سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوەدەکات هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، حاڵەتیان تێپەڕاندووە و بوون بە دیاردە، دەڵێت "تورکیا لەقوڵایی ناو خاکی عێراق هێرشەکانی ئەنجام دەدات، ئەفسەری سنور شەهید دەکات، سەیرانگا و شوێنە گەشتیاریەکان بۆمباران دەکات، بۆیە ڕای گشتی عێراق بەهەموو پێکهاتەکانەوە، دژی هێرشەکانی تورکیا جوڵاوە و داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکات."
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایدەکات داوایان لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کردووە، لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەفەرمی سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکات، چونکە عێراق سەقامگیری بۆ ناگەڕێتەوە و ژیانی هاوڵاتیەکانی باش نابێت، گەر سنورەکانی لەبەردەم مەترسی و دەستوەردانی دەرەکیدا بێت.
شێرکۆ میروەیس، ڕوونیکردەوە حکومەتی عێراق تەنها کێشەی بۆمبارانکردنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا نیە، بەڵکو کێشەی ئاو و چەندین جۆر کێشەی تر لەنێوان هەردوولادا هەیە، وتی"حکومەتی عێراق دیراسەی هەڵوێست وەرگرتنی توند لەبەرامبەر تورکیا دەکات، تا هەم پیشانی تورکیا و دونیای دەرەوەشی بدات، ئەم دەستدرێژیانە تاسەر بۆ تورکیا ناچنە سەر."
سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەفدێکی باڵای تورکیا بۆ عێراق، بەهۆی هێرشی فڕۆکە تورکیەکان و کوژرانی دوو ئەفسەری پۆلیسی سنوری عێراقەوە، شێرکۆ میروەیس دەڵێت"ناکرێت تورکیا لەپێش چاوی دونیا هێرش بکاتە سەر خاکەکەت و ڕۆڵەی وڵاتەکەت شەهید بکات، کەچی پێشوازی لە وەفدیان بکەیت و قسە لەسەر بەرژەوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات بکرێت، دەبێت حکومەتی عێراق هەڵوپستی توندی هەبێت و سنور بۆ تورکیا دابنێت."
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، باسی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش بەرامبەر بە بوونی هێزەکانی پەکەکە لەناوچە سنوریەکان کرد، ئەوەی خستەڕوو تورکیا دەبێت وەکو هەنگاوی یەکەم، کێشەکانی نێوماڵی خۆی چارەسەر بکات، چونکە پەکەکە دەرئەنجامی دۆخی ئاڵۆزی تورکیایە، هەروەها پێویستە پەکەکەش پاساو نەداتە دەست تورکیاوە، بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە سنوریەکانی عێراق و بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەمشێوەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا کرد، روونیکردەوە ئەو وڵاتانەی هەستانەوەی عێراق و بوژاندنەوەی عێراق جێ بایەخیانە، لەگەڵ سەروەری و سیادەی عێراقدان، نایانەوێ عێراق بە گرفتی لابەلای سەرسنورەوە سەرقاڵ بکرێت، تا گرفتە نێوخۆییەکانی چارەسەر بکات و هەوڵی بوژاندنەوە و پێشخستنی وڵات بدات، وتی"تورکیا لەبری درێژکردنی دەستی هاوکاری بۆ عێراق، کەچی سنورەکانی ئاگرباران دەکات."