودەدات بەشێکە لە ململانێ ناوخۆییەکانی پارتی و یەکێتی؟
ئایا بیرکردنەوەی نوێ بۆ بوون بە ئۆپزسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ ئایا پڕۆژەیەک گەڵاڵە کراوە؟
سیروان بابان، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: