دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئاسان نییە، بەو پێیەی زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ تەواوکردنی خولی ئێستای پەرلەماندان و دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختن.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر مەحمود عوسمان دەڵێت" هەڵبژاردنی پێشوەخت یان پاشوەخت گرنگ نییە، گرنگ ئەنجامدانیەتی بێ تەزویر و ساختەکاری، بۆ ئەمەش دەبێت سەرژمێری ئەنجام بدرێت و لیستەکان لە ناوی زیادە و مردوو پاک بکرێنەوە."
ناوبراو وتیشی" پێش پرۆسەی هەڵبژاردن، دەبێت چەکیش لە میلیشیاکان وەربگیرێتەوە، چونکە چەک هۆکاری ساختەکاری یە لە هەڵبژاردنەکاندا."
بەبڕوای دکتۆر مەحمود عوسمان، تورکیا زۆر دەستوەردان ناکات لەکاروباری هەڵبژاردندا، بەڵام ئێرانیەکان گرفتن و هاوشێوەی لایەنە شیعیەکانی نزیکیان، لەگەڵ هەڵبژاردن دا نین، دەیانەوێت دۆخەکە وەکو ئێستا بێت، وتی"بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ کازمی ئاسان نیە، زەمینە سازی دەوێ."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئەو سیاسەتمەدارەی کورد، ڕوونیکردەوە ئەمەریکا پشتگیری کازمی دەکات و دەیەوێ سەری بخات، جەختیکردەوە"هەڵبژاردنی پێشوەخت داواکاری خۆپیشاندەران و شەقامی عێراقە، بۆیە ئەمەریکاش پشتگیری دەکات و لاری لێی نیە."
بڕیارە 20 ی ئەم مانگە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکات، یەکێک لەو تەوەرانەی لەسەردانەکەدا گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت و مشت و مڕی زۆر لەسەرە، مەسەلەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق، لەمبارەیەوە دکتۆر مەحمود وتی"بڕیاری دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا، بڕیاری پەرلەمانی عێراقە، هەرچەندە بڕیارەکە زۆر یاسایی نیە، کورد و سونەش لەگەڵی نین، بەڵام خواستەکە، خواستی ئێران و لایەنە نزیکەکانیەتی."
وتیشی"دەبێت کازمی لەنێوان بەرەی ئێران و ئەمەریکا هەوڵی ڕاگرتنی باڵانس بدات، ئەگینا توشی گرفتی گەورە دەبێت."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، هەرچەندە بەپێویستیزانی کازمی باڵانس لەنێوان وڵاتە زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکاندا ڕابگرێت و نەبێتە بەشێک لە کێشەی نێوانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جەختیکردەوە ڕاگرتنی ئەو باڵانسە و ڕازیکردنی هەموو لایەنەکان ئاسان نییە بۆ کازمی.