سەرم لەژێر درەختی پیری ئەم زەمانە
هەڵپڕوکاوە ناشارمەوە
دەزانم سەدای ئەم زەنگە تازیەدارە لە کوێوە دێ
ئا لەو وێنە شیعرییەوە دەچمە ناو بابەتی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لەفەرهەنگدا و دەیکەمە دەروازەیەک بۆ ڕۆچوونە ناو بابەتی یاخیبوون و یاخیبوون لەناو خودی یاخیبوونیشدا.
لەوەتای شیعری مەوجود سامان دەخوێنمەوە، هەمیشە ئەو هەستەم لەلا دروست دەکات کە ناخوازێت هەر تەنها وەک یاخییەکی باو، وێنە شیعرییەکانی خۆیمان بخاتە بەرچاو، بەڵکو ئەم پیاوە منەوەرە لەناو یاخیبونیشدا یاخیبوونێکی تر دەست پێدەکات، هەروەک چۆن شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە لەناو شۆڕشدا شۆڕشێکی تر دەخوڵقێنێت. یاخیبوونی مەوجود سامان لە یاخیبوون، بە هزر و دیدێکی نوێوەیە کە لێوان لێوە لە بیرکردنەوەی فەلسەفی و پڕە لە پانتاییەکانی دنیابینی بە ڕەنگێکی جیاوازەوە.
مەوجود سامان، لە دوو دنیادا دەنوسێت، دنیایەکیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ نیشتماندایە، کە دەکرێت بڵێم بۆتە قۆناغێکی تۆکمەی ئەزموونی ئەم شاعیرەمانە، دنیای دووهەمیشی ئەو تێکستە شیعریانەن کە دوور لە نیشتمان نوسیونی.
کەواتە نیشتمان لای ئەم شاعیرە یاخییەمان بەردەوام ئامادەیی هەیە و لەوساشەوە تا ئێستاش خۆشەویستی نیشتمان بۆ مەوجود سامان و عەشقی ڕەسەنی مەوجود سامان، بە هەموو یاخیبوونەکانیشیەوە هەر بەلای نیشتماندایە.
هەر بۆیەشە دەبینین ئەم شاعیرەمان، بەبێ گوێدانە وێستگەکانی کەوتن و هەڵسانەوە، درێژە بە تەمەنی نوسینی خۆی دەدات و هەموو جارێکیش لە جاری پێشوو جیاوازترە.
هاوارتانم.....لێم ناگەن
باوەڕتانم....تێم ناگەن
مەوجود سامان، یەکێکە لەو شاعیرانەی هەمیشە لەگەڕاندایە، تەنها بۆ ئەو شتانە نا کە لێی بزر بوون، هەمیشە لەگەڕاندایە بۆ دۆزینەوەی چەمکی نوێ، ڕەهەندی نوێ، ئاخاوتنی نوێ، وێنەی نوێ، ڕۆحی نوێ.... و هتد.
لای ئەم شاعیرەمان، ئەرکەکە هەر تەنها گەڕان نییە بەڵکو خوڵقاندنی ئەو پرسیارانەشن کە ڕەهەندی فەلسەفی خۆیانیان هەیە و هەموومان دەخەنە بەردەم ڕامانێکی قوڵی بیرکردنەوە و لێرەشەوە پەیامە جوانەکانی شیعرمان پێدەبەخشێت.
ژمارەیەک تەوەری گرنگ هەن لەگەڵ مەوجود ساماندا باسبکرێن، واتە هەر شیعر نییە بە تەنیا، باس لە هونەر و سینەما و شیعر و شۆڕش و سیاسەت و جیاوازی زەمەنەکانیش دەکەین.
تێبینییەکی پێویست: وێنەکان بە کامێرای هونەرمەندی فۆتۆگرافەر، ڕەوەند جەواد، گیراون.
دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا: