هەندێک میدیای نافەرمی سوریا و میدیاکانی تورکیا لەوانەدا ئاژانسی ئەنادۆڵ باس لەوەدەکەن هێزی سەربازی وڵاتی میسر گەیشتۆتە سوریا و لە ناوچەی ئەدلب و دەوروبەری حەلەب جێگیر بوون و لەگەڵ هێزەکانی ئێران لەو ناوچەیە جمووجۆڵیان هەیە.
عەدنان کۆچەر نوسەرو چاودێری سیاسی دەڵێت " ئەم هەواڵە تائێستا هیچ بنەمایەکی دروستی نییە، چوونکە سوپای میسر یەکێکە لەو سوپایانەی لە بەشداریکردن لە هەر شەڕێکدا بۆ بەرگری لەوڵاتەکەی خۆی، پێویستی بە ڕەزامەندی پەرلەمانە، لەڕەزامەندیی پەرلەمانیشدا دەبێت ئەو شوێنە دەستنیشان بکرێت، لەئێستاشدا پەرلەمان ڕەزامەندی داوە هێزی سەربازی میسر بەرەو ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بڕوات، هیچ ڕەزامەندیەکی فەرمی دەوڵەتی میسر نییە هێزی بۆ سوریا بڕوات".
هەروها بەرێز کۆچەر لەگفتووگۆکەیدا لەگەڵ ووریا کاڵێ بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "دابەشبوونی ململانێکە بەشێوەیەک نییە تەنها میسر و تورکیای تێدابێت، هاوپەیمانی هەریەک لە میسرو تورکیا لەلیبیا و لەسوریادا جیاوازە".
کۆچەر دەشڵێت" ئەمەریکا بەم دواییانە ڕێککەوتنی پەرەپێدانی بە کێڵگە نەوتیەکانی ڕۆژئاوا داوە، پێشبینی دەکرێت هاتنی زیاتری ئەمەریکا بێت بۆ ناوچەکە".